ژیلا كەریمی
ئافرەتانی كۆمەڵگە سنووردار بكەن. بیانكەنە ژێرچەپۆكە و بچوكیان بكەنەوە. سوكایەتیان پێبكەن. وابكەن كە گەورەترین ئاواتیان هاوسەرگیری و گەورەترین هونەریان چێشت لێنان و درومان بێت. تووشی بەڵایەكیان بكەن تا لە كۆمەڵگە بترسن. وەها تووی بیركردنەوەیەك لە بیری باوكانیان بچێنن تا ئەو باوەڕە لایان دروست بێت كە دەبێت كچەكانیان لە قەفەسدا پەروەردە بكەن. پەرتووك، زانست و قەڵەم و چەكوچ لە كچەكانیان وەربگرن و لە بڕی ئەوان كەوگیر و دەرزی و ئینجیل بدەنە دەستیان. وا لە گەنجەكان بكەن كە لە رەگەزی بەرامبەر دوور بن، بەڵام تەواوی بیریان لایان بێت. هەر كەس بۆ ئازادی و رزگاری ئافرەت هەوڵیدا بە بەندەی شەیتان و دوژمنی خوا ناوزەدیان بكەن كە ئەو دوژمنی ئێمەیە و ئێمە خوای ئەو جیهانەین. من دڵنیاتان دەكەمەوە ئەگەر هەزار ساڵیش بەسەر ئەو كۆمەڵگەیەدا تێپەرێت، ناتوانێت پێش بكەوێت. (وەرگیراو لە پەرتووكی چۆن جیهان بەڕێوەبەرین”ی وینستۆن چەرچڵ) ئەو نووسراوەی چەرچڵم لە ئان و ساتەدا كەوتە بەرچاو كە بە گشتی لە كوردستان ئافرەتانی چالاكوانی بواری ئافرەتات و دەزگاكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەرقاڵی بەڕێوەبردنی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانن. كە تۆزێك وردتر بوومەوە بینیم هەموو چالاكییەكان لە خستنەڕووی ئامارەكان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و دەزگا و یاسای پەیوەست كۆبۆتەوە. لە لایەكیتر هەر لەو هەفتەیە دەزگای روانگە لاوانی بەهرەمەنی ئەم هەرێمەی خەڵات كرد كە بە شێوەیەك خاوەن توانا و داهێنان و بیرۆكەن. ئەوەی سەرنجی منی راكێشا ژمارەی زۆری كچانی گەنج لە نێو ئەو بەهرەمەندانەدا بوو. لە هەر بوارەو لە سێ كەسی یەكەم یەك یان دوو كەس كچ بوون كە زۆر بووە جێی شانازی بو من و هەر ئەوەش وایكرد تا كۆتایی بەرنامەكە چاولێبكەم. بەڵام ئەوەی مەبەستی منە لەو دوو رووداوە و ئەو هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی من بۆ ئەو بابەتانە بەمشێوەیەیە كە پێموایە ئەگەر هەوڵەكان بە گشتی چڕبكەینەوە لە پێگەیاندنی كچانی ئەو وڵاتە، واتا بە یاسا كارئاسانی بۆ خوێندن و لێكۆڵینەوەیان بكەین، دەزگا و شوێنی تایبەت بۆ پرۆڤە و پێگەیاندن بكرێتەوە و هەموو فۆكسەكان بخرێتە سەر پێگەیاندن و پاڵپشتیان، ئەوا خۆی لە خۆیدا رێژەی توندوتیژی كەمدەبێتەوە. واتا ئێمە كۆمەڵگەیەكی نەخۆشمان هەیە كە تەنیا هەوڵ بۆ چاككردنەوە ئافرەت نەخۆشەكان دەدەین و شوێن و پارە و توانا بۆ باشبوونەوەیان تەرخان دەكەین. لە حاڵێكدا گەر بە پێچەوانەوە لەسەرەتاوە پێش لە نەخۆشییەكە بگرین و هەوڵی بۆ خۆپاراستن و پێگەیاندن بدەین ئەوا بێشك كچێكی گۆشكراو بەو پەروەردەیە ئیزن نادات رووبەڕووی توندوتیژی بێتەوە. ئەو كوڕ و پیاوانەی كە ئافرەتێك لە هاوشانی توانای خۆیان دەبینن بەخەبەردێنەوە كە ئیتر نەك ناتوانن بەربەست بخەنە سەر رێیان بەڵكو گەر ئاگەدار نەبن لەو رەوتە پێشكەوتنە دوادەكەون و ئینجا لەبڕی ئەوەی بە ئیهانە و سەركۆنەكردنی ئەو رەگەزەوە خەریك بن هەوڵدەدەن خۆیان پێبگەیەنن. هیوادارم پلانی داهاتووی چالاكوانان ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت و شایەتی ئەنجامی ئەرێنییەكانی ئەو گۆڕانكارییە بین.









