شێركۆ حەبیب
گرنگیدان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای دروست و لێكتێگەیشتن لە دێرزمانەوە هۆكاری پتەوكردن دوستایەتی و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان میللەتان و بەرەوپێشوەچوون و گەشەكردنی ژیانی كۆمەڵگا بووە، هەروەها هۆكارو ئامرازێك بووە بۆ پێشكەوتنی شارستانییەت. ئەگەر چی پەیوەندییەكانی كوردستان زۆر هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە، نەخاسمە پەیوەندییە نێوخۆییەكان كە زۆرجار لە بەرژەوەندیی ئەم لایەن و ئەو لایەن تووشی شكەست هاتووە و تەنانەت كاریگەری لەسەر پەیوەندییە دەرەكییەكان كردووە، تا ئەمرۆش كوردستان بەو دەردەوە گرفتارە، كە بەداخەوە گوتاری سیاسیی یەكگرتووی نییە، ئەمەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی ئەجندای هەندێ حزبی سیاسی و لایەنی سەر گۆرەپانی سیاسی كوردستان كە بەرژەوەندیەكانیان بەستۆتەوە بە ئەجندای دەرەكی. گومان نییە ئەو ئەجندا دەرەكییانە، بەتایبەتی ئەجندای وڵاتانی هەرێمی كە هەردەم لە هەوڵی لەناوبردنی خەون و ئاواتی میللەتی كورد بووە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، تەنانەت ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە بۆمان دەردەكەوێ كە چۆن و بە چ شێوازێك دژایەتی كوردیان كردووە، دوایینیان دژایەتیی گشتپرسی و سەربەخۆیی كوردستان بوو، كە ئەمەش بە هاوكاری لایەنێكی ناوەخۆ، جارێكی دیكە مێژوو دووبارە بووەوە و خەونی سەد ساڵەی كوردیان لەباربرد.
دوای گشتپرسی هەندێ لایەنی دەرەكی و ناوەخۆ لەو باوەڕەدابوون كەوا كورد ئیتر ناتوانێت هەنگاوێك بەودیوی سنوور بهاوێت، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی، لەو باوەڕە نەبوون كە سەرۆك بارزانی دەبێتە مەرجەعی نەتەوەیەك و بینیمان كە جەنابیان چۆن لەلایەن شاندی باڵا و بەرزی وڵاتان سەردانی دەكرێت، راستە نەبووین بەدەوڵەت، بەڵام گشتپرسی بوو بە ئامرازێك بۆ ئەوەی نێوەندەكانی جیهان زیاتر لە دۆزی كورد بگەن و بایەخی پێبدەن و لە هۆكارەكەی گەیشتن كە بۆچی كورد دەیەوێ دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ، جگە لەوەی مافێكی یاسایی و سروشتی خۆیەتی، بەڵام دەزانن كەوا عێراق بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت.
سەردانی جێگری سەرۆكی زڵهێزترین دەوڵەتی جیهان بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم و جەنابی سەرۆك وەزیران، بێگومان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، كە كورد توانی ئەو پەیوەندییانە بپارێزت و بەتینتریان بكات، لێرەدا ئەوەی ئەمرۆ پێویستە لەسەر سەركردایەتی كورد، جگە لە یەكهەڵوێستی و تەبایی و ئەجندای كوردستانی دوور لە كاریگەری دەرەكی، پێویستە لۆبییەكی بەهێز لە سەرانسەری جیهان دروست بكات كە بەداخەوە تاوەكو ئیستا لەو بارەوە لاوازین، دەبێ لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئەمریكا لۆبییەكی بەهێزمان هەبێت، نەخاسمە لە كاتی ئێستاو ئایندە عێراق روون نییە بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێت و هەڵوێست و بۆچوونەكان وا ئاماژە دەكەن كاتێك هەندێ لایەن لەم كات و ساتە داوای هەمواركردنی دەستوور دەكەن كە لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، بۆیە دەبێ سەركردایەتیی كورد زۆر بە هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بكات و لەئاستی بەرز گفتوگۆكان بەرێوە بچێت، نابێ ئەم جارە هیچ هەلێك لەدەست بدات، بێگومان عێراقێكی دیموكراسی فیدراڵی فرەیی بۆ ئێمە باشترە لەم كات و ساتە تا كاتێكی گونجاو دەرەخسێت، بەڵام ئەو عێراقەی ئێمە گەرەكمانە دێتە ئاراوە، ئەوە ئایندەیەكی نزیك ئەو وەڵامەمان دەداتەوە.









