خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین:-
زۆر گلەیی لە نەبوونی درامای كوردی یان لاوازی درامای كوردی دەكرێت، هاوڵاتیانیش گلەیی لەوە دەكەن كە درامای كوردی بوونی نییە بۆیە بە ناچاری بینەری درامای بیانین، هەوڵ هەیە بە پێی تواناو ئەو ماددانەی لەبەر دەستن، دەرهێنەران و ئەكتەران هەوڵیان داوەو كەم تا زۆر خەریكن لەو بوارە، لەهەمانكاتدا ئەوانیش گلەیی خۆیان هەیەو باس لە هۆكاری كەمی دراما دەكەن، ئێستا لە هەوڵێكی ناوازەدا دەرهێنەری بەئەزموون (دكتۆر نیاز لەتیف) دەرهێنەری سینەمایی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی درامای بەختە بارانە، دەربارەی ناوەڕۆكی دراماكە ئەو دەرهێنەرە وەڵامی پرسیارەكانی خەباتی دایەوە بەمجۆرە بۆمان دوا:
چیرۆكی درامای بەختە باران
سەرەتا دكتۆر نیاز لەتیف دەربارەی ناوەڕۆك و چیرۆكی درامای بەختە باران گوتی: بەشێوەیەكی گشتی دراماكە چەند ڕەهەندی لە خۆیگرتووە، یەكەم باسی چەند كەس و گرووپ و كۆمپانیایەكی مافیا ئاسا دەكات كە چاوچنۆكانە سەرقاڵی هینانی كەلوپەلی ماوە بە سەرچوو مەوادی هۆشبەری وەكو تلیاك و ئەو شتانەن بۆ ناو كۆمەڵگا، كە لاوانی پێ لە خشتە دەبەن و چەندین باند بۆ ئەمە كار دەكات، دووەم هۆشیاری و چاوكراوەی دەزگا ئەمنییەكانە كە زۆر بە ئازایی و لێهاتویی كار لەسەر ئەم گرووپ و مافیایانە دەكەن و دەستگیریان دەكەن و گورزی كوشندەیان لێدەدەن و تۆڕەكانیان لەناو دەبەن.
275 ئەكتەر بەشدارن
دەرهێنەری دراماكە دەربارەی هەڵبژاردن و ئەكتەرەكان بەمجۆرە دوا: بە گشتی 275 ئەكتەر بەشداریان لە دراماكەدا كردووە، كە لە زۆربەی ناحیەو شارۆچكەكانی گەرمیان و دوكان و سلێمانی و هەولێر ئەكتەرمان هەیە جگە لەچەند ئەكتەرێك كە بۆ خۆمان داوامان لێكردوون بەشدار بكەن، ئەوانی دیكە بە پێی ئەو ئاگادارییەی بڵاومان كردەوە ئەكتەر هاتوون و تێست كراون و هەڵ بژێردراون ناوچە جیاجیاكان و وڵاتی میسر.
دكتۆر نیاز لەتیف بەمجۆرە لەسەر شوێن و وێنە گرتنی دراماكە دواو گوتی:بێگومان لۆكەیشنەكان جیاوازن زیاتر لە 200 لۆكەیشن لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان وێنەی لێدەگیرێت، وە چەندین لۆكەیشن لە وڵاتی میسر وێنەی لێدەگیرێت. شێوازی دراماكە وایە كە ڕووداوەكان دابەشبووە بەسەر چەندین لۆكەیشنی جیاواز.
بۆ یەكەمجارە درامای 80 زنجیرەیی
دەربارەی جیاوازی ئەم درامایە لەگەڵ دراماكانی پێشووتر دەرهێنەری درامای بەختە باران بۆچوونی وابوو: بێگومان بە ڕاشكاوی و بێ دوو دڵی دەڵێم: درامای بەختەباران وەرچەرخانێكە لە بواری دراماو فیلمی كوردی لەڕووی ناوەڕۆك و بابەت و كوالێت و توانستی ئەكتەر و زۆ ر شتی دیكە ، وە یەكەمجاریشە نەك لە ئێراق لە سەرجەم ناوچەكە كە درامایەكی 80 زنجیرە بە دوای یەكدا بێت بە بێپچڕانی بابەت، ئەتوانین بەشانازیەوە بڵێین كە بینەری كورد سات بە سات لەگەڵ دراماكەدا بێت و ببێتە بایكۆتی درامای بیانی. وە دەمەوێت بڵێم لە %80 ئەكتەرەكان بۆ یەكەمجارە دێنە بەرچاوی كامێراو سەرشاشە.
دۆبلاژ بۆ زمانی عەرەبی و توركی
دكتۆر نیاز لەتیف گوتی: درامای بەختە باران لە دەرهێنان و پرۆ داكشنی وەری میدیایە، یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كاری دراما و پرۆداكشن ئەكات، وە بۆ ئاڤا تیڤی بەرهەمدەهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دەیانەوێت بیفرۆشن بە نێت فلێكس كە ماڵپەڕێك و تەلەفزیۆنێكی جیهانییە، تەنانەت بیریشیان لەوە كردۆتەوە كە دۆبی بخەنە سەر بۆ وڵاتانی عەرەبی و توركی و تەنانەت بیانیش، ئەوە دەكەوێتە سەر وەری میدیایە كە هەر بۆ ئەو شوێنە دەبێت یان دەیدات بە شوێنی دیكە. ئێمە كاری وەبەرهێنان بۆ ئەوان دەكەین ئەوان سەرپشكن لەوەی چی لێدەكەن.
لە سینەما پیشان نادرێت
دەربارەی وەڵامی پرسیاری ئایا لە سینەما، نمایشدەكرێت یان بەس لە تیڤی لە چی تیڤیەك؟ دكتۆر نیاز لە وەڵامدا گوتی: بێگومان دراما یان كە ئێمە ناومان ناوە ڕۆمانی تەلەفزیۆن پەیوەندی بە سینەماوە نییە چونكە 80 زنجیرە لە سینەما پیشان نادرێت و لە تیڤی نمایش دەكرێت.
باسی زانستی دەوێت
بۆ وەڵامی پرسیاری هۆكار چییە؟ كە دراماو فیلمی كوردی نەیتوانیوە چاوی بینەری كورد تێر بكات؟ ئەو دەرهێنەرە بە ئەزموونە بۆچوونی وابوو: بە بۆچوونی من چەندین هۆكار هەیە كە ئەستەمە لێرەدا بە سەرپێی بتوانین باسی لێوە بكەین و هۆكارەكان دیاری بكەین، چونكە ئەمە چەندین باس و تێزی ماستەرو دكتۆرا و باسی زانستی دەوێت لەسەری بدوێین كە هۆكار چییە؟ بینەر لە هونەری بە گشتی دوورە و كاریگەرییە نێگەتیڤەكان چین وایانكردووە، بۆیە دەبێت زۆر بە وردی قسەی لە سەر بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا لێرە بە كورتی چەند هۆكارێكی سەرەكی دەخەمە ڕوو، یەكەم نەبوونی سیناریۆیەكی زۆر مەحكەم و باش بەو شێوەیە، بەڵام من لەو بڕوایەدام درامای بەختە باران یەكێكە لەو سینارێویانەی كە تاكو ئێستا درامای كوردی و دەتوانم بڵێم: لەسەر ئاستی ناوچەكەش كەم بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕووی بینای درامی و لە ڕووی ئەكتەر و لە ڕووی چنین و لە ڕووی ڕووداوەكانەوە لە ڕووی لۆكەیشنەوە، لە ڕووی بابەتەوە كە ئەمە بابەتێكی تازەیە بە لای بینەری كوردیەوە، هۆكاری دیكە، بەردەوام نەبوونی ئەكتەری كوردە لەسەر نواندن و بەرهەمهێنانی فیلم، ماوەی ساڵێك كار دەكات و 8 بۆ 9 ساڵ دادەبڕێت، هەروەها هۆكارێكی دیكە نەبوونی كۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمە، بەخۆشحاڵییەوە ئەمەی ئۆری میدیا بۆ یەكەمجارە بە ئایەتیەوە هاتۆتە مەیدانەوە هەتا كاری بەرهەمهێنان و پرۆداكشن بكات لە درامای كوردیدا، وە خۆی بخاتە ژێر ئەركی درامایەكی وا سەخت و گرانەوە، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە كە دام ودەزگا حكومییەكان و كەناڵەكانی خۆمانە كەفیلمی بیانی نەكڕن و بایەخ بەفیلمی خۆمان بدەن، بەداخەوە ئێستا تۆ كار بۆ كەناڵێك دەكەیت كەناڵێكی دیكە ئامادە نییە بڵاوی بكاتەوە. ئەمانەو چەندین هۆكار وایانكردووە كە درامای كوردی چاوی بینەر تێر نەكات.










