خهبات: كامەران حاجی ئەلیاس –
خاتوونی هونەرمەند رووپاك عەبدولقادر ماوەیەكی زۆرە لە بواری هونەری شانۆ، سینەما و درامای تەلەفزیۆنی كاردەكات رۆلێكی بەچاوی هەبووە لە پێشڤە چوونی هونەر لە شاری هەولێر، زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە لە خزمەتكردن. وەكو رێز لێنان بۆ ئەو كار و چالاكیانە ئەم دیدارەمان لەگەڵ سازدا.
❊ بۆ زیاتر ئاشنابوونتان بە خوێنەرانمان كورتەیەك لە ژیانی خۆت باس بكەیت.
لە ساڵی 1962 لە شاری هەولێر لە دایكبوومە ئامادەیی پیشەسازیم تەواوكردووە لە ساڵی 1980دامەزرام وەكو فەرمانبەر لە چاپخانەی ڕۆشبیری و لاوان لەم دواییەش بەرپرسی زنجیرەی كتێبیی مندڵان بووم ئێستاش ساڵێكە خانەنشینكراوم. سەبارەت بە ژیانی هونەریم هەر لە منداڵیەوە حەزو ئارەزووی هونەری لە ناخمدا هەبوو لە قوتابخانە بەشداری هەموو چالاكییە هونەری و وەرزشییەكانم دەكرد تا ساڵی 1976لە ئامادەیی پیشەسازی قوتابی بووم لەگەڵ هونەرمەند “زاهیر عەبدوڵا” بۆ یەكەم جار لە ئاهەنگی یەكترناسینی قوتابیان بەشداریم كرد وەك ئەكتەر لە شانۆگەری فاڵچی كاك زاهیر دەرهێنەرو ئەكتەر بوو بەڵام لە ساڵی 1982 بۆ یەكەم جار بەدیداری جەماوەری شانۆ شاد بووم بە بەشداری كردنم لە شانۆگەری لاس و خەزاڵ بەڕۆڵی دایكی لاس لە هۆڵی گەل نمایش كرا و لە ساڵی 1983 هەر ئەو شانۆگەرییە بۆ تەلەفزیۆن تۆماركرا ئەم جارەیان بە ڕۆڵی خەزاڵە شۆری مەلا نەبی یان بەشداریم كردوو دەركەوتم تا ئێستاش بەردەوامم لە كاری هونەری لە شانۆگەری و دراماو فیلم.
❊ تۆ لەشانۆی منداڵانیش كارت كردووە دەكرێت ئاماژە بەو لایەنەش بدەیت؟
- جیهانی منداڵ جیهانێكی پاك و بێگەردە چەندین كاری شانۆی منداڵانم وەكو نوسین، دەرهێنان، نواندن كردووە هەر بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ پۆلێ لە هاورێیە هونەرمەندەكان لە ساڵی2008 تیپێكی شانۆی منداڵانمان دامەزراند و مۆڵەتی یاساییمان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وەرگرت بە ناوی تیپی شانۆی منداڵان هەولێر توانیم خزمەتێكی زۆری هونەری شانۆی منداڵان بكەم بە نمایشكردنی زۆرێك لە شانۆگەری و ئۆپەرێت بۆ منداڵان.
❊ ئێستا لە كوردستان تاچەند گرنگی بەشانۆی منداڵان دەدرێت؟
بواری شانۆی منداڵان زۆر گرنگە بۆ منداڵان و لە كۆمەڵگای ئێمە لە ڕووی پەروەردە و فێركردن و ئامۆژگاری و تێكەڵ بوونی مندڵان بە هونەری شانۆ و ناساندنی هونەری شانۆ بە منداڵان بەڵام بە داخەوە هیچ گرنگی و پاڵپشتی یەك نییە بۆ پێشخستن و سەركەوتنی ئەم هونەرە كە خۆی لە خۆیدا هەوێنی بەرەو پێشەوەچوونی هونەری شانۆیە بە گشتیی بۆ ئەمەش هیوادارم هونەری شانۆ بخرێتە بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە ببێتە وانە وەك میتۆدێك بخوێندرێ هەر لە قوتابخانەی بنەڕەتی تاكو كۆلیژ وەك وانەی وەرزش و شێوەكاری و مۆسیقا.
❊ لە رووی نواندن بۆ ئەكتەر لە شانۆ، سینەما، تەلەفزیۆن چ جیاوازییەك دەبینن؟
كاركردن یاخود نواندن لەهونەری شانۆ و دراما و فیلم هەریەك شێوازی كاركردن تیایدا جیاوازە و ماندووبوونی خۆی هەیە، بەڵام كاركردن لە شانۆ ئەركی قورسترە بۆ ئەكتەر، بەڵام خۆشترە چونكە راستەوخۆ و بەرامبەر بەڕوح و جەستە و نواندن لە گەڵ جەماوەردا دەبیت پەیامەكەت دەگەینی، بێگومان نواندن هونەرەكانیش هەمووی جوانن و ئەرك و پەیامی خۆی هەیە.
❊ هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان شانۆكاران چۆن دەبینی؟
شانۆكاران هەمیشە و بەردەوام هونەرەكەیان خۆشویستووە و هەمیشە هەوڵدەدەن كاری جوانتر و جوانتر پێشكەش بكەن لەڕێگەی هاوكاریكردنی یەكتر لە كاتی بوونی كارێكی هونەری بەڵام هەندێ جار ڕەخنە گرتن بەتایبەتی رەخنەی روخێنەر و بێبنەما لە یەكتر دەبێتە هۆی دڵ شكانی شانۆكاران لە یەكتر ئەویش بەهۆی ئەوەی هەندێ جار ڕەخنەكە لە جێ ی خۆی نییە یانیش رەخنە هەڵناگرین ئەگەر رەخنەی بونیادنەریش بێت هەرچەندە ڕەخنەگرتنی بونیادنەرانە بۆ سەركەوتن و جوانتر كردن و بەرەوپێشەوە چونی هونەرمەند و كارەكەیە.
❊ پێت وایە شانۆی كوردی لە قەیران دایە ئەگەر لە قەیران دایە هۆكارەكەی بۆچی دەگەرێتەوە؟
بەڵێ شانۆی كوردی لە قەیرانە هۆكاریش زۆرن وەكو نەبوونی سیناریۆیتێكستی خۆماڵی و نەبوونی هۆڵ و نەبوونی جەماوەرو نەبوونی هاوكاری مادی هەروا كەم بوونی توانای هونەرمەند بۆ بەشداری كردن لەكاری شانۆیی بە هۆی خراپی بارو دۆخی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە كاریگەری لە سەر دەروون و بارودۆخی خودی هونەرمەند خۆی.
❊ چ پرۆژیەكی نوێت هەیە؟
بەداخەوە هیچ پڕۆژەی نوێمان نییە چونكە هەموو پڕۆژەكان وەستایە بەهۆی قەیرانی دارایی.










