شەنگە هاوار كاكەیی
هەڵواسینی وێنەی سیستانی لە فەرمانگە فەرمییەكانی شاری كەركووك، لەلایەن هاووڵاتیانی ئەم شارەو كوردستانیانی هەر چوار پارچەی كوردستان ناڕەزاییەكی زۆری لێكەوتەوە، بەو پێیەی سیاسەتی داگیركردن و سەپاندنی هێزی چەكداری و زەوتكردنی ماڵ و موڵكی كەركووكییەكان شتێكی تازە نییەو مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە.
كەركووكییەكان راهاتوون لەسەر پەیڕەبوونی ئەم دیماگۆجیەت و سیاسەتە بەپێوەری عورف و مەنتیق جا بەدەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان بووبێ یاخود بە پاڵپشتی دەستی چەپەڵی خیانەتكاران و هێزە ناوەكییەكان، دەرەئەنجامیش هەڵكوتینی یەك راستییە كەوا دۆزی كەركووك سەنگی مەحەكە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان.
ئەم كێشمەكێشانە لە گۆڕەپانەكەدا كە دەستیپێكرد چ بە تەعریبكردنی ئەم شارە، چ بە زەوتكردنی سەرەوت سامانیان و چ بەئاوارەبوونیان یان بەقەدەغەكردنی ئاخاوتن و نووسین بەزمانی شیرینی دایك و..هتد، لەپێناو شڵەژاندنی رەوشی ئارامییە لەو شارە كە ئاسایی نییەو هەمیشە هاووڵاتیانی شارەكە رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتە ئیقلیمییەكان بوونەتەوەو بە دڵگەرمی و بە رۆحی بەرخودان و مقاوەمەت دەرهاوێشتە نەرێنییەكانیانی ئەم سیاسەتەیان سڕكرۆتەوە. هەروەها هەمیشە لەگەڵ سەرهەڵدانی رۆژێكی نوێ پرسیاری ئاخۆ تەماحەكانی وڵاتە دراوسێكان لە ئێران و توركیا ئەم جارە چۆن ئاشی ئەم شارە دەگێڕن؟. بۆیە ئەگەر وێنەی سەرۆكی توركیاش فەرمایشتەی سەر فەرمانگاكان بكەن و بە پیتی گەورە لەسەر وێنەكە بنووسن ئێرە مۆڵگەی توركستانە یان ئێرانە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێ كەوا كەركووك شارێكی كوردستانییە و ئەم دەرهاوێشتانەش بریتی بوونێك نییە بۆ شارنشینانی كەركووك و تۆزقاڵێك لە هیمەت و خۆڕاگری و ورەیان كەمناكاتەوە.
ئەمانە كە گەواهیدەری ئەو راستییەن كەوا بڵێسەی موقاوەمەت و بەرەنگاری نابێتە خەوشێك بۆ تاكی كەركووكی، كە پەنا بۆ هیچ پارتێكی دیاریكراوی كوردیش بەرێ لە سەوز بوون و چاندنی تۆوی رۆحی كوردایەتی و مەردایەتی كەوا لەدڵ و دەروونیان گەرمترە لە گڕی باباگوڕگوڕ، بەڵام ستەم هەر ستەمە، ئەم وێنانە كە بووەتە جێگەی سوختی هاووڵاتیان و لەپاڵیدا دەنگی ناڕەزایەتییەكانیان بەرز بووەتەوە تەنها بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە جیهان، كەوا داگیركەرانەی شیعەگەرایی دونیای كەركووكیان بەخیانەت تلداوەو هیچی تر نا! چونكە كەركووك پایتەختی دڵی كوردانە، ئەم هاشوهووشەی ئێستاش لە سەردەمی حزبی بەعس و سەدام حوسێن بەرپابوو، بەڵام سەركەوتوو نەبوون و ئێستا ئەو رۆژگارانە لە زبڵدان و حاویەكانی مێژوو پەڕەكانی هەڵدەدرێنەوە!!! بۆێە موژدەی بێ مەفادی ئەم هەوڵانەش لەئارادایە، چونكە نە دیمۆگرافیای شارەكە هەڵدەتەكێ نە كەركووكییەكانیش شوناسی نەتەوەییان لێ زەوت دەكرێ، نە كەشی ئەم شارەش كوردبوون تیایدا دەكوژێتەوە، هەروەها نە ئەتمۆسفیری بەتەپ و تۆزی خیانەت هەڵدەبرسكێ، كە سیمای ئەم شارە بە چەندان وێنەی هەندێ كەسایەتی رازاوەتەوە بێ ئاڵای كوردستان و وێنەی شەهیدانمان، ئەمەش خۆی لەخۆیدا راگەیەندراوی واتایەكە بۆ مانای زەوتكردن و داگیركردنی مافی هاووڵاتیانی سڤیل كە لە هیچ بیردۆز و قاموسی سیاسەتدا دانی پێدا نەنراوە.
هەرچەندە زمانی سەردەم زمانی گفتوگۆ و دیالۆگە لە دونیای ئەمڕۆی سیاسەت، بەڵام بۆ قەدەر و چارەنوسی كورد بانێك و دوو هەوایە، بەو پێیەی وێنەكانی مەرجەعی شیعە لە شارەكانی باشووری عێراق و پایتەختی عێراق قەدەغەكراوە، كەچی لە شاری شاران ئەم وێنەیە دەشەكێتەوە لەسەر بیلدینگ و فەرمانگەكان، پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ بۆ دەبێ كەركووكییەكان دڵسۆزی مەرجەعی شیعە بن! تا رادەی ناهۆشمەندی، بێ ئاگایی، لە بری ئەو خزمەتگوزارییە بەرچاوانەی كەوا پێشكەش بەو شارە كراوە.
تەنها رێگە كە لە بەردەممان مابێ، گەڕانەوەیە بۆ هەنگاونان و ساڕێژكردنی برینی كەركووكەكەمان، گەڕانەوەیە بۆ حیكمەتی سەرۆك بارزانی كە كلیلی چارەسەریی سەرجەم هاوكێشە سیاسییەكانی پێیە، هەرچەندە شانزەی ئۆكتۆبەر مێژوویەكی زۆر تاڵە، بەڵام لەگۆڕەپان و واقیعی سیاسی ئەمڕۆی كەركووكدا دەتوانین وەكو پاداشت پۆلینی بكەین كە هەڵواسینی وێنەی مەرجەعی شیعە لە شارەكە یەكێكە لەو ئینجازاتە گرنگانەی كە هاوكات و هاوتەریب بوو لەگەڵ لێدوانی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی بۆ سڕینەوەی مافە دەستوورییەكانی كورد لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵدا. ئەم بچووك بینینە لە دونیای سیاسەتدا خۆی پازدانێكە لەسەر زەوتكردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكان و یەك پێناسەی هەیە كە ئەویش ئەوەیە كەوا كەركووك داگیركراوە و بە هەناسەی داگیركەر مەحكومە، بۆیە بوێری دەسەڵاتی داگیركەر حەقە بەوە نەوەستێ و با بەیانی شارەكە بە وێنەی كەسانی دیكەی ئێرانیش بڕازێننەوە، چونكە لە دەرئەنجام ئەم شارە لەژێر چەتری داگیركارییە، ئەم شارە حاڵی حازر بێ پێشەوایە، بێ رابەر و بێ خاوەنە و بێ ئیرادەی كوردییە، بۆیە تا گەڕانەوەی شەرعیەت و شەراكەتی راستەقینە بۆ ئەو شارە هەر دەڵێین كەركووك دڵی كوردانە.
❊ ماستەر لە یاسای گشتی/ زانكۆی حیكمە بەیروت.









