سازان وەهاب
فشاری خۆنیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا لەسەر حكوومەتی عێراقی و بەتایبەتی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی مانۆڕێكی جەماوەری دەستلەپشتبوونێكی گوماناوییە؟!، مێژووی حوكمڕانی شیعەكان لە عێراق ئەو راستیەی پشتڕاستكردۆەتەوە، خۆنیشاندانەكان دوا زمانی گفتوگۆی هەرێمایەتی و ناوخۆییە بۆ جێكردنەوەی هەندێك بەرژەوەندی یاخود یەكلایی كردنەوەی بەشێك لە ململانێیەكان نەك هەنگاوی چاكسازی و باشتركردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی عێراقی.
پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانە دۆخەكە خەریكە بەرەو باشتربوونێك دەچێت كە لەبەرژەوەندی هەموو ئەوانەیە كە دەیانەوێ لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پشكێكیتریان بەركەوێ و ئەوەش راستیە كە ئێران سەركەوتووانە ئیدارەی هەردوو رووداوە گرنگەكەی لوبنان و عێراقی لەیەككاتدا كرد و زیانێكی ئەوتۆ بە بەرژەوەندییەكانی نەكەوت، بۆیە تەنیا عێراقیەكان وەك هاوڵاتیان لەم مانۆڕەدا بوونەوە قوربانی و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ژیانیان روونادات، واتا ناڕەزایەتیەكانی ئەوان هەمیشە وەك دوا كارتی گفتوگۆ سەیر دەكرێت نەك وەك خواستێك بۆ جێبەجێكردن. ئەو كارتەی نیشان دەدرێ ئەگەر نەگەیشتین بە هیچ رێكەوتنێك ئەوا شەقام دەتوانێ لایەنێكی بەهێز بێت بۆ ئەوەی تەنازول بە هەموو لایەك بكات.
بۆ نموونە دەگوترێت لە چەند كاتژمێری یەكەمی خۆنیشاندانەكاندا عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی وەك سەرۆك وەزیرانی ئامادەكردووە، ئەمە مانایەكیتری هەیە كە پێش خۆنیشاندانەكان ئەو مانۆڕە سیاسیەی نێوان حزبەكان و ئەوانەیشی لەپشتەوەی ئەم حزبە عێراقیانەن كراوە، ئەگەرنا سیاسیەك خاوەن پشتیوانییەكی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وهەرێمایەتی وەك عادل عەبدولمەهدی لەسەر چ بنەمایەك بەخێرایی دەستلەكار دەكێشێتەوە؟!
ئەگەر ئەم مانۆڕە كە ناوی لێنراوە خۆنیشاندانی هاوڵاتیان! جۆرێكی دیكەی یاریكردنی نێوان هێزە شیعیەكان و خودی ئێران نەبێ، ئەی هیچ لایەنێك لە عێراق هەیە بە قەدەر سوننەكان خاوەن داواكاری بن؟ ئەوە سوننەكان نین ناوچەكانیان وێران بووە؟ ئەوە سونەكان نین لە ناوەندی حوكمڕانی و گۆڕەپانە مەزنەكەی سیاسی عێراق پشتگوێخراون؟ ئەوە سوننە نین هیچ رۆڵێكیان پێنەدراوە؟
ئەو بەشدارینەكردنەی سوننە لەم خۆنیشاندانە ئەوە دەسەلمێنێ كە مانۆڕەكە بۆ یەكخستنەوەی بەرژەوەندییەكانی شیعەیە لە عێراق و پتەوكردنی هەژموونی ئێران و گەیاندنی پەیامی ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی ناوچەكەیە نەك بەرنامەی چاكسازی و خزمەتكردنی هاوڵاتیان.
بۆیە لە كۆتایی ئەم مانۆڕە ئەوەی دەستبەتاڵ دەمێنێتەوە هاوڵاتیانی عێراقە و ئەو ژمارە قوربانییانەی لەم مانۆڕەش بەخشرا، هیچ ئامانجێكی نەپێكا كە خزمەت بە ئایندەی ژیان و دۆخی خەڵكی عێراق بكات.









