چنار بەڕۆژی
سوریا بە پێی زانیاریەكان سەبارەت بە سەرچاوە سروشتیەكان خاوەن 2.5ملیار بەرمیل یەدگی نەوتە. كاتێ داعش لە ساڵی 2015 لە سوریا دەستی بەسەر ناوچە نەوتیەكانی ئەلعومەر لە دەیرئەلزورو دەوروبەری گرتبوو، مانگانە 40 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو، بەو شێوەیە توانی پێگەی دەوڵەتی ئیسلامی بە هێز بكات. لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2017 بە هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانان كێلگەكانی ئەو ناوچانە كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی هیزە كوردیەكان.
ئەمڕۆ %70 كێڵگە نەوتیەكانی سوریای لە ژیر كۆنترۆلی هێزەكانی هەسەدەیە. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، دۆنالد ترامپ، لە زۆربەی لێدوانە ڕۆژنامەوانیەكانی ئەم دواییانەی جەخت لەسەر ئەوە دەكات، كەوا هێزەكانی ئەمریكا بۆ ئەو مەبەستە گەڕاوەتەوە، كێڵگە نەوتیەكان بپارێزێت، بۆ ئەم مەبەستەش هیزێكی بچووكی لەو ناوچەیە جیگیر كردووە. ترامپ لە میانەی لوتكەی ناتۆ لە بەرواری 3/12/2019 جارێكی تر ئاماژەی بە پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان و كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی كرد، ئەم دوو بابەتەی بە دەستكەوت و سەركەوتن بۆ حكومەتەكەی خۆی وێنا كردووە.
لێرەدا دەكرێت ئەوە بڵێین، كەوا ئەمریكا ئەگەر خاوەن نەوتی خۆشی بێت، ئەوا ترامپ وەكوو سەركردەیەكی بازرگان هەوڵ دەدات داهاتی زیاتر بۆ وەلاتەكەی دەستەبەر بكات، بۆیە سەبارەت بە نەوت لە سوریا ئاماژەی بەوە كردووە، كەوا بە فرۆشتنی ئەو نەوتە دەتوانرێت مانگانە نزیكەی45 ملیۆن دۆلار دەسكەوتیان هەبێت.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین، كەوا مانەوەی ترامپ لە سوریا و هەوڵەكانی بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان بۆ ئەو فشارە زۆرە دەگەڕێتەوە، كە لە ناوخۆی ئەمریكا و لەلایەن هاوپەیمانانی حكومەتەكەی دژ بە كشانەوەی لە سوریا درووست بوو، كە پێیان وایە بە كشانەوەی هێزەكانیان ئەگەری لاوازبوونی پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكە زیاتر دەبێت.
سوریا لە ئێستادا ڕۆژانە 24000 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن حكومەتی سوریا لە دوای ساڵی2011 بە هۆكاری سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و جەنگی ناوخۆ و ناسەقامگیری بۆ نزیكەی%90 كەمی كردووە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی هەبووە لە سەر ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە. بەڵام سوریا لە ساڵی2018 چەندین گرێبەستی لەگەڵ ڕوسیا واژووكردووە لە پێناو دووبارە نۆژەنكردنەوەی كێڵگەكانی نەوت و گازو كاراكردنیان.
دیارە ئەم هەنگاوە دەرفەتیك دەبێ بۆ بووژانەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد و بەهێزبوونی پێگەی ڕوسیا لە سوریا. و لە لایەكی تریش هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ پاشەكشەپێكردنی ئێران لە سوریا دووچاری ئاستەنگ و سستی دەبێت.
ئەمریكا بە جاڕدانی پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان لە سوریا مەبەستیە ئەو كێڵگانە نەكەونە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و ڕوسیا و ئێران، یان میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە توركیا. ئەمریكا بە بوونی هێزەكانی لە ناوچەكە و بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی كوردی دەتوانێت ستراتیژی نەیارانی لە ناوچەكە پوچەڵ بكات. و بە هەبوونی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سەركردایەتی كورد لە ناو ئەم هاوكێشەیە، ئەمریكا مەبەستیە كار بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بكات و كورد ببێ بە فاكتەرێك دژ بە دەسەڵاتەكانی توركیاو سوریاو ئێران لە ناوچەكە، بەڵام ئەگەر پێگەی كورد لەو ناوچانە بێ هێز و لاواز بێت، ئەوا قەیرانی نوێ بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دروست دەبێت، دیارە ئیدارەی ئێستا لە ئەمریكا لاوازبوونی كوردی پێ باش نییە. بۆیە لە دیدی ئێمەوە ئەمریكا لە ناوچەكە دەمێنێت تاوەكو ئەو هاوكێشەیە و هاوسەنگی هێز لە سوریا بە سوودی نەیارانی ئەمریكا تەواو نەبێت.









