راپۆرت:پهریهان عمر
حەمە شوان كەریم عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین دەڵێت: پێموایە تاڕادەییەك هەنگاومان ناوە بەرەو خۆشەویستی ژینگەو چاككردنی ژینگە، بەڵام بیرمان نەچێت هەنگاوی گەورەو كاری زۆر گەورەمان لەپێشە كە بەشێكی گرنگی بە سەرۆكایەتی حكوومەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكرێت، كە ئەمەش بودجەو سەرمایەیەكی باشی پێویستە، لەوانە دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین و چارەسەركردنی ئاوو ئاوەڕۆی شارەكان و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و دوورخستنەوەی كارگەو پڕۆژە پیشەسازیەكان لەناو شارو نزیك شوێنەكانی نیشتەجێبوون، رێكخستنەوەی تاوەرەكانی گەیاندن و چارەسەری پاشماوە پیشەسازییەكان و….هتد، ئەوەی تر كە پەیوەندی بە هۆشیاری كۆمەڵگەوە هەیە، پێویستە كاری باشتری بۆ بكرێت لە هەموو ڕوویەكەوە، ئێستا هەم وەك بەرنامەو یاساو رێنمایی پرسی ژینگە لە بابەتە گرنگەكانە، هەم وەك كرداریش دەیبینم پرسی ژینگە بەرەو پێش چووە. هەروەها حەمە شوان گوتی: پیسبوونی ژینگە بەڕەهایی مەترسییە بۆ سەر ژیان، ئەگەر خاك و ئاو و هەوامان پیس بێت تەنیا مەترسی نابێت بۆ سەر شارێك یان هەرێمێك، بەڵكو مەترسی دەبێت بۆ سەر جیهان بەگشتی و بۆ هەموو گۆی زەوی، بۆیە ئەم بابەتە پرسێكی گشتییەو پێویستی بەكاری هەماهەنگی و هەمەلایەنە هەیە، پێشنیاز دەكەم سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گرنگی زیاتر بدات بە پرسی ژینگەو چارەسەری گرفتە ژینگەییەكان و گرنگی زیاتر بدات بە دەستەی ژینگەو فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان. ئەحمەد عەلی هاووڵاتییەكی شاری هەولێرەو گوتی: پاراستنی ژینگە بەئەركی خۆم دەزانم و هەوڵیشم بۆ پاك ڕاگرتنی داوە، سەبارەت بەوەش كە ئایا پاراستنی ژینگە لە ئێستادا لەچ ئاستێكدایە؟ من پێموایە كە ئاستی سەرەتایی تێپەڕاندووە و ئێستا زۆر كەس دەزانێت كە ژینگە چیەو پاراستنی چەند گرنگە، بەڵام كە دێینە سەر ئەرزی واقیع و بەكردار بیكەین، بەداخەوە لەخوار ئاستی سەرەتاییشەوەیە بەشێوەیەك كە ئەگەر سەردانێكی ناوچە گەشتیاریەكان بكەی بۆت دەردەكەوێت ،كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كێشە لەپەروەردەبوونی ئەو تاكە لە خێزان و كۆمەڵگە. ئەحمەد عەلی گوتیشی: پیسبوونی ژینگە مەترسیە بۆ سەر ژیان بەگشتی، هەموو زانستەكانی جیهان باس لەمەترسی پیسبوونی ژینگە دەكەن هۆكاریش نەبوونی هەستی بەرپرسیارەتی بەرامبەر ژینگە و نەپاراستنیەتی لە هەموو درووستكراوەكانی دەستی مرۆڤ ، باشترین چارەسەر بۆ پاراستنی ژینگە هەبوونی سەوزایی زۆر و دوورخستنەوەی كارگە مەترسیدارەكان لەناو كۆمەڵگە بەشێوەیەك كە لەشوێنیك بێت پشتێنەیەكی سەوزایی زۆری لەدەوروبەر هەبێت. هانا هادی یەكێك لە دانیشتووانی شاری هەولێرەو دەڵێت: ژینگە واتا سەرچاوەی خۆراك و هەوا و ژیانی مرۆڤ، واتا شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستن و پارێزگاریكردنی ژینگە ئەركێكی سەرەكی و گرنگی ئێمەی ئادەمییە، ئەركە لەسەر هەموو تاكێك و هەموو تەمەنێك لە هەر قۆناغێكی جیاجیای ژیاندا، بە بڕوای من تا ڕادەیەك گرنگی بە پاراستنی ژینگە دراوە و هەوڵی بۆ دەدرێت، بەڵام. هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی پێویست و چاوەڕوانكراو، هۆكارەكەشی بۆ كەمی ئاستی ڕۆشنبیری هاوڵاتیان دەگەڕێنمەوە.
سهرهتا بهدواداچوون بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەڕین دەڵێت: پێموایە تاڕادەییەك هەنگاومان ناوە بەرەو خۆشەویستی ژینگەو...









