شێخ ستار عەواڵانی
دوای ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات، جەنابی كاك مەسرور بارزانی لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا سوێندی یاسایی خوارد، هەر دوای ئەوەش وەك لە كارنامەی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا دیاری كرابوو جەنابی كاك مەسرور كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی خوێندەوە.
بەڕای من كارنامەیەكی گشتگیر و پەیوەندیدار بە هەموو جومگەكانی كاری حوكمڕانی و خستنەڕووی تەواوی كار و بەرنامەكان و دیاریكردنی نەخشەڕێگەی راست و دروست، زۆر بەڕاشكاوانە و بەشێوەیەكی قۆناغبەندی لەو نەخشەڕێگەیەدا بەدی دەكرا و ئاماژەیەكی ڕوون دیار بوو بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان، لەلایەكی ترەوە، ئەوەی من بەدیمكرد كە نەخشەڕێگەكە حەتمییە و جێبەجێكردنیشی مەحاڵ نییە، لە هەمووی گرنگتر بەلای منەوە بەدواداچوونی ئەو كارنامەیەی وەك سەرەتای دەسپێك و ئێستاش دوای تێپەڕبوونی100 رۆژ لە پێكهانی حكوومەت، ئەوەبوو لە وتارەكەی ڕێزدار كاك مەسرور زۆر بەڕوونی بۆمان دەركەوت و بەرچاوڕوونی پێداین ئەو هەنگاوانەی حكوومەت ناویەتی، گەیشتوون بە كوێ و لەچی ئاستێكدان، ئەم وردەكاری و بەدواداچوونەی بۆ تەواوی كاروبارەكان لە ماوەی ئەم سەد رۆژەدا جێ بایەخن و بوونەتە مایەی دڵخۆشی بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان، هیوابەخشن بۆ ئایندەی وڵاتەكەمان.









