راپۆرت ـ پەریها عومەر
لەبازاڕەكانی كوردستان كەلوپەلی خۆراكی بەسەرچوو هەیە و زۆر جار دەستبەسەر كۆگاكاندا دەگیرێت، ئایا پێتوایە هۆشیارییەك لای هاووڵاتیان پەیدابووبێت كە خۆیان لە خۆراكی ماوە بەسەرچوو بەدووربگرن؟ دەبێت هاووڵاتیان بە هۆشیاریەوە لەوە ئاگاداربن كاتێ دەیانەوێ خۆراك و پێداویستی بكڕن بزانن ماوەكەی چەندی ماوە تابەسەر بچێت، لێرەدا بەپێویستمان زانی رای چەند كەسێك لە چین و توێژە جیاجیاكان وەربگرین.
مامۆستا “دەریا بابان ” لەم بارەیەوە دەڵێت: كەلوپەلی ماوە بەسەر چوو زیانی مادی و جەستەیی هەیە، هەمیشە، تاوەكو ئیستا لە وڵاتانی دراوسێوە بە شیوازی جۆراوجۆر كاڵاكانیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ساغدەكەنەوە. بۆ دەرباز بوون لەم كێشەیە دوو رێگا هەیە یەكەم: زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەژێر چاودێری و پشتگیریكردنی حكوومەت. دووەم: سزاو پاداشت هەبێت بەبێ جیاوازی بۆ كەسانی بەرهەمهێن.
”شیرین گەردی” قوتابی زانكۆ دەڵێت: دوو لایانەیە، هەم هاووڵاتیان تائێستا ئەو هۆشیاریەیان لاوازە كە دەچینە هەر ماركێت یان كۆگایەك بۆ كڕینی پێداویستیەكان، بەر لەكڕینی خۆراك و كەرەستەی پێویست سەیری بەرێكەوتی خۆراكەكە ناكەن بۆئەوەی دڵنیاببنەوە لە تێكنەچوون و بەسەر نەچوونی ئەو خۆراكانەی كەپێویستە بیكرێت، بۆیە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە كە رێووشوێنی توند بگرنەبەر بۆ ئەو كەسانەی كە خۆراكی ماوە بەسەر چوو لەسەر رەفەكان یان كۆكاكانیان دەهێڵنەوە، چونكە ئەوە پەیوەستە بەتەندروستی خەڵكەوە.
”ئاشنا بابان” مامۆستای زانستە سیاسیەكان دەڵێت: خۆراكی بەسەرچوو كێشە و گرفتی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دروستدەكات و تا چ ئاستێك هاووڵاتیان وشیارن و زانیاریان هەیە لەسەر مێژووی بەسەرچوونی ئەو خۆراكانەی كە رۆژانە دەخرێنە ناو بازاڕەكانەوە و كاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستی كۆمەڵگا.
ئێمە هەمیشە باسی ئاسایشی نەتەوەیی دەكەین، بەڵام ئاسایشی خوراك گرنگی زۆری هەیە، ئەگەر هاووڵاتی تەندروست نەبێت هیج جیاوازی نیە لەگەل جەنگ، واتا لە كاتی بوونی جەنگ هاووڵاتی دەكوژرێت و كەمئەندام دەبێت لە كاتی نەبوونی ئاسایشی خۆراكیش بەهەمان شێوە هاووڵاتیان زیانمەندی یەكەمن و بە هیواشی دەبنە قوربانی، بە شێوازی خراپتر لە نەخۆشیە ترسناك و نەخۆشیە دریژخایەنەكان.
لیرەوە ئەمەوێ ئەوە بڵێم كە یەكێك لە كارە گرنگەكانی حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و تەندروستی، ئەوەیە پێویستە گرنگیەكی تایبەت بدرێت بەو خوراكانەی كە لەناو بازاڕەكاندا بوونیان هەیە، دەبێ هاووڵاتیان رۆژانە وردبینی لە مێژووی بەسەرچوون و جۆری خوراك و شوێن و كارگەی وەبەرهینانی لێدروستدەكریت هۆشیاریان هەبێت، پییوستە كوالیتی كونتڕوڵ و كوالیتی وردبینی و بەدواداچوون و لێپێچینەوە بەردوامبكرێت.
لە كوردستان پێوستیمان بە ئاسایشی خۆراكە كە لە پیشینەی كاری حكوومەتدابێت، بەواتای دابینكردنی پێداویستی هاووڵاتیان و رەواندنەوەی خەمی هاووڵاتیان بە دابینكردنی خوراك لە هەموو بارودۆخێكداو نرخ و یەكسانی نرخی بازاڕەكان بێجیاوازی بێت، گرنگی بە كوالیتی خۆراك و میژوی بەسەر چوونی بدرێت و هەوڵبدرێت كە حكوومەت هاوكاری و هاندانی جوتیاران بكات و كارئاسانی گواستنەوە و دابینكردنی (كەلوپەل و پێداویستیەكانی كشتوكاڵی و وەبەرهێنانی خۆراكی سرووشتی و تەندروست) بۆ هاووڵاتیان و هاندانی هاووڵاتیان بە بەكارهینانی بەرهەمی ناخۆی و هاوكاری و پشتگیری جوتیاران بكرێت بۆ بوژانەوەی زەوی و كشتوكاڵ و كارگەی ناوخۆیەكان زیاد بكرێت، تا ئاستی سەرتاپای بازاڕەكانی كوردستان داپۆشێت و زیادەكەیشی هەناردە بكیرێت.









