كاروان محەمەد سینۆ
بەپێی چاودێری و بەدواداچوون بۆ قەیرانی ئەمڕۆی عێراق بەگشتی و داواكارییە شەرعی و رەواكانی بەشێكی هاوڵاتیانی عێراق لەدابینكردنی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزار و نەهێشتنی گەندەڵی و پەیڕەوكردنی چاكسازی لە دامودەزگاكانی حكوومەتدا، هەست دەكرێ كە دوو ئیرادەی ناكۆك ئیدارە و ئاراستەی خۆپیشاندانەكان دەكات. ئاراستەی یەكەم لە بەرژەوەندی خۆیدا هان و پاڵپشتی خۆپیشاندانەكان دەكات و لە رووی لۆجستی و ڕاگەیاندنەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەكو فێسبوك و تویتەر و ماڵپەڕە جۆراجۆرەكاندا ئامار و چالاكیی خۆپێشاندانەكان و دروشم و هاشتاگ و وێنە و ڤیدیۆكانیان خولەك بە خولەك بڵاودەكاتەوە. ئاراستەی دووەمیش هەوڵدەدات كە خواست و داواكاری و دروشم و كارتەكانی خۆپیشاندەران تێكەڵ بكات و خواست و داواكارییە شەرعی و یاساییەكانی خۆپیشاندەران لە بەرژەوەندی خۆیدا بەلارێدا ببات و لە كاتی پێویستیشدا سواری مەوجەی خۆپێشاندەران دەبێت.. كورد گوتەنی (لەناڵیش دەدات و لە بزماریش دەدات). ئاراستەی یەكەم بریتییە لەو هێزە نادیارە؟! یاخود ئەو لایەنە نادیارە ؟! كە هاندەر و رێكخەر و ئاراستەداری خۆپیشاندەرانە بۆ داواكردنی چاكسازی و خزمەتگوزاری و نەهێشتنی گەندەڵی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە هەر لە سەرەتاوە ئەمانە خواستی خۆرسكی كۆمەڵێك گەنجی عێراق بوو. هەڵبەت ئەمانە خواستی سروشتی و مافی یاسایی و شەرعیی جەماوەرین لە چوارچێوەی عێراقێكی دیموكراتی فیدڕاڵدا و مافی هەر كۆمەڵگایەكی مەدەنییە كە ئەم داواكارییانەی هەبێت، بەڵام ئەو لایەنە نادیارە؟! هەوڵدەدات هەڵچوونی خۆپیشاندەران لە بەرژەوەندی خۆیدا ئاراستە بكات. لە هەمان كاتیشدا هەست دەكرێ كە لایەنی دووەمیش هەیە كە ئیدارەی خۆپیشتاندانەكانی عێراق دەكات و لەپەنای خۆپێشاندەران و لەسەر زاری كەسانی گومانلێكراوی نێردراو بۆ ناو خۆپیشاندەران لە بەردەم كامیرای میدیاكان خواست و داواكاری سیاسی گومانلێكراو بەرزدەكەنەوە كە ئێستا لە بەرژەوەندی خەڵك و دوارۆژ و هێمنی و ئارامی عێراقدا نییە، وەكو گۆڕینی دەستوور و نەهێشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و داهێنانی سیستەمی حوكمڕانی سەرۆكایەتی و…هتد. ئەم ئاراستەیە یاخود ئەم هێزە نادیارە؟! ئەگەرچی لە رواڵەتدا لایەنگری خۆپیشاندەران دەكات، بەڵام لە ناوەڕۆكدا دژی خواستی خۆپیشاندەران و سەروەری و ئازادی عێراقە. بۆیە دەبینین هەردوو لایەن یاخود هەردوو ئیرادەی پشت خۆپیشاندانەكانی عێراق جارێك داوای گۆڕینی دەستوور دەكەن و جارێك داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی عێراق دەكەن و جارێك پێشمەرگە تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستی هەیە لە قەیرانی عێراق و ناوی سەركردە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرت و لێدوانەكانیاندا لەكەدار دەكەن و جارجاریش باس لە پارچەبوونی عێراق دەكەن و…هتد. كە هەموو ئەم خواستانەش دوورن لە داواكارییەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و خەڵكی سڤیلی عێراق لە ئارامی و خۆشگوزەرانی. بەڵام ئەگەر بەشێنەیی لە دۆخی ئەمڕۆی عێراق و لوبنان و ئیران و ئەمریكا وردببینەوە، دەبینی كە ئەمڕۆ ململانێیەكی هەژموونی سیاسی نزیك لە رووبەرووبوونەوە لە عێراق و لوبنان دەگوزەرێ لە نێوان ئەمریكا و ئیران و خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی عێراق و لوبنان تەنها ئامرازن بۆ ئەم ململانێ و رووبەرووبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئیران لە دەڤەرەكەدا.









