پیران ئەمیر
بەڕای زۆربەی چاودێران و سیاسەتوانان، دواڕۆژی كوردستان لە دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری دوو ساڵ پێش ئێستا بەرەو تاریكی دەڕۆیشت و ئیتر هەرێمی كوردستان تەنیا لە یادەوەریدا دەمایەوە، بەڵام كاریزمایی و لێهاتوویی و دونیابینیی فراوانی نێچیرڤان بارزانی هەموو ئەگەری چاوێران و سیاسییەكان و نەیارانی پێچەوانە كردەوە و كوردستانی لە سەردەمی ئابڵوقەدانەوە گواستەوە بۆ قۆناغی كرانەوە بەڕووی جیهاندا و گواستنەوەی گۆشەی بینینی چاوی جیهان بۆ هەولێر كە لەو قۆناغەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئابڵوقەكانی شكاند و پەیوەندییەكانی فراوان كرد و هیوایەكی نوێی بە كوردستانیان بەخشی، لەسەر ئاستی ژیانی تاكیش ئابووریی كوردستانی بەهێزكردەوە و سیستەمی نیوە مووچە و سێ مانگە مووچە كۆتاییهات، بەجۆرێك هەموو فەرمانبەران بە سی ڕۆژی مانگێك مافی خۆیان وەردەگرن.
ئێستا قۆناغێكی نوێتر هاتووەتە پێشەوە و هەر لەسەردەستی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام ئەمجارە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بارەگای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی كردووەتە قیبلەی كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و رەنگەكان و یار و نەیار لە دەوری یەك مێزی گفتوگۆ كۆكردووەتەوە و سەنگ و قورسایی هەرێمی كوردستانی نیشانی دەرەوە داوە. ئەمجۆرە سیاسەتە سەركەوتووەی سەرۆكی هەرێم بووە بە جێگای تێڕامانی سیاسییە جیهانییەكان و پێشوازیی گەرمی لێكراوە و قورسایی سیاسیی بۆ كوردستان دروستكردووە، هەر ئەم قورساییە سیاسییە لە داهاتوویەكی نزیكدا فراوانبوونی جوگرافیاشی بەدوادادێت بە گەڕانەوەی كورد و پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نزیكە.
بێگومان هاتنی ڕاستەوخۆی مایك پێنس بۆ هەرێمی كوردستان دەلالەتە لە پێشكەوتن و فراوانبوونی دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان و قورسایی هەولێر لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان دەردەخات، بە تایبەت كە پێنس سەردانەكەی لە كوردستانەوە بۆ بەغدا درێژ كردەوە و لەوێ هیچكام لە سەركردەكانی عێراقی نەبینیوە وەك ئەوەی لە كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم ئەنجامیدا و سوپاس و رێز و پێزانینی سەرۆكی ئەمەریكای بە رێزدار نێچیرڤان بارزانی گەیاند، ئەمەریكاش لە سەنگ و قورسایی و پێگەی كورد و سەركردایەتییەكەی لە ناوچەكە تێدەگات و نیگەرانییەكانی بەهەند وەردەگرێت و خوازیاری پەیوەندیی باشی هاوپەیمانانەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی.
وەك هەموومان بینیمان پێنس وەك جێگری سەرۆكی وڵاتی زلهێزی جیهان شانازی بە سەردانەكەی بۆ هەولێر كرد و سوپاسگوزاریی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بوو و هەروەها سڵاو و رێزی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاشی پێگەیاند. بێگومان ئەم سەردان و وتانەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كاردانەوەی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سیاسییە فاشیلەكانی بەغدا هەراسان دەكات، بەڵام ڕوون و ئاشكرایە عێراقی دوای داعش هیچ پێگەیەكی بۆ ئەوانە تێدا نییە كە بوونە هۆی پەرەسەندن و فراوانبوونی قەڵەمڕەوەكەی، بۆیە هاووڵاتییانی كوردستان بەدڵنیایی تەواوەتییەوە گەشبینن بە ئایندەیان و چاوەڕێی سەركەوتنی زیاتر لە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەكەن.









