سوورە مەرگەیی
هەموو وڵاتانی جیهان خاوەنی ناسنامەی سیاسی و یاسایی بە دەوڵتبوونی خۆیانن و بە لەدەستدانی ئەو ناسنانەیەش بنەما و مەرجەكانی بە دەوڵەتبوون لەدەست دەدەن، عێراق وەك دەوڵەت زۆرێك لەو بنەمایانەی لەدەست داوە، لەم باسەدا تیشك دەخەینە سەر بەشێك لەو بنەما گرنگانەی كە بە دەوڵەتبوونی عێراقیان خستۆتە ژێر گومان و كۆمەڵێك پرسیاری سیاسی و یاسایی.
1-بوونی دەستوور و پابەندبوون پێیەوە:ـ راستە عێراق خاوەنی دەستوورێكە و ئەو دەستوورەش لەلایەن خەڵكی عێراقەوە دەنگی پێدراوە، ئەگەر ئەو دەستوورە وەك گرنگترین بنەمای بە دەوڵەتبوون كاری پێكرابا و حزب و لایەنەكان سیاسیەكان پێوەی پابەند بوونایە، عێراق تووشی ئەو فەوزا سیاسییە نەدەبوو كە ئێستا پێوەی دەناڵێنێ، بەڵام ئەو دەستوورە هەر لە سەرەتاوە كەوتە ژێر كاریگەری هێز و حوكمی میلیشیا و فتوای مەرجەع و كاری پێ نەكرا، ئەوەی ئێستا لە عێراق جێی دەستووری گرتۆتەوە بوونی هێز و حوكمی میلیشیا و لە سەرووی ئەوانەشەوە فتوای مەرجەعە، لە كاتێكدا عێراق فرە نەتەوە و فرە دین و فرە مەزهەبیشە، بۆیە فتوای مەرجەع نەك كێشەكان چارەسەر ناكات، بەڵكو كێشەكان ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەكا و هەوڵەكانی چارەسەریش لەبەین دەبات، چونكە فتوای مەرجەع لە دیدگای یەك مەزهەبەوە بۆ كێشەكان دەڕوانێ و كێشەكانیش جیا لەوەی سیاسین، كێشەی خۆ سەپاندنی تاك مەزهەبی و تاك نەتەوەیین بەسەر دین و نەتەوە و مەزهەبەكانی تردا.
2- سنوور و پاراستنی ئەو سنوورانە:ـ عێراق وەك هەر دەوڵەتێكی تر خاوەنی سنووری سیاسی خۆیەتی و بەو سنوورەش لە وڵاتانی تر جیا دەكرێتەوە، بەڵام وەك دەبینین عێراق بۆتە مەیدانی تەراتێنی ئەم وڵات و ئەو وڵات و بێ رەزامەندی عێراق سنوورەكانی دەبەزێنرێن و پێشێل دەكرێن. -3 سەروەری سیاسی و یاسایی:ـ دیارە هەموو وڵاتانی جیهان خاوەنی سەروەری سیاسی و یاسایی خۆیانن و ئەركی ئەو وڵاتەشە ئەو سەروەریە لە دەستوەردانی دەرەكی بپارێزێ، بەڵام عێراق ئەو سەروەریەی لەدەست داوە و لە چەندین لاوە دەستوەردان لە عێراقدا دەكرێ و بە ئاشكرا و نهێنی وڵاتان هێزیان لە عێراق هەیە، ئەو وڵاتانەش كە هێزیان لە عێراق هەیە عێراقیان كردۆتە گۆڕەپانی بەریەككەوتن و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان، ئەوە جگە لە دەستوەردانی سیاسی وڵاتان.
رووداوەكانی ناوخۆشی ناسنامەی دەوڵەتبوونی عێراقیان خستۆتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، ئەوەی ئێستا عێراقی وەك دەوڵەت هێشتۆتەوە بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییە، ئەگەرنا عێراق وەك دەوڵەت ناسنامەی دەوڵەتبوونی ون كردووە، بوونی ئەو بەرژەوەندیانەش ئەوەندەی تر عێراق بەرەو كاول بوون دەبەن و خەڵكی عێراق تووشی سەرگەردانی و ماڵ وێرانی زیاتر دەكەن، كوردیش وەك پێكهاتەیەكی ناو عێراق لە سەرەتای درووست بوونی دەوڵەتی عێراق باجی كوردبوونی داوە، ئەگەر كوردانە و دوور لە بەرژەوەندی حزبی و تاكە كەسی بۆ داهاتووی عێراق و ئەگەری دابەش بوونی نەڕوانێ لە پڕیشكی نەهامەتیەكانی داهاتووی عێراق بێبەش نابێ، چونكە بەرككەوتنی بەرژەوەندی وڵاتان عێراق بەرەو چارەنووسێكی رەشتر لە ئێستا دەبەن، بۆیە پێویستە و دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بە ئەركی نەتەوەیی خۆیان هەستن و بە هزر و بیری كوردایەتی و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان بچنە ناو رووداوەكان.









