شێركۆ حەبیب
سەرەتای كاركردنی هەر حكوومەتێك یا هەر كارێك لەسەرەتاوە روونە یان سەركەتوو دەبێت یا شكست دێنێت، هەر بۆیە سەد رۆژی یەكەمیان وەك پێوەرێك داناوە بۆ نیشاندانی سەركەوتن و توانای حكوومەت لەسەر كاركردن بەشێوەیەكی دروست و زاڵبوون بەسەر تەگەرەكان و هەروەها نیشاندانی پلان و رێچكەی ئەو حكوومەتە، وەك كورد گوتەنی: مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە. لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی رێزدار مەسرور بارزانی، لە ماوەی سەد رۆژی یەكەمدا هێڵە گشتییەكان دیاریكران، كە لە هەموویان گرنگتر جەنگی دژ بە گەندەڵی، بێگومان ئەركێكی سەختە، بەڵام سووربوونی سەرۆكی حكوومەت لەو ئەركەدا متمانە زیاتر بە هاووڵاتییان دەبەخشێت، كە دەبێ كۆتایی بەو دیادرە ناسرووشتییە بێت، بێگومان زاڵبوون بەسەر گەندەڵی رێگا بۆ زۆركاری چاكسازی ئاسان دەكات، كە سەرۆكی حكوومەت لە وتاری سەد رۆژەی دەستبەكاربوونی پێشكەشی هاووڵاتییانی كرد، هەڵبەتە بڕیارێكی لەو جۆرە یان هەر بڕیارێك بەشەو و رۆژێك نایەتەدی، هەروەها بێ هاوكاری هاووڵاتییان بۆ چاكسازیی لە گشت بوارەكاندا ئەستمە، گەندەڵی رێگرە لە پێشكەوتنی سەرجەم بوارەكان، بۆیە گرنگە سەرەتا گەندەڵی بنبڕ بكرێت، ئەوسا چاكسازی لە سەرجەم بوارەكان بكرێت، هەر لە نەهێشتنی بن دیوار و پلەی سەربازی و مەدەنی كە بەبێ هیچ بنەمایەكی یاسای تەخش و پەخشان كراوە، هەروەها پێویستە لێكۆڵینەوە لەسەروەت و سامانی كەسانێك بكرێت كە بە مووچەی فەرمانبەرایەتی مەحاڵە ئەو سەروەتە كۆبكرێتەوە، لە باڵەخانە و. هتد، هەروەها دۆزینەوەی هەلیكار و دامەزراندن دابین بكرێت، جگە لەوەش ئەوەی پێویستە بایەخی زیاتری پێبدرێت كەرتی كارەبا و دابینكردنی بۆ هاووڵاتییان بەشێوەیەكی رێكوپێك، هەروەها دەبێت سزادانی خێرای هاتوچۆ و پابەندنەبوون بە یاساكانی هاتوچۆ بەرزبكرێتەوە، ئەوەندی كارەساتی رووداو رووی داوە، بەو هۆیەوە گیان لە دەست دراوە، مەگەر لە بەرەكانی جەنگ رووی دابێت، لە هەمان كات دەبێت حكوومەت بایەخ بدات، بە چاككردنەوەی رێگاوبان.
بێگومان لە ماوەی سەد رۆژی رابردوو كارەكانی حكوومەت ئەوەی سەلماند كە لەسەر رێچگەیەكی پتەو و دروست كارەكان ئەنجام دەدرێن و سووربوونی سەرۆكی حكوومەت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت كە هەر لە سەرەتاوە بەڵێنی دا دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتییان نەهێشت، هەڵبەتە دەبێت ئەوەش بڵێین ئەگەری هەندێ لایەنی ئەم لاو ئەولا ببنە بەربەست لە ئەنجامدانی كارەكان، بەڵام هەموو ئاواتەكانیان زیندەبەچاڵ دەكرێت، چونكە بەرژەوەندی میللەت لە سەرووی سەرجەم بەرژەوەندییەكانە و لە ماوەی سەد رۆژی رابردوو هەروەك پەندێكی ئینگلیزی هەیە كە دەڵێت: دەنگی كردەوەكان بەرزترە لە دەنگی وشەكان. مانەی كاركردن بە كردەوە دەسەلمێندرێت، نەك بە گوتنی دروشمی بریقەدار و لە ماوەی سەد رۆژی رابردوودا كارەكان ئەنجام دران و بە بێدەنگی.









