خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
یانە وەرزشییەكانی كوردستان لەم چەند ساڵەدا چەندین تیپی بەهێزی كچانیان لەخۆ گڕتووە توانایەكی یەكجار زۆریان لەیارییە جۆراو جۆرەكانی نێو بواری وەرزشدا هەیە كەهەمیشە بۆ چەندین جار نازناوی خولی عێراق وكوردستانیان بەدەستهێناوە، بۆ ئەم مەبەستە بەباشمانزانی كچە وەرزشوانێكی دەڤەری ئاكرێ بەچەند پرسیارێك بەسەر بكەینەوە و سەرەتا سەبارەت بەچۆنیەتی هاتنی بۆ نیو دونیای وەرزش خاتوو سۆلین ئەسعەد میرزا بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: بێگومان هەر لەمناڵییەوە خولیای وەرزشكردنم هەبوو بەتایبەتی لەقوتابخانەكان هەموو كات بەشداری چاڵاكییە وەرزشییەكانم دەكرد و زۆرجاران لەكاتی پاڵەوانیەتیەكان بەهۆی منەوە ئەنجامی بەرزمان بەدەست دەهێنا، بەڵام ماوەی 8 ساڵ لەیاری تۆپی پێ دابرام و ئێستاش بەخۆشحاڵییەوە دووبارە گەڕامەوە نێو دونیای وەرزش و ئێستا لەیانەی ئاكرێ درێژە بەیاری كردن دەدەم.
ئەو كچە یاریزانە بەشداری لەخولی عێراق كردووە و ناوبراو بۆ ئەم مەبەستە دەڵێت: لەخولی تۆپی پێی عێراق یاریم بۆ یانەی نەفت دەكرد، هەروەها لەیاری تۆپی دەستیش بۆ وەرزێك یاریم بۆ سەنحاریب كرد، دوێنێش لەشاری هەولێر بەشداریم لەخولی بەهێزكردنی ئاستی ڕاهێنەران كرد كەتیایدا بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتیم لەلایەن یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان پێ بەخشرا و لەمەولا كاری ڕاهێنەرایەتی دەكەم.
دواجار خاتوو سۆلین لەبارەی بەرنامەی مەشق وڕاهێنانی تیپەكەیان ئەوەی ئاشكرا كرد : بێكومان ئەم وەرزە دەمەوێت بەئاستێكی یەكجار بەرز بگەرێمەوە یاری كردن لەیانەی ئاكرێ، هەموو هەوڵی خۆم دەخەمە گەڕ ئەوەی لەتوانامدا بێت پێشكەشی یانەی ئاكرێ بكەم.









