كاروان محەمەد سینۆ
رۆژی شەممە 23ی نۆڤەمبەر، بەسەردانێكی كتوپڕو ڕانەگەینراو، (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە عێراق. سەرەتا (پێنس) لە بنكەی سەربازی ئەمریكی (عەین ئەلئەسەد) كە دەكەوێتە رۆژئاوای عێراق دابەزی و لەوێوە بە تەلەفۆن پەیوەندی كرد لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دۆخی ئەمڕۆی عێراق و قەیرانی خۆپیشاندانەكان و هەژموونی ئیران بەسەر عێراق لەگەڵی تاوتۆكرد. لە ئێوارەی هەمان رۆژدا، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە رێگای فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كۆبووەوە. هەڵبەت ئەمڕۆ كوردستان ژمارەیەكی گرنگ و كاریگەرە لە هاوكێشەی سیاسی عێراق و ناوچەكە بەگشتی. هەروەها پێگەی جوگرافی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە (یەدەگی نەوت و گاز) هەرێمی خستۆتە سەر نەخشەی ئابووری جیهان و ئێستا كوردستان كارەكتەرێكی كاریگەرە لە سیاسەت و سیاسەتی ووزە لەجیهاندا. بێشك سەردانی (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق و كوردستان لەم سات و ئانەدا و بەم شێوەو شێوازە، هەڵبەت ڕامان و ڕوانگە و هەڵنجانی تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها ئەم سەردانەی (پێنس) هەرئاوا كوتوپڕو ڕەمەكی و بێ بەرنامە نەبووە، بەڵكو سەرۆكی ئەمریكا (دۆناڵد ترامپ)و دەست و پەیوەندەكان لە نێو كۆشكی سپی، زۆربەروردی بەرنامەو كات و شوێنی ئەم سەردانەی (پێنس)یان داڕشتووەوە تەنانەت گوتارو رەفتارەكانی (پێنس)یش پێشوەختە بە وردی دیارو دەستنیشانیان كردووەو (مایك پێنس)یش وەكو بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی ئەمریكا ئەم گەشتە سیاسیەی ئەمریكای بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بەجێگەیاند. هەڵبەت ئەم سەردانەی (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كوردستان، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها لەلایەكی دیكەشەوە گرنگی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە بۆ خودی دەسەڵاتی ئێستای ئەمریكا (ترامپ و پێنس)و تیمەكەیان. گرنگی ئەم سەردانەی (پێنس) بۆ كوردستان لەوەدایە كە: دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتووبەر2017 و لە ئەنجامی بێ هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترامب بەرامبەر هێڕشەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی و هاندەر و هاوپەیمانەكانیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان. هەروەها لە 9ی ئۆكتۆبەری2019 لە خیانەتێكی چاوەڕواننەكراودا، كتوپڕ دۆناڵد تڕامپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایدا لە رۆژاڤای كوردستاندا، ئەمەش بووە ئەگەری ئەوەی توركیا هێڕش بكاتە سەر رۆژئاڤای كوردستان و بەسەدان كورد كوژران و بە هەزاران برینداربوون و سەدان هەزاركەس و ماڵباتی كورد ئاوارەو دەربەدەربوون و لە هەمان كاتدا روسیا هەژموونی خۆی لەو دەڤەرەدا توكمە و كاراتر كرد. ئینجا دواتر دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە گوتارێكیدا گوتبووی: “ئێمە پارەو چەكمان بە كورد داوە”. ئەم گوتەی دۆناڵد تڕامپ دڵگرانی و كارگەرییەكی زۆرنەرێنی لەسەر ناخ و ویژدان و دەروونی هەرتاكێكی كورد دروستكرد، تا ئەوڕادەی سەرۆك مسعود بارزانی لە نامەیەكی كراوەدا وەڵامی دۆناڵد ترامپی دایەوە و بەرێزیان فەرمووی: “خوێنی كورد زۆر لە چەك و پارە، بەهادارترە “. هەڵبەت ئەم بویەر و رووداو و هەڵوێستانەی دۆناڵد ترامپ ببووە ئەگەری ئەوەی جۆرە سستیێك بكەوێتە نێو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیدارەی دۆناڵد ترامپ (نەك وڵاتی ئەمریكا)، وێدەچی دواجار دۆناڵد ترامپ و تیمەكەی لە كۆشكی سپی ئەمریكادا هەستیان بەم سستییەی پەیوەندییەكان كردبێ و هەستیان بەوە كرد كە خیانەتیان لە كورد كردووەو دڵی یەكەیەكەی تاكی كوردیان ئێشاندووە. بۆیە ئەگەرو ئامانجی سەرەكی سەردانی (مایك پێنس) بەم شێوەو شێوازە بۆ ئاشتكردنەوەو دڵدانەوەو دڵنیاییكردنی كورد بووە لە دۆستایەتی ئەمریكاو بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. لەلایەكی دیكەوە ئەم سەردانەی (مایك پێنس) جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كوردستان سوودو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ دۆناڵد ترامپ و تیمیەكەی لە كۆشكی سپیدا، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لەسایەی سیاسەتی دۆناڵد ترامپ هەژموونی ئەمریكا لە سوریاو توركیاو عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر لاواز بووەو كۆنگرێسی ئەمریكا هەستیان بەم لاوازییەی ئەمریكا كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. هەروەها ئێستاكە دۆناڵد ترامپ وەكو سەرۆكی ئەمریكا پێگەی جەماوەری خۆی لەدەستداوەوە و خودی ترامپ مەترسی ئەوەی هەیە كە لە هەڵبژاردنەكانی2020 كورسی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەدەست نەهێنێتەوە. ئەوەشمان لەبیرنەچێ كە ئەمڕۆ دۆناڵدترامپ لەژێر هەڕەشەی لابردنە لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكا. لەبەر ئەمە دۆناڵد ترامپ هیوایەكی بەم سەردانەی (مایك پێنس) بەستووە وەكو پێشڤەچوونێك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاو بەڵكو چەند خاڵێك كۆبكاتەوە لە كێبڕكێی دووبارە گەیشتن بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2020. دەكرێ بڵین بەشێوەیەكی گشتی ئەم سەردانەی (مایك پێنس) سەركەوتووبوو لە مژاری دڵنیایی و تۆكمەكردن و پێشڤەبرنی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمریكا. ماوە بەشێنەیی بڵیم.. كە ئەم سەردانەی (مایك پێنس) سەردانێكی دیپلۆماسی و دڵنەوایی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بوو. واچاكە ئێمە وەكو میللەتی كورد زیاتر لە قەبارەی خۆی بەم سەردانە نەبەخشین و هیواو و ئاوات و خەونی ڕەنگاو ڕەنگی خۆمان سەدلەسەد هاوبەستە نەكەین بەم سەردانە. بەڵێ راستە سەردانێكی دیپلۆماسی سەركەوتووبوو و دەتوانم بڵێم دەكرێ ببێتە ئەگەرو فاكتەری گەڕانەوەی دۆستایەتی و متانەو هاوكاری نێوان هەردوولا ئەگەرچی دوارۆژی دۆناڵد ترامپ ئێستاكە مسۆگەر نییە، بەڵام دەبێ لەمەودوا شتەكان وەكوخۆیان بخوێنیینەوەو وەكوخ ۆیان هەڵسەنگێنین و وەكو خۆیان مامەڵەیانە لەگەڵدا بكەین.









