كاروان محەمەد سینۆ
پاش ئەوەی عادل عەبدولمەهدی دەستكێشانەوەی خۆی لە سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق كرد و رۆژی یەكشەممەی رابردوو 1ی كانوو یەكەم،پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكی نائاساییدا، دەستلەكار كێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی پەسندكرد. دەم و دەست دەرگای چەندین سیناریۆی جودا جودا بەرووی عێراقدا كرانەوە كە ئەستەمە هێچێك لەم سیناریۆ جیاوازانە پێشبینی بكرێن، لە كاتێكدا شەقامی عێراق (بەغدا و باشووری عێراق) لە كەلەژانێكی بەردەوامی خۆپێشاندان و ناڕەزاییدایە بەرامبەر هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی دەسەڵاتی عێراق كە ئێستا لە حوكمڕانیدان و داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرسێكیان دەكات و دەخوازێ سیستمێكی سەرتاپای نوێی حوكمڕانی پێك بهێنرێ . بۆیە ئەستەمە پەرلەمان یاخود سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بتوانێ لە ئایندەیەكی نزیكدا بە ئاسایی حكوومەتێكی نوێ لە عێراق پێك بهێنێ كە ببێتە جێگای رەزامەندی هەریەكە لە ئەمریكا و ئیران بەرلەوەی ببێتە جێگای رەزامەندی شەقامی عێراق كە ئەوان دەخوازن خودی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێ و حكوومەتێكی نوێ پێك بهێنرێ دوور لەو حزب و ئەو بەرپرس و سیاسیانەی كە هەرلە ساڵی 2003وە تاكو ئێستا ڕانیەری پڕوسەی شكستخواردووی عێراق بوون. بەم شێوەیە عێراق خزاوەتە نێو تونێلێكی تاریك كە دەرچەی لێ بەدی ناكرێ و ئێستاكە لە بەردەم قەیرانێكی گەورەدایە كە چارەسەر ناكرێ.
ئاشكرایە دوابەدوای دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دۆخی عێراق رووی لە ئاڵۆزی زیاتر و نائارامی ئارامی كردووە لە بواری سیاسی و سەربازیدا. بێگومان هەموومان دەبێنی كەوا كەلەژانی خۆپێشاندان و نارەزایی خەڵك لە بەغدا و شارەكانی باشووری عێرق رۆژ دوای رۆژ روو لە زیادبوون و خوێناوی بوونە. بۆ نموونە ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو خۆپێشاندەرانی لایەنگری لایەنەكانی حەشدی شەعبی (ئەوانەی ئیران پاڵپشتییان دەكات) خزانە نێو خۆپێشاندەران و ئاڵا جۆراوجۆرەكانی حەشدی شەعبیان بەرزكردەوە، دواتر كۆمەڵێك چەكداری دەمامكدار لە دیوی (رەسافە) نزیك پردی (سنك) باڵەخانەیەكی چەند نهۆمییان داگیر كرد و لە و باڵەخانەیەوە بەرووی گۆڕەپانی (خەللانی) تەقەیانی لە خۆپێشاندەران كرد. ئەوەی تاكو ئێستا زانراوە 19كەس كوژاوە و 177كەس بریندار بووە. ئەمەش پێشهاتێكی خوێناوی نوێیە لە قەیرانی ئێستای عێراقداپاش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی. شایانی باسە لەوەتەی سەرهەڵدانی نارەزایی خەڵكی عێراق دەستی پێكرد لە 1ئۆكتۆبەر تاكو ئێستا 440كەس كوژاروە و 20هەزاركەسیش بریندار بووە. هەروەها پاش دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دۆخەكە بەئاراستەی چاوترساندنی خۆپێشاندەران گوزەردەكات و دیاردەی تیڕۆكردن و رفاندنی میدیاكا و وێنەگر و چالاكوانانی نێو خۆپێشاندانەكان بە شێوەیەكی بەرچاو رووی لە زیادبوون كردووە. بۆ نموونە رۆژی دووشەممەی رابردوو، پاش رفاندی، تەرمی كچە چالاكوانێكی خۆپێشاندەر لە نزیك ماڵەكەیان دۆزرایەوە كە تەمەنی 19ساڵ بوو، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری شوێنەواری لێدانی كارەبا بەسەر جەستەیەوە دیاربوو. هەروەها میدیاكارێكی وێنەگر بەناوی (زەید ئەل خەزرەجی) رفێنراوە و تاكو ئێستا بێ سەروشوێنە، بەهەمان شێوە رۆژانە چەندین حاڵەتی تێرۆركردن و رفاندن و هەڕەشەكردن لە بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق ئەنجام دەدرێ، بێجگە لە حاڵاتی تاڵان و دزی كردنی شەوانە و بەربڵاوبوونی بەرچاوی بارزگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان و…هتد.
دوابەدوای ئەم رووداوانە، بەتۆمەتی كوشتنی خۆپێشاندەران و پڵپشتی تیرۆر و گەندەڵی، رۆژی هەینی ئەمریكا سزای خستە سەر سێ بەرپرس هەریەكە لە (قەیس ئەل خەزعەلی) و براكەی (لەیس ئەل خەزعەلی) و (حسێن عەزیز ئەل لامی) كە هەرسێكیان بەرپرسن لە میلیشیای (عەسائب ئەهل ئەلحەق) لە نێو حەشدی شەعبیدا كە ئیران پاڵپشتییان دەكات، هەروەها سزایان خستە سەر بازرگانی بەناوبانگی عێراق (خەمیس ئەل خەنجەر) بەرپرسی رێكخراوی سیاسی (ئەل محوەر ئەل عەربی)، هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاند كە ئەمانە باجێكی گەورەی كردەوەكانیان دەدەن.
لەسەر ئاستی سەربازیش، ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم قەیرانێكی گەورەدایە و باجی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئیران دەدات. هەر رۆژی پێنج شەممەی رابردوو دوو مووشەك لە جۆری (مۆرتەر) ئاراستەی بنكەی فڕۆكەوانی (ئەل بەلەد)كرا كە هێزی سەربازی ئەمریكا تێیدا جێگیرە، بێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بكەوێ. دەربارەی ئەم هێڕشە بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن ئێمە چاوەڕوانی زانیاری زیاتر دەكەین، بەڵام پەنجەی تۆمەتی ئەم مووشەك بارانە ئاراستەی ئێران دەكەن. شایانی باسە رۆژی سێشەمەی رابردووش پێنج مووشەك ئاراستیە بنكەی سەربازی (عەین ئەل ئەسد) كرابوو لە پارێزگای ئەنبار كە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا جێگیرە.
بۆیە بە شێنەیی دەڵێم.. بەم شێوەیە سەرەرای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهیدی لە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق، بەڵام دەبینین كە رۆژ دوای رۆژ دۆخی ئەمنی و سەربازی و گوزەرانی خەڵكی عێراق روو لە داڕمان و نائارامی و شڵەژانە. كەواتە سەرەڕای بوونی گەندەڵی و پاشاگەردانی لە عێرادا، بەڵام كێشەی سەرەكی عێراق لە حكوومەت و حوكمڕانی و عادل عەبدولمەهدی و فڵان و فڵان نییە، بەڵكو ئەمڕۆ عێراق لە بەردەم قەیرانێكی گەورەدایە كە هۆكار و ئەگەر و چارەسەریەكەی لە دەستی خۆیدانییە. بەڵكو (خۆشیمانبێ ترشیمانبێ) ئەمڕۆ عێراق بۆتە مەیدانی ململانێی نێوان ئەمركیا و ئێران، ئەمە واقعێكە و دەبێ حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە كوردیشەوە دان بەم واقعە بنێن و هەنگاو و سیاسەت و ستراتیجیای خۆیان لەسەر ئەم واقیعە بونیاد بنێن و هەوڵ بدەن بە كەمترین خوێن و زیان لەم ململانێی نێوان ئەمریكا و ئیران دەربچن. ئینجا دواتر دەستبكەن بە چاكسازی و هەمواری دەستوور و هەڵبژاردن و دیاریكردنی بەرپرسانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.









