خەبات: هەمزە سەرحان:-
لە هۆڵی رۆشنبیری لە هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی و پەرلەمانتاران و كەسایەتییەكان و هونەرمەندان و ئەدیب و رۆشنبیران و هەوادارانی گۆرانی و مۆسیقا و دەزگاكانی راگەیاندن، دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە دەستی بە كار و چالاكییەكانی كرد.
لە دەستپێكدا فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، وتاری بەخێرهێنانی میوانانی پێشكەش كرد ،ئینجا حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان، وتارێكی پێشكەش كرد پاشان د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، وتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر رۆڵی هونەر و هونەرمەندان و رۆشنبیران لە پێشوەچوونی وڵات و فەرهەنگ و كولتووری خەڵك،ئینجا بڕگەكانی فیستیڤاڵەكە بەنمایشكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی هونەرمەندی خاوەن ئەزموون و خزمەت، مامۆستا وریا ئەحمەد دەست پێكرد.پاشان دەستكرا بە پێشكەشكردنی خەڵاتەكان، بەم شێوەیە: خەڵاتی زێڕین لەلایەن بەڕێز حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەخشرا بە هونەرمەند وریا ئەحمەد،خەڵاتی لۆگۆ لەلایەن بەڕێز د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەخشرا بە هونەرمەند وریا ئەحمەد،خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن بەڕێز ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، بەخشرا بە هونەرمەند وریا ئەحمەد،دواتر مامۆستای هونەرمەند وریا ئەحمەد وتەیەكی پێشكەش كرد و سوپاسی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر كرد بۆ ئەم رێزلێنانە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی بە بواری مۆسیقا و پەروەردەی كردووە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرە لە بەرپرسان و هونەرمەندان رێزی لێ دەنرێ و هیواشی خواست، كە ئەم نەریتە جوانە بۆ لەمەودواش بەردەوام بێ و هونەرمەندان و رۆشنبیران بەسەربكرێنەوە و رێزیان لێ بنرێ، دوای ئەمە بڕگە هونەرییەكانی فیستیڤاڵ پێشكەش كران و سەرەتا گرووپی كۆما سەرخۆبوون كە لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاتوون و بەشداریی ئەم فیستاڤاڵە دەكەن، بە چەپكێك موزیك و گۆرانی ئێوارەكەیان رازاندەوە و پڕ جۆش و خرۆشیان كرد،دوای ئەمان تیپی مۆسیقای كەركووك بەرهەمەكانی خۆی لە مۆسیقا و گۆرانی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و كاتێكی پڕ شادییان بۆ ئامادەبووان رەخساند.
لە دووەم رۆژی فیستیڤاڵی كوردستاندا
هەر سێ گرووپی میوان لە رۆژهەڵات بەشدارییان كرد،سەرەتا تیپی مۆسیقای لوڕ لە سلێمانی نمایشی كارە هونەرییەكانی خۆیان كرد و چەندین پارچە موزیك و گۆرانییان پێشكەش كرد و ئەو ئێوارەی پاییزیان پڕ دەنگ و ئاواز كرد. ئینجا بەڕێز جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەجیاتی تیپی مۆسیقای لوڕ لە سلێمانی، چەپكەگوڵێكی پێشكەش بە بەڕێز فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر كرد، لەبەرامبەر رۆڵیان لە ئەنجامدان و سەرخستنی ئەو فیستیڤاڵ و كارە بەردەوامانەی بێ پسانەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشكەشی دەكات.دوابەدوای ئەوان، گرووپا ئاوازا سەرحەدێ لە باكوور، بە چەندین نمایشی موزیك و گۆرانی هۆڵەكەیان پڕ كرد لە رەسەنایەتی و بووە جێی سەرسامیی ئامادەبووان. لە دوایین بڕگەشدا، تیپی مۆسیقای رۆناك كە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە تەشریفیان هێنابو بە چەپكێ ئاواز و گۆرانیی ناوازە بەشدارییان كرد و دووەم رۆژی دووەم فیستیڤاڵەكەیان پڕ شەوق و شادمانی كرد.لە سێیەمین و كۆتا رۆژیدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان و میوانان و هونەرمەندان، بە بەشداریی هەریەكە لە گرووپە هونەرییەكانی دهۆك، هەڵەبجە، هەولێر كۆتایی بە كارەكانی دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ هونەر و موزیك هێنرا. سەرەتا تیپا روباد یا موزیكی دهۆك ئاواز و سترانی زەڵاڵی لە چیا سەركەشەكانەوە هێنابوو بۆ هەولێر و ئەم ئێوارە پاییزییەی پڕ كرد خرۆش دوای ئەو گرووپی مۆسیقای هەڵەبجە چەپكێك لە دەنگ و سەدای كانی ئاشقان و باڵامبۆی كردە دیاری و لە ئامێزی پیرە قەڵا و منارەی دا. جا نۆرە گەیشتە سەر دوایین گرووپی هونەری، كە گروپی موزیكی هەولێر بوو، كە بە كۆمەڵێك بڕگە و ئاواز و ۆكتێل هۆڵەكەیان پڕ كرد لە سەدای شادی ئامێز.
كۆتایی دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ هونەر و موزیك،لە كۆتایی مەراسیمی فیستیڤاڵەكەشدا، خەڵاتی دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ هونەر و موزیك بەسەر تیپ و گرووپە بەشدارەكان دابەش كرا و بەم جۆرە و لە سێ رۆژیدا، دووەمین فیستیڤاڵی كوردستان بۆ هونەر و موزیك لە هەولێر، لەژێر دروشمی موزیك و گۆرانی. دەنگێك بۆ نیشتمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر/ بەشی هونەرەكانی موزیك بە سەركەوتوویی كۆتای هات.
فۆتۆ/ سەردار قادر











