خەبات: سولین سلێمان
وەلید عارف یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و كاپتنی ئێستای یانەی وەرزشی هەولێرە لە تۆپی بالە، لە هەمان كاتیشدا قوتابی دكتۆرایە لە كۆلێژی پەروەردەی هەولێر، وەلید بۆ ماوەی 10 ساڵ یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بووە و ماوەی 15 ساڵیش لە ریزی یانەی هەولێر یاری كردووە، لە هەموو خولێكی عەرەبی بەشداری كردووە كاتێك لە هەڵبژاردەی عێراق بوو، بەشداری چەندین خولی كردووە چ لەگەڵ یانەكەی و یان یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.
لەم دیمانەیەدا بۆ خەبات لە بارەی رەوشی ئێستای وەرزش لە كۆلێژەكاندا دەڵێت: رەوشی وەرزش لە كۆلێژەكاندا ئێستا لە ئاستێكی مام ناوەندیدایە، چونكە ئەو كەسانەی كە سەرەتا دێنە كۆلێژەكەمان بۆ خوێندن، هەموویان وەرزشوان نین، وەك پێویست نین، بەڵام سەرەرای ئەوەش یاریزانی باشمان هەیە هەروەها وەرزشوانانی باشیشمان هەیە.
لە پرسیارێكدا كە ئایا لە كۆلێژە وەرزشییەكاندا توانیویانە وەرزشوانێكی دیار پێ بگەیێنن؟
لە وەڵامدا دەڵێت: لە كۆلێژەكەمان یاریزان درووست ناكرێت، بەڵكو مامۆستایەكی ئەكادیمی باش پێدەگەیێنین، چونكە ئێمە ناتوانین یاریزان دروست بكەین، بەڵكو پێویستە ئەو كارە لە یانەكاندا ئەنجام بدرێت، زیاتر لەسەر ئەوان پێویستە یاریزانانی باش پێ بگەیێنن، چونكە ئەوە تەنها بابەتێك نییە و تەنها وانەیەكیش نییە لەسەری بخوێندرێت، و لەلای ئێمە هەموو جۆرە وەرزشێك دەخوێندرێت، بەڵام دەتوانیین مامۆستایەكی باش و چالاك پێ بگەیێنین كەلە هەموو بوارەكانی وەرزش شارەزا بێت و ئەكادیمی بێت، نەوەك یاریزان.
لەپرسیارێكدا كە پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی بواری وەرزش پێشبكەوێت؟
ئەو دەڵێت: بەرای من پێویستە لە هەموو بوارەكانی وەرزش چ لە تۆپێ پێ یا تۆپی باسكە یان باسكە یا گۆرەپانی مەیدان، پێویستە قوتابخانەیەكی ئەكادیمی بكرێتەوە كە لە منداڵییەوە فێربكرێن و بە شێوەیەكی باش راهێنانیان پێ بكرێت و دەبێت راهێنەرەكانیش ئەكادیمی بن تا بتوانن بەشێوەیەكی ئاست بەرز قوتابی پێ بگەیێنێت، بەم شێوەیە دەتوانیین لە كاتێكی نزیكدا لە هەموو بوارەكانی وەرزشدا پێشكەوتوو بین، چونكە من خۆم ئێستا یاریزانی تۆپی بالەم و هۆڵە داخراوەكانمان لە ئاستێكی پێویست دا نییە ، هەر بۆیە داوام لە هەموو بەرپرسێكی وەرزش ئەوەیە كە گرنگی بدەن بە هۆڵە داخراوەكان بتوانرێت لە ئاستێكی پێشكەوتوودا دروست بكرێن، چونكە تا ئێستا هۆڵێكی پرۆفێشناڵی وەرزشی لە هەموو كوردستان دا نییە ئەگەر هەشبێت نێودەوڵەتی نییە، و هەر بۆیە پێویستە هەموو یانەیەك هۆڵێكی وەرزشی تایبەت بە خۆی هەبێت، تا بتوانن یاریزانەكانیان بە شێوەیەكی باش راهێنانیان پێ بكەن، دروستكردنی ئەمانە بە گشتی پێشكەوتنی وەرزشە، دوو ساڵە بەڕێوبەری یانەی ئەكادیمی هەولێرم لە تۆپی بالە و چەند یاریزانێكی منداڵم هەیە كە مەشق و راهێنانیان پێ دەكەم ، بەڵام لە ئێستادا رامان گرتووە بەهۆی نۆژەنكردنەوە، لە ئێستاشدا دەمەوێت زیاتر گرنگی بە یانەكەم بدەم.
لە كۆتاییدا پەیامم ئەوەیە كە زیاتر گرنگی بە وەرزش بدرێت چونكە لە ئێستادا زۆربەی گەنجەكانمان لە وەرزش دوور كەوتوونەتەوە، پێویستە لەسەر هەموو دایك و باوكێك گرنگی بە وەرزش بدەن بۆ منداڵەكانیان فێری گرنگی وەرزش بكەن، بۆ لەش و لارێكی رێك تەندروست یان هەبێت، تا داهاتوویەكی باشیان هەبێت بۆ خۆیان ، ئەمەش پابەندە بە یانەكان كە تا چەند گرنگی بە یاریزانەكانیان دەدەن، و هەروەها خولەكانیش بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوامیان پێ بدرێت، و هیواداریشم هۆڵی وەرزشی ئەكادیمی زیاتر بكرێتەوە ، چونكە لە كۆلێژەكەمان مامۆستای ئەكادیمی زۆرباش هەیە كە دەتوانن قوتابی پێ بگەیێنن.









