ساسان دەروێش/ هۆڵەندا
ئۆفیسی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە دوای دامەزراندنی لە 2007 و هەنگاونانی بۆ كاری ڕێكخراوی و پرسەكانی ئافرەتانی تاراوگە، وێڕای خەباتكردن بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەییمان، خاوەنی9 ئەنجومەن لە وڵاتانی جیاوازی ئەورووپا و بوونە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی ئافرەتانی تاراوگە وپێ بە پێی خەباتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەنگاوببڕن. بە بۆنەی 67 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وتەی چەند ئافرەتێك وەردەگرین. شوعلە ڕەسوڵ، كارگێڕی ئۆفسی ئەرووپای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەو بارەیەوە گوتی: بەدرێژایی مێژوو، ئافرەت ڕۆڵی بەرچاوی خۆی هاوتەریبی پیاوان گێڕاوە. ئافرەتانی بوێر و چالاك توانیویانە بەشداری لە شۆڕشەكان و بواری ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و جوتیاری و كرێكاری بكەن، بێجگە لە ئەركی دایكایەتی و ماڵداریكردن كەمتەرخەم نەبوون، لە هەمان كاتیشدا مافخوراو زوڵم لێكراویش زۆر بوون. لە نیوەی سەدەی نۆزدەوە بە هۆی هاتنە كایەی ڕێكخراوەكانی ئافرەتانەوە و چوونی ئافرەت بۆ قوتابخانە گۆڕانكاری و پێشەوەچوونی بەرچاویان بە خۆیەوە دەبینێ بە هۆی نەریتی كۆمەڵایەتی كوردەوارییەوە. لە سەرهەڵدانی سەردەمی عەولەمە و گۆڕانكارییە خێراكانی دونیا و لە دوای ڕاپەڕینی گەلی كوردستانەوە ڕێكخراوەكانی ئافرەتان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە باشتر بەرەوپێشچووی ئافرەت. ئەگەر گوزەرێ بكەین بە بوونی توانا و دەسەڵاتی ئافرەتاندا لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی كوردیدا ڕەنگدانەوەی ئەو پێشچوونە بە پڕاكتیكی بەرجەستە بووە. نیشتیمان عومەر میراو، ئەندامی ئەنجومەنی دانیماركی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەو بارەیەوە دەڵێت: هەموو وڵاتان و كۆمەڵگەكان بۆنەی جوان و مێژووییان هەیە و لە كات وساتی خۆیا یادی ئەكەنەوە. ئێمەی كوردیش زۆر یادی مێژوویی سەربڵندمان هەیە و بۆ هەتاهەتاییە سەربڵندین پێیان، یەكێك لەوانە یادی ڕۆژی یەكێتیەكەمانە، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان كە لە مێژوودا ناسڕێتەوە بۆ هەتاهەتاییە شانازی پێوە ئەكەین لەبەر ئەوەی كاتی دروستبوونی ئەم یادە مەزنترین سەركردە پشتگیری لێكردووین ئەویش باوكی ڕۆحیمان مستەفا بارزانی نەمر بوو، هەزرا ڕەحمەت لە گۆڕی بێت، هەر بەرز و شەكاوە بێت ئالا و یادی ئافرەتان. سروە عارف بەرزنجی، بەرپرسی ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەو بارەیەوە گوتی: سڵاو لە گیانی پاكی خوشكە لەیلا و هەموو شەهیدانی یەكێتیەكەمان بێت كە بە خۆیان سەروەریان بۆ ئافرەتی كورد لە مێژوودا تۆماركرد و پێیان دەڵێن كە ئێوە زیندوون و نامرن و ئێمە تەواوكاری ڕێبازە پیرۆزەكەی بارزانی نەمر و ئێوەین. بەم بۆنەیەشەوە پەیمان و بەڵێن دووبارە دەكەینەوە كە ئێمەش لە تاراوگە شان بە شانی ئێوە لە ناو كوردستان هەردەم بەردەوام بین لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی ئاواتی گەلەكەمان و ناساندنی دۆزی ڕەوای كورد بە گەلانی ڕۆژئاوا و لەهەمان كاتدا ناساندنی ڕۆڵی ئافرەتی كورد و خۆڕاگری لە خەباتی شۆڕشگێڕی نەتەوەییدا بەجیهانی دەرەوە. ساهیرە سلێمان مەلا، ئەندامی ئەنجومەنی هۆڵەندای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەمبارەیەوە گوتی: یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە سەرەتای دامەزرانیدا تا بە ئەمڕۆ، پرسی نەتەوایەتی وابەستەی بۆ نیشتیمان لە كارە بنەڕەتییەكانی بووە و گرنگی تەواوی پێداوە، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە هەناوی ژان و ئازاری ئافرەتان لە دایكبووە و هەڵگری خەمەكانیانە، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان زمانحاڵ و دەنگ و ڕوخساری سەرجەم ئافرەتانی كوردستانە. یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانیان، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان جێگەی هیوای بەشێكی زۆر لە ئافرەتانی كوردستانە ئەمیش بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەنێوان ئافرەتان و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ كەیسە جۆراوجۆرەكانی پرسی ئافرەتان و كردنەوەی خولی جۆراوجۆر و بایەخدان بە كاری دەستی ئافرەتان و بردنە پێشی پرسی ئافرەتان لە هەموو بوارەكان. ئاریان لەتیف مستەفا، بەرپرسی ئەنجومەنی شتوتگارتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ئەڵمانیا لەمبارەییەوە دەڵێ: سڵاوێكی دادوەرانە، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیەكەمان، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەسەر پێشنیاری باوكی ڕۆحیمان بارزانی نەمر لە ساڵی 1952 لەوساتەوە بڕیاریدا، ئافرەت نیوەی كۆمەڵە و یەكسانە لەگەڵ هاوشانی پیاو، بەناوی خۆم و ئەنجومەنەكەمان پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتان بە گشتی و ئافرەتانی كورد بەتایبەتی دەكەم. هیوادارم كۆڵنەدەین هەردەم لە خزمەتی خاك و وڵاتدا بین و شان بە شانی برا تێكۆشەرەكانمان ڕۆڵی گرنگ ببینین لە ئاوەدانكردنەوە و ئارامی زیاتری كوردستان و جێگەدەستی ئافرەتی كورد لە تواناسازی بەردەوام بێت بۆ ڕەنگدانەوەیان لە ئۆرگانەكانی حزب و دەستەڵات. منیرە محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سویسرای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەمبارەیەوە رایوایە: یەكێتی ئافرەتانی كوردستان تەمەنی 67 ساڵە و بێوچان و بێ لادان و دابڕان لەسەر خەباتی نەتەوەیی ومەدەنی خۆی بەردەوامە و مێژویەكی پڕ لە شانازی و سەروەری بۆ خۆی و نیشتیمان تۆماركردووە. یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، ڕێكخراوێكی مەدەنی و سەردەمی و كۆمەڵایەتی و جەماوەری و خۆڕسك ودیموكراسیە، بە پێی پرینسیبەكانی دادوەری و مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادی و یەكسانی كار و خەبات و چالاكی مەدەنی خۆی دەكات، بەردەوامیش دەبێت لە هەموو بوارەكانی مەدەنیدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئافرەتانی كورد لە هەموو بوارەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاستی وشیاری و چالاكی ڕۆشنبیری و كلتوری بۆ بەهێزكردن و بەرەوپێشچوونی ئافرەتانی كوردستان تا لە ئاستی بڕیاردان و بونیاتنان بۆ گەشەكردنی وڵات و وەگەرخستنیان لە هەموو دام و دەزگا و پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان تا ڕۆڵ و دەوری گرنگی سەرەكی خۆیان ببینن لە كاروانی پێشكەوتنی كوردستان ئەسپی خۆیان تاودەن. بوشرا كەمال عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی هۆڵەندای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەمبارەیەوە گوتی: لە یادی بەرز و پیرۆزی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و تەمەنی 67 ساڵەی، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان بە تایبەتی دایك و خێزانی شەهیدانی كوردستان دەكەم و سڵاو بۆ هەموو ئەو خانمە تێكۆشەرانەی بە درێژایی ڕێڕەوی مێژووی ئەم ڕێكخراوە كاریان كردووە و سوپاس و پێزانین بۆ هەموو هەوڵەكانیان دووپاتدەكەمەوە كە بناغەبوون بۆ ئەمڕۆ وئێمەش بەڵین و پەیمانیان پێئەدەین كە تەواوكاری هەنگاوەكانی ئەوان بین و ڕۆڵی گرنگ و مێژووی لە خەبات و تێكۆشانی ئافرەتی كورد زیاتر درەوشاوەتر بكەین. پەیمان بەرزنجی، ئەندامی ئەنجومەنی بەریتانیا یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت: دەكڕی لێرەوە سوپاسی خاتوو فەزیلە و شوعلە ڕەسول و شوكریە كاوانی و هەموو تەواوی ستافی ئۆفیسی ئەوروپا بكەم بۆ بانگهێشتكردنم بۆ یاد و بیرەوەری 67 ساڵەی یەكێتییەكەمان لە هۆڵەندا كە بە گوڵبژێرێك لە هەست و ناخی ئەوینم بۆ شیعر و هۆنینەوەم بۆ دایكی شەهید و خوشكی جگەر سووتاوی برا و باوك و پێشمەرگەی نێو سەنگەر و سەركردەی بوێر سەرۆك بارزانی و مێژووی نەپچڕاوی ئافرەتی كورد لە قۆناغەكانی بزاڤی نیشتیمانی و نەتەوەییمان وشەیان پێكردم بە جوانییەكانیان و ئاوێتەبوون بە مێژوویان لەگەڵ ئەم ڕێزگرتنەش سوپاسیان دەكەم كە خەڵاتی رێزلێنانیان لەگەڵ دەستەیەك لە خوشك و پیاوانی تێكۆشەر و خەمخۆری پرسی ئافرەت بۆ یەكسانی و دادوەری و دەستەبەركردنی مافەكان ئەو شەرەفەمان پێبەخشرا و ئەركی قورستر كردین لەخەبات و تێكۆشان سوورتر بین پیرۆزتان بێت یادی پڕشكۆیی 67 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیەكەمان.
سهرهتا چاوپێكهوتن ئافرەتانی تاراوگە یادی67 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان پیرۆز دەكەن









