فەرحان جەوهەر
وەكو دیارە ناوچەكە ئەم جارەش ژانی لەدایكبوونی بارودۆخێكی نوێی گرتووە، بەڵام پێناچێت ئەمجارەش لە بەرژەوەندی كورد بشكێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێ و بەپێی دروشمەكانی خەڵكە ناڕازییەكەی بەغدا و باشووربێ دیارە تێگەیشتنێكی باشیان بۆ مەسەلەی كورد لە عێراقدا نییە، نەك هەر ئەمە بەڵكو گەلێكیان هەرێمی كوردستان بەزیادەو سەرچاوەی نەهامەتیەكانی خۆیان دەزانن، بۆیە پێموایە بەسەركەوتنی ئەمانە كێشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا قووڵتر دەبنەوە، جگەلەمەش بەسەركەوتنیان بەسەر ئەو چینە سیاسییەی ئێستای حوكمڕان، عێراق نابێتە وڵاتێكی دیموكراتی و مەدەنی، ئەو دروشمانەی رۆژانە خەڵكە راپەڕیوەكەی دەڵێنەوەو گوێمان لێ دەبێ هەر هەمان كولتوور و ئاوازی پێشووە بە گۆڕانێكی كەم و ناچارییەوە، وەك بروح و بددەمی سەردەمی بەعسییەكان هەر بەردەوامەو تەنها ناوی سەددامیان لێ كردۆتەوە، ئەمەشیان رەنگە هەر لە ترسان بێ، بۆیە بەم كولتوورە دەوڵەتی مەدەنی دانامەزرێ و هیچ ماف و ئازادێكیش لە رێی خوێنەوە بەدەست ناهێت، ئەوەی بەخوێن بەدەست بهێنی هەر بەخوێنیش لە دەستی دەدەی ئەمڕۆنا سبەی، لەگەڵ ئەوەشدا مافی خەڵكە خەبات بكەن بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادیەكانیان، ئەو شۆڕشەی عێراق یەك شتی گرنگی سەلماند ئەویش ئەوەیە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق كە خۆی لە حكوومەت و پەرلەماندا دەنوێنێت، هیچ ترووسكایەكی دیموكراتی تێدا نییەو پێناچێت ئەمانە بەهەڵبژاردنی دەنگی خەڵك هاتبن، چونكە هەر وڵاتێك پەرلەمانی هەڵبژێردراوی هەبێ نابێ بەم شێوازە مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتیەكانی خەڵك بكات، ئەگەر راست بێ ئەوان نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵك بن پێویست بوو دوای نەگەیشتنە چارەسەر یەكسەر خۆیان هەڵبوەشێندبایەوەو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان بكردایەو خەڵكیان نقومی گۆمی خوێن نەكردبایە، لە بەریتانیا لەماوەی ئەم خولەی پەرلەماندا ئەمە سێیەم جارە هەڵبژاردنی تێدا بكرێ، هەر حكوومەت و پەرلەمانێك نەیانتوانی لەگەڵ خەڵكی ناڕازی بگەنە ئەنجامێك خۆیان حەل دەكەن و وڵات دووچاری گێژاوی نادیار ناكەن. ئەوەی كورد پێویستە چی بكات لە عێراق، ئەوەیە نابێ وا تێبگا بە دوورەپەرێزی و بێ لایەنی لە كێشەكانی عێراق دەتوانێ خۆی لە كێشەكان رزگار بكات، بەپێچەوانەوە هەموو كێشەكانی عێراق دواجار زیانیان بۆ ئێمە هەیە، مادام ئێمە بەشێكین لە عێراق پێویستە رۆڵی گرنگیش لە عێراق ببینین، هەرچەندە تاكو ئێستا هەڵوێستی سیاسی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی ئیجابیانەی هەیەو توانیویەتی تا رادەیەكیی باش هاوسەنگی لەنێوان داخوازیەكانی خۆپیشاندەران و بڕیارەكانی حكوومەت بۆ چاكسازیدا راگرێ. بەشداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەكۆبوونەوەكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی و كۆكردنەوەیان بۆ گفتووگۆ لە بارەی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عێراق هەنگاوی ئێجگار پڕبایەخن، هەروەها ناردنی شاندی باڵا لەسەرەتای گرفتەكان لەلایەن سەرۆك بارزانی بۆ بەغداو پێشنیاركردنی كۆمەڵێك چارەسەر بۆ قەیرانەكان زۆر گرنگ بوون، چونكە هەمیشە كۆمەڵێك لە ناوەندی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە عێراق گلەیی و رەخنەی ئەوەیان لە هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی هەبوو كە هەمیشە لە دوورەوە سەیری كێشەكانی عێراق دەكەن، رەنگە لەمەشدا تارادەیەك هەق بن، هەرچەندە دۆخی عێراق ئاڵۆزەو چارەسەركردنی كێشەكانی ئەگەر نەڵێم ئەستەمە ئەوا زۆر زەحمەتە، بەڵام بە خۆ دوورگرتن و بێ لایەن بوونمان لە كێشەكان چارەسەر نییە.
چارەسەربوونی دۆزی كورد لە هەموو پارچەكانی تری كوردستان پەیوەستە بە دۆخی هاتنەئارای كەشێكی دیموكراسی بەبێ بوونی ناوەندی دیوكراسی لەو وڵاتانەی كوردیان تێدا دەژی چارەسەر ئەستەمە، بۆیە بەرلەوەی كورد خەباتی نەتەوەیی بكات، پێویستە لەگەڵ هەموو ئەو هێز و لایەنە دیموكراتی و مەدەنییانەی لەناو ئەو وڵاتانە خەبات بۆ دیموكراتی دەكەن هەماهەنگ و هاو خەبات بن، بۆ سەركەوتنی هێزە دیموكراتخوازەكان لەو وڵاتانە، چونكە بەدیموكراتی نەبێ هێزە سیاسییەكانی نەتەوەی تورك و فارس و عەرەب چ حزبە ئاینییەكانیان یان نەتەوەییەكانیان مافەكانی گەلی كورد ناسەلمێنن.









