پارێزەر: عومەر سەیدزادە
لەو رۆژەوەی مەسەلەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق هاتۆتە گۆڕێ ترسێكی گەورە شەقامی كوردی داگرتووە و ئەو پرسیارەیان ورووژاندووە ئایا بەشی عەرەبی عێراق بە سوننەو شیعەوە كە زۆرینەی عێراق پێكدەهێنن دەتوانن بە پشتیوانی ئەو زۆرینەیان دەستوور بەجۆرێك هەموار بكەن لە دەسەڵات و مافەكانی كورد كەم بكەنەوە؟ ترسێكە لە جێگەی خۆیدایە، ئەوەش بێ هۆ و بێ بنەما نیە، چونكە شەقامی عەرەبی كەوتووەتە ژێر كاریگەری ئەو پروپاگەندە دیماگۆژیانەیەی كە ساڵەهای ساڵە تەیاری توندرەوی عەرەبی لە دژی كورد كردوویەتی و دەیكات كە كوردی وا وێنا كردووە دژی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی عێراقە و خوازیارە ئەو پارچە گرنگەی كوردستان كە ئەوان بە پارچەیەك لە (نیشتمانی عەرەبی) دەزانن جیابكەنەوە، نوخبەی سیاسیی عەرەبیش هەمیشە وای تێگەیاندوون كە هەر زێدە مافێكی سیاسی بە كورد بدرێ ئەوا مەترسییەكی زیاتریان بۆ سەر یەكپارچەیی عێراق دروست كردووە، ئەوەش وای كردووە زۆرینەی عەرەبی عێراق بە گیانێكی دۆستانە سەیری كورد نەكەن و بەو مافە سیاسییانەی لە دەستور بە كوردستان دراوە نیگەران ببن و حەز بە كەمكردنەوەی بكەن، بۆیە ئەو دەنگە سیاسییانەی دژی فیدڕاڵین و جەخت لە كەمكردنەوەی مافە سیاسییەكانی كورد لە دەستووردا دەكەنەوە، لە شەقامی عەرەبی عێراقیدا پشتیوانی زۆرە، سەرانی حزبە سیاسییەكانیش كە سەرباری ئەوەی خۆشیان پەروەردەی ژینگەیەكی نادیموكراسین لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو دەنگانەی شەقام ئامادەن كار بۆ كەمكردنەوەی مافە دەستوورییەكانی كورد بكەن. بێگومان باس لەوە ناكەین كە بە پێی رێكارەكانی دەستوور ئاسان نییە و بگرە هەر ناشتوانن بە بێ رەزامەندی پەرلەمان و خەڵكی كوردستان هیچ هەموارێك تێپەڕێنن كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەپرسین ئایا چی زەمانەتە بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی هەرێمی كوردستان؟ ئایا قەناعەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە بەوەی كورد حەقی خۆیەتی ئەو مافانەی هەبێ؟ بێگومان هەروەكو گوتمان ئەوان ئەو جۆرە قەناعەتەیان نییە، بۆیە ئەوەیان زەمانەت نییە. ئەی دەسەڵاتدارانی بەغدا رێزی دەستوور دەگرن و ئامادە نین پێشێلی بكەن و پابەندبوونیان بە دەستوور بووەتە هۆی ئەوەی تا ئێستا رێزی مافەكانی هەرێم بگرن و ئێمەش لەبەر ئەو هۆیەیە دەستوورمان پێ گرنگە؟ بێگومان وەڵامی ئەمەشیان هەر نەخێرە چونكە ئەزموونی 15 ساڵی رابردوو سەلماندی بەغدا وەك پێویست پابەندی دەستوور نەبووە، چونكە زۆرێك لە مادەكانی دەستوریان جێبەجێ نەكردووە بەتایبەتی مادەی140 كە كورد زۆر بە گرنگی دەزانێ؟ هەروا بودجەی هەرێمیان بڕی كە ئەوە نادەستوورییە، هەروا لە16 و20ی ئۆكتۆبەری 2017 پەلاماری هێزی پێشمەرگەیاندا كە بە پێی دەستوور نابێت سوپا و هێزی چەكدار بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی ناوخۆ بەكاربهێنرێت و زۆر پێشلێكاری دیكەش. كەواتە ئەی چی زەمانەتە؟ ئەگەرچی دەستوور زۆر گرنگە بۆ شەرعییەتدان بەو دەسەڵاتانەی هەرێمی كوردستان هەیەتی، بەڵام لە هەمان كاتدا ئامرازی هەرە سەرەكی كە پارێزەری مافە سیاسییەكانی كوردە ئەو هێزەیە كە هەرێمی كوردستان هەیەتی، لە ئایندەشدا دەبێ بە پلەی سەرەكی پشت بە هێز ببەستین بۆ پاراستنی مافە دەستورییەكانمان، بۆیە ئەوەی گرنگە و پێویستە بكرێت بەهێزكردنی زیاتری هەرێمی كوردستانە لە هەموو رویێكەوە لە پاڵ فراوانكردنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.









