خەبات: تریفە ئازاد:-
بۆ زیاتر گرینگی دان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، رۆژی پێنجشەممە 28ی 11ی 2019 بەرێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لە لایەن ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بە جیا پێشوازی لێكرا و دیدارو كۆبونەوەیان سەبارە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا ئەنجامدا. وەزیری دەرەوەی توركیاش ڕایگەیاند ئەو سەردانەی بەرێز مەسرور بارزانی گرینگی خۆی هەیە،شارەزایان و چاودێرانیش ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە گرینگ دەنرخێنن بۆ زیاتر هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.
سەردانەكە ئاماژەیەكە بۆ كۆمەلگەی نێودەوڵەتی
كرمانج عوسمان، پسپۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و مامۆستای زانكۆ لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەكان لە بارەی سەردانەكەی بەرێز مسرور بارزانی و لە ڕوانگەی نێو دەوڵەتی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: وەك یەكەم سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ دەرەوەی ووڵات و بۆ توركیا گرنگی تایبەتی هەیە لە ڕوانگەی تیۆری ئاسایشی سەردەم، واتە ئاسایشی كلاسیكی بەتەنها نا، بەڵكو ئاسایشی سەردەم كە پەیوەندی هەیە بە ئاسایشی خۆراك و ووزە و سنور و هاتوچۆ و هەموو بوارەكانی تری ئاسایشی مرۆیی، بۆیە توركیا جوگرافیایەكی گرنگتری هەیە لە ووڵاتانی تری دراوسێ چونكە دەڕوانێتە سەر ئەوروپا، لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان توركیا دەتوانێت كێشەی گەورە بۆ هەرێم دروست بكات و لەهەمان كات دەتوانیت دەرگای گەورە بۆ هەرێم بكاتەوە، ڕاستە توركیا دژی پرۆسەی ڕیفراندۆم بوو بەڵام سنورەكانی دانەخست و ئابلوقەی نەخستە سەر كوردستان هاوشێوە ئێران. دواتر هەرێمی كوردستان و بەڕێز مەسرور بارزانی هەمیشە جەختی لەوە كردۆتەوە كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانیەكان بۆ نموونە پشتی لایەنێك بگرێت دژی ئەوەی تر واتە لە هەستیارەكانی توركیا تێدەگات لە بواری ئاسایشی پۆلیس و سەربازی و لە هەمان كاتدا پاڵپشتی لە داوا ڕەواكانی مافی كوردان دەكات لە توركیا واتە هەرێمی كوردستان و سیاسەتی دەرەوەی هەرێم بریتیە لە نێوەندگیری كردن و ئاشتەوایی لە نێوان توركیا و لایەنە بەرهەڵستكارەكان نەوەك پشتگیری كردنی لایەنێك دژی ئەوەی تر، واتە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە چارەسەر نەوەك كێشە، هەمان سیاسەتی بەرامبەر عێراق و ئێران و سوریا و ووڵاتانی تر هەیە. واتە دبلۆماسیەتی كوردستان بریتیە لە پاراستنی هاوسەنگی هێز كە بریتیە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك دەرئەنجام. چەندین خالی هاوبەش و ناكۆكی هەیە لە نێوان توركیا و كوردستان بەڵام خالە هاوبەشەكان زیاترن بۆیە سەرۆكی حكومەت هەوڵ دەدات لە خالە هاوبەشەكانەوە پەیوەندیەكان گەرم و گورتر بكات تاوەكو بەسەر خالەكانی تریش زاڵ بیت. سەردانەكە ئاماژەیەكە بۆ كۆمەلگەی نێودەوڵەتی كەوا هەرێمی كوردستان وەك كارەكتەرەكی سەربەخۆ دەتوانی مامەڵە بكات و پەیوەندی نێودەوڵەتی خۆی پەرەپێبدات و وەك دیفاكتۆ مامەڵە بكات، واتە ئەوە بێڕێزیەی كە بەرامبەر هاووڵاتیانی گەشتیاری كورد كرا لە توركیا لەسەر ئاڵای كوردستان، ئەوا مەسرور بارزانی بە دبلۆماسیەت ئاڵاكەی بە فەرمی شەكاندەوە لە ناو دامەزراوە فەرمیەكانی توركیا واتە ئاماژەی كە پەیوەندی نێودەوڵەتی بە ڕق و كینە و بایكۆت و عاتیفە ناكرێت بەڵكو بە حیكمەت و سیاسەت و لیهاتویی دەكرێت، سەرۆكی حكومەتیش بە حەكیمانە ئەو پەیوەندیانە پەرە پیدەدات و پیشبینی دەكرێت لە داهاتوو سەردانەكان زیاتر بن و بەرهەمی زیاتری هەبیت.
سەردانەكە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر كەرتی بازرگانی دەبێت
هۆشمەند رەفیق مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری ئابوری لە بارەی گرینگی سەردانەكەی رێزدار مسرور بارزانی بۆ توركیا وپەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەرێم و توركیا لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: سەردانەی فەرمییەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆ وڵاتی توركیا و پێشوازیكردنی لەلایەن گەورە بەرپرسانی توركیا بەتایبەت سەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوەی توركیا، لەو كاتەدا بایەخی خۆی هەیە، كە عێراق و ناوچەكە بە قۆناغێكی دژوار تێپەڕ دەبێت كە شارەكانی ئێران و عێراق ووروژاون و خۆپیشاندانیان تێدایەو توركیاش لەسەر ئاستی ناوەخۆو دەرەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بۆتەوەو هەڵوێستی خەڵكی كوردستانیش بە هەموو پارچەكانەوە لە ڕووی هەستی نەتەوەییەوە دژ بە توركیایە و بەشێكی خەڵكی كوردستان بە هۆی سۆزی نەتەوایەتییەوە بایكۆتی دژ بە كاڵای توركی ڕاگەیاندووە، بەڵام لەبەرامبەردا لەسەر ئاستێكی بەرزدا توركیا پێشوازی لە سەرۆك وەزیری كوردستان دەكات و لەوێش لە ڕووی پرۆتۆكۆلییەوە وەك سەركردەی دەوڵەتان پێشوازییەكە كراوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە توركیای دراوسێ هیچ ئەو ئومێدەی لەسەر بەغدا هەڵیچنیبوو نەیماوە بە كردنەوەی دەروازەی دیكەی سنووری بۆ بازرگانیكردن لەگەڵ عێراقدا، بۆیە جارێكی دیكە دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی لەگەڵ كوردستان بەهێز بكاتەوەوسۆزی كوردان بەلای خۆیدا ڕابكێشێت لە هەموو پارچەكاندا كە ڕەنگادانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوەخۆیی و دەرەكی و كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەكانی كە لەو ماوەیەدا بەرەو لاوازی ڕۆیشتبوو، بەتایبەت ئاستی هەناردەكردنی بۆ كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، لەبەرئەوەی توركیا لە ئێستادا جگە لە هەرێمی كوردستان هیچ دەروازەی دیكەی نییە لە ناوچەكەدا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی و ساغكردنەوەی بەرهەمی كاڵای كۆمپانیاكانی، ئەوەش وا دەكات كەمتر رووبەڕووی رەخنەی كۆمپانیا توركییەكان بێتەوە تا هەم بەرهەمەكانیان بۆ كوردستان هەناردە بكەن و هەمیش بەردەوامی بە كارەكانیان بدەن لە هەرێمی كوردستان كە نزیكەی 50% كۆمپانیا بیانییەكانی كوردستان، كۆمپانیای توركین.ئەوا لەو ڕوانگەوە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لەو ئاستە باڵایەو بەو شێوەیە پرۆتۆكۆڵییەوە، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر كەرتی بازرگانی دەبێت، بەو هیوایەی ئەوەی كە پەیوەندییەكان تەنها لەسەر ئاستی بازرگانی كۆنەبكەنەوە، بەڵكو ببێتەهۆی بووژانەوەی كەرتە ئابوورییەكان بەگشتی بەتایبەت لە كردنەوەی كارگەو كارخانە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمی ناوەخۆیی بەرزبێتەوەو رێژەی هاوردەكردن كەمتربێتەوە تا ئابووریەكی بەهێز دروست بێت.
توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بایەخی خۆی هەیە
عبدلستار باغەمرەیی، شارەزاو نوسەر لە كارو باری توركیا لە بارەی گرینگی سەردانەكەی بەرێز مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: دیارە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنكەرە چاوەڕوانكراو بوو، بەهۆی ئەوەی سەرۆك وەزیران لە ئەركە نوێیەكەیدا هەوڵ دەدات لە میانی ئەو سەردانانە و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی هەرێمی، جارێكی دیكە دووپات لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بكاتەوە. ئاشكرایە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی لە ناوچەكەدا بوونی خۆی سەلماندووە، پێشووتریش لەسەر ئاستەكانی سیاسی، ئابووری و بازرگانی تەنانەت فەرهەنگیشدا چەندان پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا بەستووە، پەیوەندییەكانیش یەكلایەنە نین، واتە بە تەنیا هەرێمی كوردستان پێویستی بە وڵاتان، نەخاسمە وڵاتانی دراوسێ نییە، بەڵكوو پەیوەندی و بەرژەوەندییەكان دوو لایەنەن و لەسەر بنەمای سوودی هەردوولادا دامەزراون و ئەوانیش سوود لە توانا سیاسی و ئابووری و بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان دەبینن، بۆیە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم بنەمایە سەردانەكەی بۆ توركیا ئەنجام داوە. ئەگەر لە ڕوانگەی سیاسییەوە تەماشا بكەین، سەردانەكە ئاسایی بووە و ڕووداوێكی ناچاوەڕوانكراو نییە، چونكە بە سیفەتی سەرۆك وەزیرانی هەرێمێك بۆ ئەو وڵاتە چووە و هەر بە سیفەتی سەرۆك وەزیرانیش لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكراوە. سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە ناوچەكە بەتایبەت لە سووریا چەندان ڕووداوی سەربازی تێیدا لە ئارادایە، بۆیە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە ئاسایشی ناوچەكەدا، لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەرپرسانی باڵای توركیا جەختی لەسەر كرابووە، هەروەها بە بایەخەوە باس لە توانا ئابوورییەكانی هەرێم كرابووە. ڕوونە توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەت كە سنووری گەیشتنی هەرێمە بە ئەوروپا، توركیا كاراكتەرێكی بەهێزی سیاسی و سەربازییە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و نكوڵی لەوە ناكرێ، تەنانەت ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی دیكەی جیهان ناتوانن دەستبەرداری ئەو وڵاتە بن و پەیوەندییەكانی لەگەڵدا بپچڕێنن، واتە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی باڵای وڵاتاندا ڕۆڵ و پێگە و پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا لە ناوچەكەدا وەبەرچاوگیراوە. لە هەمان كاتدا توركیا لەسەر ئاستی ئابووریدا بۆ هەرێمی كوردستان و تەنانەت وڵاتانی جیهانیش گرنگی خۆی هەیە، ساڵانە ئاڵوگۆڕی بوارەكانی وزە و بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتەدا گەشەی زیاتر دەكات، ئەگەرچی توركیا لە چەند ناوبڕێكی سیاسیدا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ساردی هەبووە، بەڵام بەشێكی دیكەی ئەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە بووە ساردییەكان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا كاڵ ببنەوە و نەمێنێنن. لە ڕاستیدا هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا كە لە عێراق و ناوچەكەدا ڕووداوی جۆراوجۆری مەیدانی و دیپلۆماسی تێیدا بوونیان هەیە، پێویستی بەوە هەیە، لە پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ لایەنی عێراق و وڵاتانی هەرێمی و تەنانەت وڵاتانی كاریگەری ناوچەكە و جیهان بەردەوام بێ و زیاتر پەرەیان پێ بدا، باشتر وایە هەمان ئەو سەردانانە بۆ وڵاتانی دیكەی دراوسێ و جیهانیش گرنگیان پێ بدرێ و دەروازەی نوێی پەیوەندییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەواندا بدۆزرێتەوە.









