خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:-
لاوانی كورد لەهەركوێی جیهان بن شانازی بەكورد بوون دەكەن و لەپێناو بەهێزكردن و ناساندنی گەلەكەیان بەجیهان هەوڵ ئەدەن و تێ دەكۆشن، لاوی خوێن گەرم بەهێز نەوزاد ئەنوەربەگ یەكێك لەولاوە بەتواناو بەهێزانەی كە لەوڵاتی هۆڵندا نیشتەجێیەو بەردەوام لەكاتی یاریكردن وپاڵەوانیەتییەكان ئاڵای كوردستان لەسەرشانیەتی، ئەوپاڵەوانە كوردە نێودەوڵەتییە بەم جۆرە شرۆڤەی پرسیارەكانی كردین:
هەمو پێشمەرگەیەك پاڵەوانە
لەسەرەتای دیمانەكە ئەم پاڵەوانە كوردە گوتی: ناسراوم بە بەهێزپێشمەرگە خۆشناو، چونكە لەلای من هەمو پێشمەرگەیەك پاڵەوانە، منیش وەك شا نازی ئەم وشەیەم هەڵبژاردووە. لە ساڵی 1994 لە گوندی سەروچاوە لە سەر گردی قەسر، لە دایك بوم، لەگەڵ خانەوادەكەم لە ساڵی 2000 چوین بۆ هۆڵەندا. لە هۆڵەندا زیاتر خەریكی خوێندن بوم و هەتا ئێستاش دانەبڕاوم لە خوێندن، لە تەنیشت خوێندن هەمووكات وەرزشم كردوە، تا 2013 یاری تۆپی پێم كردووە، لە یاری تۆپی پێ توانیم لە پلە دووی هۆڵەندا یاری بكەم، كە ئاستێكی نزم نییە،، لە 2013 لە تەمەنی 19 ساڵی بڕیارمدا واز بهێنم، چونكە حەزم كرد وەرزشێك بكەم تەنها پشت بەخۆم ببەستم، وە بۆئەوەی ڕەخنە لە كەس نەگرم لە كاتی دۆران تەنها لەخۆم نەبێت. دەستم كرد بە كیك بۆكسینگ ، لە سەرەتا بەس بۆ خۆشی و بۆ ئەوەی بتوانم بەرگری لە خۆم بكەم، بە ماوەیەكی كەم دەركەوت كە خاوەن بەهرەیەكی باشم، لەگەڵ خۆ ماندوو كردنێكی زۆر توانیم بە ماوەی 6 ساڵ خۆم بگەیێنم بە بەرزترین خولی كیك بۆكسینگ.
شانازی دەكەم بەكورد بونی خۆم
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی وەك پاڵەوانێكی كورد خۆت ناساندووە، دەكرێ باسی دواین ئەو پاڵەوانیەتیەمان بۆ بكەیت كە نازناوت بەدەست هێناوە ؟ بەهێز گوتی: بەڵێ شانازی دەكەم بەكورد بوونی خۆم ، لەپاڵەوانی 16 نۆڤەمبەری 2019 وەك هەمو پاڵەوانێتییەكانی ڕابردوو ڕاهێنانێكی زۆر باشم كردبو، ئەم پاڵەوانیەتە تۆزێك تایبەتتر بوو لە پاڵەوانێتییەكانی پێشوو چونكە لە ئاستێكی زۆر بەرز بوو پێش پاڵەوانیەتەكە ئەم یارییەم پێشكەش كردبوو بە مامی زۆر خۆشە و یستم خوا لێخۆشبو كاك سەردار ئەنوەر بەگ، كاتی یاری هەموو شتیك وەك من و ڕاهێنەرەكەم پێشبینیمان كردبوو وا بوو توانیم ئەو نەخشەی داماننابوو بۆ یارییەكە بە باشی ئەنجامی بدەم، زۆر سوپاس بۆ خوای گەورە توانیم سەركەتوتن بە دەست بهێنم.
نازناوی جیهانم بە دەستهێنا
دەربارەی پرسیاری ئەوەی نهێنی چییە بەردەوام دەبینرێی كە لە پاڵەوانیەتییەكان ئاڵای كوردستان دەخەیتە سەر شانت؟ ئەو پاڵەوانە كوردە گوتی: پێش هەموو شتێك من كوردم، من نیشتیمانەكەم ، گەلەكەم ،ئاڵاكەم خۆشدەوێت، من زۆر شانازی دەكەم كە بە ئاڵای كوردستان خۆم دەناسێنم بە میللەتانی جیهان، من نازناوی جیهانم بە دەستهێنا لە خولی دووەم، ئێستاش خەونم ئەوەیە نازناوی جیهان بە دەست بێنم لە بڵندترین خولی جیهان.
چەند كۆمپانیایەكی هۆڵەندی پشتگیریم دەكەن
پاشان لێمان پرسیی بەنیاز نیت ئەو ئەزموونەی خۆت بهێنیتەوە كوردستان، واتە لێرە وەك راهێنەرێك رۆڵ بگێریت ؟ بەهێز خۆشناو گوتی: من كاتم زۆر كەمە ناتوانم هەمو شتێك بكەم كە حەزدەكەم، بێجگە لە یاری كیك بۆكسینگ من دەخوێنم، لە داهاتوو دەمەوێت ببم بە پزیشكی ددان، باوكم زۆر ئامێژگاریم دەكات و پاڵپشتمە، چەند كۆمپانیایەكی هۆڵەندی پشتگیریم دەكەن وەك سپۆنسەر و پاڵپشت من بۆ ئەوەی بگەم بە ئامانجەكانم، تاكو ئێستا سپۆنسەری كوردیم نییە پاڵپشتم بكەن، هیوادارم لە داهاتووییەكی نزیك سپۆنسەری كوردیشم هەبێت، بیرم لە داهاتوو نەكرۆتەوە لەبەر ئەوەی من زۆر حەز ناكەم نەخشە بۆ دواڕۆژێكی دوور دا بنێم. بەڵام وەك كوردێك دەمەوێت ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم ئەزمونەم ببێت بە هاوكاری بۆ گەنجی كورد.
داهاتویەكی زۆر گەش پێشبینی دەكەم
لەوەڵامی پرسیاری چ جیاوازییەك دەبینی لە نێوان پاڵەوانیەتی لە كوردستان و لە دەرەوە ؟ ئەو پاڵەوانە كوردە وابۆمان دوا: ئاستی كیك بۆكسینگی هۆڵەندا لە لوتكەی جیهانە، ئاستی كیك بۆكسینگ لە كوردستان بەرز نییە، جیاوازی یەكجار زۆرە، هۆكاری سەرەكی ئەم جیاوازییە ئەوەیە كە كوردوستان رووبە ڕووی چەندەها جەنگ بۆتەوە بۆیە نەیتوانیوە پێش بكەوێت، بەڵام من داهاتوییەكی زۆر گەش پێشبینی دەكەم، چونكە گەنجی كورد توانای ئەوەی هەیە كوردستان بگەیەنن بە لووتكەی ئەم وەرزشە.









