قارمان مستەفا
وڵاتانی جیهان بە گۆڕینی یاسای كار و دامەزراندنی فێرگەی تایبەت بۆ پشتگیریكردن لە ئافرەتانی كارەكەر هەوڵیانداوە رێگایەك بدۆزنەوە تاكو ئافرەتان بە ئاسانی بچنە ناو بازاری كار. بە شێوازێكی سادە و ساكار دەتوانین بڵێین لەو حاڵەتەدا ئافرەت داهێنەر دەبێت، كەسایەتییەكی بە ئیرادە و بەتوانا و نەترسی دەبێت كە لە شكست ناترسێت و بە توانای مادی فكرەكەی بەكار دەهێنیت بۆ داهێنان. پێشبینیكردنی ئیجابیانە هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی بیرۆكەكان بگۆڕن بۆ بەرنامەی كار، بە پێچەوانە ئەگەر نێگەتیڤانە بیربكەیتەوە ئەوە داهێنان زۆر سەخت دەبێت و بە بچوكترین كۆسپ دەست لە هەوڵدان هەڵدەگریت. ئاگاداری بیركرنەوەتان بن و رێگە نەدەن كە هەستان بە بیری نێگەتیڤانە لاوازتان بكات، بە قبوڵكردنی راستییەكان و پشتبەستن بە كەسانی گەشبین و راوێژ بە كەسانی شارەزا، بەسەر بەربەستەكانی كاری زاڵ بیت تاكو بتوانی داهینان بكەی. لە لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئافرەتانی داهێنەر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەركەوت كە 70% كۆمپانیا تازە دروستكراوەكان بە هۆی بێ توانای بەڕێوەبەرەكانیان دوای سێ ساڵ شكستیان هێنا، بەڵام ئەو كۆمپانیایانەی كە بەڕێوبەركانیان ئافرەت بووە بە هۆی وردبینی و باوەڕبوون بە چارەسەری كەمتر تووشی شكست بووە. ئافرەتانی داهێنەر دەبێ فێربن لە هەر بەربەستێك كە دێتە پێشان پەندێك وەرگرن و بەمشێوەیە رۆژ بە رۆژ شارەزاییان زیاتر دەبێت هەروەها دەبێ باوەڕبەخۆبوونێكی تەواویان هەبێت، توانا و باوەڕبەخۆبوون واتای دروستكەر و جوڵانەوە لە رێگایەكی راست. دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە پیاوان 45% و ئافرەتان 51% ئەو تایبەتمەندیەیان هەیە. هەروەها لێكۆڵینەوەكان نیشانیانداوە گرنگترین تایبەتمەندی ئافرەتانی سەركەوتوو پەرۆش بوونە بۆ یارمەتیدانی كەسانی دیكە، ئەوەش هاندانێكی بەرز و چالاكی ئابووریانەیە بۆ ئافرەتان. راپرسییەكان نیشانیانداوە لە نێوان كەسانی داهێنەر لە ناو چالاكییە جیاوازەكاندا بۆ نمونە بەدەستهێنانی پارە، سەلماندنی توانا، سودوەرگرتن لە خوێندن، هەست كردن بە یارمەتیدانی كەسانی تر و گۆڕانكاریكردن لە ژیانیان هۆكاری سەرەكییە لە چالاكی بازرگانی ئافرەتان. ئافرەتانی داهێنەر دلسۆز و راستگۆن و پشت بە توانای خۆیان كار دەكەن، بێگومان بۆ سەركەوتن پێویست نییە قوربانی لە دوای خۆت جێبهێلیت. هەست بە كێبڕكێكردنی نێگەتیڤانە لە لای پیاوان زیاترە تا لە ئافرەتان. لە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەو دە ساڵەی رابڕدودا هەر ساڵ 10% رێژەی یارمەتیدانی ئافرەتان زیادبووە، داهێنەران هاوسەنگی لە نێوان ژیان و كاریان دەكەن ناهێلن كاریان كاریگەری بكاتە سەر ژیانیان، لە گەڵ ئەوەی ئافرەتان بەرپرسایەتی ژیانی تایبەت و خێزانیان لە ئەستۆدایە، ئەو ئافرەتانەی كە دەتوانن هاوسەنگی دروستبكەن لە نێوان ژیان و كارەكەیان لە ئافرەتانی تر سەركەوتووترن. ژیانی هاوسەنگ بیری مرۆڤ ئامادە دەكات بۆ داهێنان. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا دەركەوتووە ئەو ئافرەتە داهێنەرانەی كە گرنگی بە ژیانی خێزانی و هاوڕێیەتی و تەندروستی و دەرونی دەدەن سەركەوتووترن لەو كەسانەی كە گرنگی بە شتی دیكە دەدەن. ئەو ئافرەتەی كە دەیەوێت داهێنان بكات دەبێ ئامانجی كاری دیاری بكات و بە شەفافیەت دەركەوێت بۆ ئەوەی دوایی پەشیمان نەبیتەوە. لە لێكۆلینەوەكاندا دەركەوتووە ئەو ئافرەتانەی كە بەرێوەبەرایەتی كاری كۆمپانیایان لە ئەستۆدایە و بە شەفافیەت كارەكانیان رێزبەندی دەكەن لە كارەكانیاندا سەركەوتووترن لە كەسانی تر. داهێنەران دەبێ كارەكانیان بە وردبینی ئەنجام بدەن، چونكە وردبینی كردن زۆر گرنگە بۆ دانانی پلانی تایبەت بە داهێنان، ئەو پرسیارانەی تاكو ئێستاكە وەڵام نەدراونەتەوە یا بە ئەندازەی پێویست جێبەجێ نەكراون كلیلی سەركەوتنن بۆ ئەو ئافرەتانەی كە دەیانەوەێت داهێنان بكەن. ئافرەتان لەبەر ئەوەی زۆر وردبینن و زیاتر لە پیاوان لێكۆڵینەوە دەكەن زووتر دەتوانن نهێنی داهێنان بدۆزنەوە، لە لایەكی ترەوە لە لیكۆلینەوە دەركەوتووە ئافرەتان پێداویستیان زیاترە لە پیاوان لەبەر ئەوە ئافرەتان پێداویستییەكانی بازاڕ باشتر دەناسن و ئەوە پێداویستییانەی كە بەرهەم دەهێنن پێداویستی بازاڕن. زۆربەی ئافرەتانی داهێنەر هاوكارەكانیان فێری شێوازی كاری خۆیان دەكەن ئافرەتان زیاتر لە پیاوان هەول دەدەن بۆ ئەوەی كارەكە فێر بن، هەر ئەو تایبەتمەندییانەیە یارمەتی ئافرەتانی داهێنەر دەدات كە سوود لە ئەزمونی كەسانی تر وەربگرن. داهێنەران بە گشتی دەبی پلانی درێژخایەن بۆ داهینانەكەیان دابڕێژن چونكە بەهێزترین شێوازی بەرەنگاربوونەوەیە و پێش شكستهێنان دەگرێت، ئاگاداربوون و بیركردنەوە لە دەرەنجام یەكێكە لە تایبەتمەییەكانی ئافرەتانی داهێنەرە، لەبەر ئەوەی ئافرەتان دور تەماشای دەكەن بۆیە سەرسەختانە رووبەڕووی گرفتەكان دەبنەوە. هەرچەندە داهێنەری ئافرەت لە سەرتاسەری جیهان زۆر كەمترە لە پیاوان و لە زۆربەی وڵاتانی رێگری جۆراوجۆر هەیە كەچی رۆژبەرۆژ ئافرەتانی داهێنەر لەسەرتاسەری جیهاندا زۆرتر دەبن.









