خەبات: هاوار مورتكەیی
كارەبا ئەو كێشە بەردەوامەی دەیان ساڵی رابردوو تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت نەتوانراوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە و هەمیشە بۆتە جێی گلەیی هاووڵاتیان و بەشێوەیەك ئەو بڕوایە لایان درووست بووە كە مەحاڵە لەدەست نەبوونی كارەباوە رزگاریان بێت، لەم سۆنگەیەشەوە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سێكتەری كارەبای لەپێشینەی كارەكانی داناوە كە بتوانێت كێشەكانی چارەسەر بكات، دیارە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونیشییەوە هەنگاوەكانی چارەسەركردنی دەستپێكرد و ئەویش بەتەرخانكردنی بوودجەیەك بۆ تەواوكردنی پرۆژە جێماوەكان و هەروەها گرتنەبەری چەندین رێگای دیكە. پرۆژە ستراتیژییەكە چییە و چۆنە..؟ پێوەری زیرەك كە بەپرۆژەیەكی ستراتیژی وەزارەتی كارەبا دەژمێردرێت، ماوەیەكە كەوتۆتە واری جێبەجێكردنەوە و سەرباری چەند كێشەیەكی تەكنیكی، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆژەیە قۆناغێكی باشی بڕیووە، بەتایبەتیش لەشاری هەولێر، لەپاڵ ئەمەش بەرنامەیەك داڕێژراوە بۆ بنبڕكردنی زیادەڕۆیی سەر تۆڕەكانی كارەبا، كە ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بووە لە پچڕپچڕی كارەبا و زیان گەیاندن بە تۆڕ و محاویلەكانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی كارەبا بەهاوكاری پارێزگای هەولێر دەرفەتی مانگێكیان دا بەو هاووڵاتیانەی كە سەرپێچیان لە كارەبا كردووە یان بەبێ پێوەر كارەبایان راكێشاوە، یاخوود دوو سەرچاوەی كارەبایان هەیە، لەو ماوەیەدا سەردانی فەرمانگەكانی فرۆشیاری وزەی كارەبا بكەن بەمەبەستی لابردنی سەرپێچییەكان، بێ ئەوەی سزا بدرێن. جیاوازی لەنێوان سەرپێچیكاران ناكرێت سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێرەوە بۆ خەبات ئاشكرای كرد كە بۆ زیاتر بەرچاوروونی هاووڵاتیان و زیاتر روونكردنەوە، ئاگادارییەكیان بڵاوكردۆتەوە بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە، گلەیی ئەوە نەكرێت لە بڕینی كارەبا و سزادانی سەرپێچیكار، بەپێ ئاگادارییەكەیش بڕیارە لە 2/1/2020 هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچی بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی كارەبا و وەزراەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر كە پۆلیس و هێزەكانی زێرڤانی یاوەری تیمەكان دەكەن لەو هەڵمەتە و هیچ جیاوازییەكیش لەنێو ئەو كەسانە ناكرێت كە سەرپێچییەكانیان كردووە و ئەوانەیش كە لە ماوەی ئەو مانگەدا بەدەنگ بڕیارەكەوە نەچوون، رووبەڕووی سزای دارایی و سزای یاسایی دەبنەوە. پێویستە هەمووان پێوەرەكانیان بپشكنن لە ئاگادارییەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر جۆرەكانی سەرپێچی و پێكهاتەكانی سەرپێچیان دیاری كردووە و جەختیان لەوە كردۆتەوە، كە زۆر گرنگە هەموو بەشداربووانی كارەبا پێوەرەكانیان بپشكنن تەنانەت ئەوانەی سەرپێچیشیان نەكردووە، بۆ ئەوەی لەكاتی ئەنجامدانی هەڵمەتەكەدا رووبەڕووی كێشە نەبنەوە. دەقی ئاگادارییەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێر: خاڵی یەكەم: ئاگاداری هاووڵاتیان دەكەینەوە كە پێوەری كارەبایان بپشكنن و ئەگەر هەریەك لەم حاڵەتانەی خوارەوەی هەبوو سەردانی فەرمانگەی فرۆشتنی ووزەی كارەبای سنورەكەیان بكەن بە مەبەستی لابردنی حاڵەتەكان لە ماوەی 1/12/2019 تا 1/1/2020 كە دەبەخشرێن لە سزا و پێ بژاردن (غرامە) بە پێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچیەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەست پێ دەكات و هەریەكێك لەم حاڵەتانە لە پێوەرەكانیان ببینرێت لەلایەن تیمەكانەوە كارەباكەی دەبڕێت و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت و سزای مادی توند دەدرێت. حاڵەتەكان : 1-پێوەری كـــارەبا دەستكاری كرابێت یاخود جــــامەكەی شــكابێ یاخود مۆری سەرەوە و خـــوارەوەی پێوەر دەستكاری كرابێت. 2-بێ پێوەر كارەبا ڕاكێشرابێت. 3-كارەبا لە ژێر پێوەر ڕاكێشرابێت. خاڵی دووەم: ئاگاداری ئەم هاووڵاتیانە دەكەینەوە كــە هەر پێكهاتەیەكیان (خانوو ، بیری ئـاو ، كارگە.. هتد ) بە سەرپێچی (بێ مۆڵەت) دروست كردووە و دەیانــەوێت كارەبای نیشتیمانی بۆ پێكهاتەكە ڕابكێشن ، لە ماوەی نێوان 1/12/2019 تا 1/1/2020 سەردانی هۆبەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سنورەكەیان بكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێكارە پێویستەكان ، بە پێچەوانەوە دوای ئەو ماوە دیاری كراوە بە هیچ شێوەیەك كارەبا نادرێت بەم جۆرە پێكهاتانە كە بە سەرپێچی دروست كراون. خاڵی سێیەم: ئاگاداری هاوبەشانی كارەبا لە پۆلەكانی (كشتوكاڵی ، بازرگانی ، پیشەسازی) دەكەینەوە كە قەرزای كرێ ی كارەبان بە زووترین كات سەردانی فەرمانگەكانی فرۆشتنی ووزەی كارەبا بكەن بە مەبەستی دانی قەرزەكانیان بە پێچەوانەوە لەلایەن تیمەكانی بڕینی كارەباوە كە لە ئێستادا هەڵمەتێكی فراوان دەستی پێ كردووە كارەباكەیان دەبڕێت.
سهرهتا بهدواداچوون پێویستە هەموو ماڵێك پێوەری كارەبای ماڵەكانیان بپشكنن و لە درووستی پێوەرەكانیان دڵنیاببنەوە









