خەبات ڕۆشنا عەلی
قەیرانی دارایی هاوكاری كەسانێكی خێرخوازی بۆ بوارە جیاوازەكان كردە ڕاستی و زەرورەتی سەردەم ، جا لەهەر بوارێك لە بوارەكان ئەم كەسانەی دۆزییەوە یەكێكیش لەو كەسانەی كەلەناو خەڵك بەهاوكاری بواری پەروەردە ناسراوە (عەبدولواحید برادۆستی)ە كەلەساڵی 1980 لە دایكبووەو وەك خۆی ئاماژەی پێدا خاوەنی دوو كارگەی پاككردنەوەیە ، ناوبراو ماوەی چەند ساڵێكە هاوكاری قوتابخانەكان دەكات لە دابینكردنی پێداویستییەكانی قوتابخانەكان و دابەشكردنی سوتەمەنی بە تانكەر بەسەر قوتابخانەكانی سنوری ناحیەی كەسنەزان و سیدەكان بە جۆرێك هیچ قوتابخانەیەك لەو سنورانە بێبەش ناكات لاپەڕەی پەروەردە بە پێویستی زانی دیمانەیەك لەگەڵ ناوبراو ڕێكبخات:
❊ پرسیارمان لەبارەی قۆناغی خوێندن لێكرد برادۆستی ئاماژەی بەوەدا كە تەنها تا شەشی ئامادەیی خوێندووە؟
ــ شەشی ئامادەییم خوێندووە ئەویش ساڵی 2017 تەواوم كرد ، بەڵام كاتی خۆی نەمخوێندوو وازم لە خوێندن هێنا لەبەر ئیش و كارو بژێوی ژیانی خێزانەكەم ، لەبەر ئەوەی من كوڕە گەورەی ماڵ بووم و بە منداڵیش هاوسەرگیریم كرد حەزم لە خوێندن بوو ئێستاش ئەو حەزەم هەیەو قوتابی زیرەكم زۆر خۆش دەوێت كاری بزنس ئەكەم خاوەنی دوو كارگەم مەواد دەدەمە هەموو عێراق و ساڵی 2018 یەكەم بووم لەسەر ئاستی عێراق لە كوالێتی فاست.
❊ ئایا ئەم هاوكارییەی ئێوە بۆ قوتابخانەكان سەرچاوەكەی تەنها خۆتانن یان لە ڕێگای تریشەوە دەعم دەكرێن بۆ بەردەوامبوون لە كارەكانتان ؟ نەخێر من تەنها كاری خێر خوازی دەكەم و هیچ كەس و لایەنێك شەریك و هاوكاری من نییە جگە لە خۆم.
❊ لەساڵی چەندەوە ئەم بیرۆكەی هاوكارییەی قوتابخانەكان لای ئێوە گەڵاڵە بووە؟
ــ من كاتی خۆی نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو زەویم هەبوو لەساڵانی 2004 – 2005 تازە بەڕێوەبەرایەتی كارەبا لە كەسنەزان كرابۆوە چوومە ئەوێ كورسییەكانییان باغە بوو وتم بۆ ئەم كورسیانەتان داناوە وتییان پارەمان نییە منیش هەرئەوكاتە پێداویستییەكانم بۆ كڕین و كاك حسێن كە ئەو كات بەڕێوەبەری كارەبا بوو ڕێزوو سوپاسی پێدام ئەوە یەكەم ڕێزوو سوپاسە وەرمگرتووە دوای ئەوەش بەردەوام بووم تا ئێستا.
❊ ئایا هاوكارییەكانی ئێوە تەنها سوتەمەنییە و بەڕێكەوتە یان شێوازی ئەم هاوكارییە چۆنە؟
ــ لەراستییا من زۆر حەزم لە هاوكاری قوتابخانەكانە بە بەرنامە نییە تەنها بزانم پێداویستی قوتابخانەیەك بە هاوكاری من پڕدەكرێتەوە دەیكەم ، جا شەرت نییە هەر سوتەمەنی بێت زۆر جار دۆڵاب و كەل و پەلی قوتابخانە و مۆبیلیات ومۆلیدەو هەموو ئەو شتانەشم بۆ قوتابخانەكان دابینكردووە نەوتم بۆ هەموو قوتابخانەكانی كەسنەزان بردووە قوتابخانە هەیە سێ دەوامە بۆهەر سێ دەوامەكەم بردووە بەبێ جیاوازی هەندێك لەڕێگای خەڵكەوە هەندێكیش لەڕێگای حیزبەوە كە داوام لێدەكەن فڵانە قوتابخانە پێویستی بە فڵانە شتە هەندێكیش لە ڕێگای پەروەردەوە تەنها ژمارەكان وەردەگرم 108 بەرمیلم تا ئێستا لە كەسنەزان دابەشكردووە جگە لە 50 بەرمیلی دیكە بۆ كەمدەرامەت پار تەنها سەنتەری ناحیەمان دابەشكرد ئەمساڵ هەمووی واتە دەوروبەری 42 گوند دەكات جگە لە سیدەكان .
❊ وەك دەزانین داواكارییەكی زۆرلێ دەكرێت ڕۆژانە بۆ دابینكردنی هەندێك شت وەك پێویستی قوتابخانە تەكلیفەكان زیاتر چین ئایا خەڵك كە دێنە لات بەزۆری داواكاریان چییە؟
ــ هیچ مامۆستایەك تا ئێستا بۆ داواكاری تایبەت نەهاتووە هەموو هەر بۆ قوتابخانەكەی تەكلیف دەكات بەراستی هەستدەكەم مامۆستایان لە كوردستان خەمخۆرن منیش حەز دەكەم خزمەتی قوتابخانەكان بكەم بەرنامەشم هەیە لە ئایندە قوتابخانەیەك دروستبكەم و بەخواستی خۆم دەمەوێت لە سیدەكان دروستی بكەم داوادەكەم وەزارەتی پەروەردە زەویم بۆ تەرخانبكەن بە زوترین كات لەسەر كوالێتییەكی بەرز قوتابخانەیەك دروستدەكەم ئەگەر نا خۆشم زەویەكە دابیندەكەم كاری من خێر خوازییە و دەمەوێت لە بواری پەروەردە بێت زیاتر منداڵی كورد سوودی لێ وەربگرێت.
❊ وتیان یەكێك بووی لەوانەی هاوكاری پێشمەرگەشت كردبوو لە شەڕی دژی داعش ئەم هاوكاریكردنە لەچ ڕوویەكەوە بوو؟
ــ بەڵێ من خۆم بە خزمەتكاری پێشمەرگە ئەزانم شانازییە بۆ من 876 سەر حەیوانم بۆ پێشمەرگە لەشەڕی داعش بردووە لە زووممار هەتا مەخموور من بە هۆی ئەوانەوە لێرە بە ئیسراحەت دانیشتووم لە هەموو وڵاتانی دنیا باجێكی زۆر لەسەر هەموو ئیش و كارێكی خەڵكە ئێمە لێرە ساڵانە باجێكی ڕەمزی دەدەین ئەمە هەمووی لەسایەی حكومی حكومەتی هەرێمە من وەك خۆم هاوكاری حكومەت بە واجب دەزانم.
❊ تاچەند ئەم هاوكاریانەی تۆ بەبایەخەوە تەماشا دەكرێت و هاندەدات بۆ هاوكاری زیاتری خەڵك و حكومەتیش لەلایەن خەڵك و بەرپرسان؟
ــ ئەوەی لای من جێگای خۆشحاڵییە بەردەوام ڕێزلێنانە لە كارەكانم بە شانازیەوە تەماشای دەكەم بۆنموونە وەزیری پەروەردەی پێشوو د. پشتیوان ڕێز لێنانی پێدام بۆمن زیاتر هاندانە وەزیری نوێ مامۆستا ئالان تەلەفۆنی بۆكردم ئەمە دیارە ئەوانیش پێزانینییان هەیە بۆ كارەكانی من ڕاستە من تەنها بۆ خەڵك ئیش ئەكەم، بەڵام بێگومان ئەو پێزانینانەش مایەی دڵخۆشییە من هیچ شتێیەكم بەبەرامبەر نەكردووە و بە نیازی نە پۆست و نە پلەو نەهیچ شتێیەكم هەیە ئیشی خۆم بە هیچ شتێیەك ناگۆڕمەوە 109 ڕێزوو سوپاسم هەیە لە 2006 ەوە تا ئێستا.
جگە لە پەروەردە بینام بۆ لاوانی كەسنەزان دروستكردووە هەفتەی داهاتوو لەڕێورەسمێكدا دەكرێتەوە لە 2007 ەوە ماوەی 12 ساڵە مۆلیدەیەكم داناوە بۆ چل ماڵ بەبێ بەرامبەر
❊ ئەگەر بەم ئیمكانییەتەی ئێستات بگەڕێیتەوە بۆ كاتەی واز لە خوێندن هێنا چی ئەكەی و لە كوێوە دەستپێدەكەیتەوە؟
ــ یەكەم شت دەچم دەخوێنمەوە بریا بمخوێندبا دكتۆر بام یان موهەندیس ، كۆبوونەوەیەكی زۆر زەخممان هەبوو لە صین نزیكەی 45 شەریكە بووین هەمووی خۆی ئەناساند چی تەواو كردووە گەشتە سەرەی من بوومە ئارەقە ئەوە ڕاستییە لەو وەختەوە هاتمەوە چووم پۆلی 12 ەم تەواو كرد ، چونكە من ئەو بڕوایەم هەیە هیچ شتێیەك نابێتە خوێندن ئەگەر بگەڕێمەوە ئەو كاتە تەنها دەخوێنم پارە هەرگیز بە خوێندن بەراورد ناكرێت و زانست و خوێندن بە پارە ناكڕدرێت ئەگەر بشكڕدرێت بێ بەهایە هەمیشە ئامۆژگاری منداڵەكانم دەكەن كە تەنها بخوێنن هیوایەتم تەلەبەی زیرەكە دەیان دیاریم بۆ قوتابی كڕیوە كە 90 بەسەرەوەی هێناوە نەشم ناسیوە بە ڕێكەوت بینیومەو بەڵێنم پێداوە و ئەو داهاتەی هەمە بەشی هەموو قوتابییەك ناكات بریا ئەوەندە بوایە هەر هەموو قوتابییەكم بەسەر بكردایەتەوە تەنها بۆ قوتابی زیرەك كەس وەك من نازانێت موعاناتی بێ بڕوانامەیی چەندە و كەس بە قەدەر من خەفەتی لە نەخوێندن نەخواردووە.
❊ ئەم هیوایەت و خۆشەویستییەت بۆ قوتابی زیرەك لە چییەوە هاتووە خۆتۆ پۆلی 12 ت تەواوكردووە بۆت ئاسانە هەر شوێنێ بتەوێ بخوێنی؟
ــ لەبەر خۆم من بە هەزار حاڵ پۆلی شەشم تەواوكردووە بە نەخوێندەوار حسابم پاش 35 ساڵ ئەوە ناكاتە خوێندن لە بەرنامەمدایە زۆربەی ئەو قوتابیانەی سەرووی نەوەد ئەهێنن خەڵاتییان بكەم .
❊ ئەو بودجەیەی لە داهاتی خۆت بۆ خزمەتی قوتابی خەرجی ئەكەی چەندە دیاریتكردووە؟
ــ من داهاتەكەی خۆم دابەشی سێ ئەكەم بەشێكی ئەخۆم بەشێكیشی ئیشەكانی پێئەكەم واتە ئیشی دیكەم هەیە بەشێكیشی دەكەمە خێر جگە لە مەسەلەی قوتابخانەو قوتابی ، مووچەم بۆ بیست تا سی ماڵ بڕیوەتەوە تەنها لە كەسنەزان هەندێك شت پێم خۆش نییە باسی بكەم من هیچم ناوێت خۆشەویستی خەڵك بەسە بۆمن لە قوتابخانەیەكی ناحكومی لە سیدەكان بێ ئەوەی هیچ سوودێكم هەبوو بێت بۆیان كە ناحكومییە قوتابخانەكە هۆڵێكییان بە ناوی من كردۆتەوە تەنها وەك كەسێك كە كارم بۆ قوتابی كردووە بێ ئەوەی خۆم ئاگادار بم.
سهرهتا بهدواداچوون 14ساڵە هاوكاری قوتابخانەكان دەكات تەنها ئەمساڵ200 بەرمیل نەوتی بەسەر قوتابخانەكاندا دابەشكردووە...









