راپۆرت/ مسلم دۆلەمەری
گەلی زورەگڤان لە ناوچەی بارزان یەكێكە لە شوێنە فێنك و دڵ رفێنەكانی كوردستان، ساڵانە سەدان گەشتیار رووی تێدەكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە هەندێجار بەهۆی هێشتنەوەی پاشماوەكانیان سیمای ئەم سروشتە جوانە و دڵگیرە تێك دەدەن، بۆ ئەم بنكەی گەشتوگوزار مێرگەسۆر لە هەفتەی رابردوو هەڵمەتێكی پاكردنەوەی بۆ ئەنجامدا، بۆ هەمان مەبەست رێكخراوی كوردستان فۆتۆ بەهاوكاری رێكخراوی گوڵ وسروشت بەبەشداری شارەوانی نزار و كۆمپانیای پاپاگروپ و بەشداری دەیان لاوی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان لەهەلمەتێكدا هەستان بە پاككردنەوەی تەواوی گەڵی زورەگڤان، لەم راپۆرتەدا زیاتر تیشك دەخەمە سەرئەم چالاكییە. سەفەر سوار بەرپرسی بنكەی گەشتوگوزاری مێرگەسۆر گوتی: وەك ئەركێك بۆ پاككردنەوەی شوێنەكانی گەشتیاری و پاراستنی سروشتی كوردستان و هاوكاری و ئامادەكاری بۆ فیستیڤاڵی شاخەوانی كە لە لایەن سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی لە 6و7ی مانگی 12 سازدەكرێ هەڵمەتێكی پاكردنەوەمان لە هەفتەی رابردوو لە رێگەی تیمێكی 20 كەسی ئەنجامدا و توانرا زیاتر لە دوو تەكتەر زبڵ كۆبكرێتەوە و فرێبدرێ. ئاسۆ كەریم سەرۆكی رێكخراوی كوردستان فۆتۆ گوتی: بیرۆكەی هەڵمەتی پاككردنەوەی گەلی زۆرەگڤان لە لایەن فۆتۆگرافەران بەرلە مانگێك من دامناوە بۆئەوەی هەم لاوانمان فێری هەرەوەزی بن بۆ بابەتی پاككردنەوەی سروشت و هەم بۆ ئەوەی ئەندامانمان واتە وێنەگرەكان بەشوێنەكان ئاشنابن و وەرزی ئێستا كە وەرزی تێكەلی رەنگەكانە بۆ وێنەگرتن زۆر جوان و گونجاوە، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو رۆشنبیریەی كە پێویستە بۆسروشت بیكەین كەبچوكترین شتە ئەویش فیری پاكراگرتنی بین و بیپارێزین چونكە بەداخەوە كە گەشتیارانمان رەچاوی هەموشتێك ناكەن نموونە ئەوەی ئەمرۆ بینیمان كۆمەلێ شتی سەرەتاین كە فرێیان داوە وەكو دەبەی ئاو قاپی پلاستیكی و شتی تر سوپاس بۆ برادەران كە توانیمان تا رادەیەك ئەمرۆ گەلی زورەگڤان پاك بكەینەوە، هەروەها بەردەوامیش دەبین بۆ زۆربەی ناوچەكانی كوردستان چونكە رێكخراوەكەمان كوردستانیە. تاهر سالح ئالكەی سەرۆكی رێكخراوی گوڵ و سروشت گوتی: سوپاس بۆ برادەرانی رێكخراوی كوردستان فۆتۆ و بۆ شارەوانی نزار و كۆمپانیای پاپا گروپ كە لەگەڵ ئێمە بەشداربون لە هەڵمەتی پاككردنەوەی گەلێ زورەگڤان كە ئامانجمان لەم هەڵمەتە بیر هێنانەوەی ژینگەپارێزی بووە كە كەلتورێكە لەباب وباپیرانمان بۆمان ماوەتەوە. رامیار دلشاد ئەحمەد دانیشتوی شاری سلێمانی بەشداربووی ئەم هەڵمەتە گوتی: من وەكو ئەندامی رێكخراوی كوردستان فۆتۆ لە شاری سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەك لە برادەران هاتوین كە بەهەماهەنگی رێكخراوی تر هەستین بە پاككردنەوەی سەیرانگەی گەڵی زورەگڤان، من یەكەم جارە بێم بۆ ئەم دەڤەرە بەراستی ناوچەیەكی دڵرفێن و خۆشە بەتایبەتی گەڵی زورەگڤان زۆر دڵگر و جوانە، بەڵام بەداخەوە كە گەشتیاران نەیان پاراستوە و پیسیان كردووە بۆیە داواكارم كە رێز لە ژینگە بگرن و بیپارێزن چونكە بەراستی زوڵمە ئەم شوێنە دڵرفێنانە پاشماوەی لێبێت. حەلیمە رەشید عوسمان وەكو لاوێكی دەڤەری باڵەكایەتی گوتی: من وەكو كچێكی دەڤەری باڵەكایەتی لەگەڵ رێكخراوی كوردستان فۆتۆ بەشداری هەڵمەتی پاككردنەوەی گەڵی زورەگڤانم كردوە، شوێنێكی گەشتیاری سەرنجراكێش و پڕ لە جوانیە، بەڵام بەداخەوە وەكو زۆربەی شوێنە گەشتیاریەكانی تری كوردستان ئەم شوێنەش نەپارێزراوە بۆیە ئەمرۆ ئەم هەلمەتەمان راگەیاندووە و هەستاین بەپاككردنەوەی ئەم سەیرانگە دڵرفێن و جوانە. نەبەز رەشاد حمەد بەرپرسی هەولێری رێكخراوی كوردستان فۆتۆ گوتی: ئەم بیرۆكەیە لەلایەن سەرۆكی رێكخراوەكەمان كاك ئاسۆ دانراوە، ئەمرۆ سەردانی گەلێ زورەگڤانمان كردووە لەپاڵ كاری وێنە گریمان هەستاین بە كۆكردنەوەی ئەو پاشماوانەی كە بەداخەوە گەشتیاران بەجێیان هێشتوە بۆیە داواكارم كە هەندێ رینەمای تایبەت و سزا دابنرێت بۆئەوانەی كە پاشماوەكانیان لەشوێنە گەشتیارییەكان جێدێلن. لەكۆتایدا رەوەند سەعید كاكە شێخ بەشداربویەكی هەلەبجەی شەهید گوتی: : دڵخۆشم كە وەكو لقی هەلەبجەی كوردستان فۆتۆ هاتومە ئەم دەڤەرە بەگشتی و گەڵی زورەگڤان بەتایبەتی چونكە بەراستی شوێنێكی تابلێی دڵگر و دڵڕفێنە بۆیە بەشداربوونمان لەم هەڵمەتە گرنگ بوو چونكە هەم وێنەی جوانمان گرت و هەم توانیمان تارادەیەك ئەم سروشتە جوانە لە پاشماوەكان پاكبكەینەوە. ئەنوەر دۆلۆمەڕی سەرۆكی سەنتەری بارزان بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی گوتی: دەستی هەموو لایەك خۆش بۆ ئەم كارە جوانە، ئێمەش ئامادەكاریمان تەواو كردووە بۆ سازدانی یەكەم فیستیڤاڵی شاخەوانی پایز لە گەلی زۆرەگڤان لە رێكەوتی 6و 7/12/2019 بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە گروپی شاخەوانی چەندان چالاكی لە فیستیڤالەكە پێشكەش دەكەین، هاتن بۆ هەمووانە بەڵام مەرجەكانی بەشداربون راچاوبكەن.
سهرهتا بهدواداچوون بە هەماهەنگی چەند دەزگایەك هەڵمەتێك بۆ پاكردنەوەی گەلی زورەگڤان لە بارزان بەرێوەچوو...









