فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد
ئەم دەستوورەی ئێستای عێراق، كەوا كار بۆ هەمواركردنەوەی دەكرێت، دانان و داڕشتنی بە رەزامەندی زۆرینەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق بووەو لە راپرسێكی گشتی پەسەندكرا لە2005 . كە بە باشترین و گونجاوترین دەستوور دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا كە بۆ هەموو پێكهاتەكان تاڕادەیەكی باشە گونجاوبێت. بۆیە هەمواركردنەوەی پێویستی بەو شێواز و كۆ دەنگی و میكانیزمەی كە پێی نوسراوە هەیە.
لەگەڵ هەمواركردنەوەدا، پێویستە داخوازی هەموو لایەنەكان لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر دەیانەوێت عێراق بە یەكگرتووی بمێنێتەوە، بەڵكو دەستوورەكە دەبێت وابێت، كە ماف و خواستی پێكهاتە جیاوازەكان لەخۆبگرێت، بەتایبەتی گەلی كورد و كوردستان، چونكە زۆرترین زوڵم و ستەم لە كورد كراوە لەلایەن حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە، بە رێگای دەستوور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراق.
گەلی كورد بەكەمتر لەوەی كە هاتووە لە دەستووری عێراق نابێت رازی بێت، بەواتایەكی دیكە ئەگەر هەمواری دەستوور بە ئاڕاستەی زیاتر بەرەوپێشبردنی دیموكراسی و مافی پێكهاتەكان نەبێت بەتایبەتی گەلی كوردستان، ئەوكات دەبێ لە دەستوورەكەدا ئەوە بنووسرێ كە كوردستان ئەومافەی هەبێت ئاشتیانە كار بە ئەنجامەكانی ریفڕاندۆمی 2017 بكات و حەقی ئەوەی هەبێت ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. چونكە تاكە چارەسەر بۆ كۆتاییهێنان بەو هەموو ترس و نەهامەتییە و كوشتن و ئەنفال و كیمیاباران و راگواستنی بە زۆر و پیلانی نێودەوڵەتی و ناوچەی وەك ئەوەی لە ئۆكتۆبەری 2017 دژ بە خواستی گەلی كورد ئەنجام درا دووبارە و هەزاربارە نەبێتەوە.
ئەوەش روون و ئاشكرایە كە كورد بە زۆرینەو كەمینە هیچی پێ نەكرێت لە عێراقی زۆرینەی عەرەبدا، بۆیە پێویستە كورد، یەكەم جار مەرجی خۆی هەبێت لە ناو هەمواری نوێی دەستووردا كە لە بەرامبەر هەر پێشێلكردن و بێ مافیەك دەرهەق بەكورد چارەنووسی خۆیی بەدەستی خۆی بێت، لە حاڵەتی دووەمیشدا پێویستە پەنا ببات بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەی كە هاوكار و پاڵپشتی بێت بۆ پارێزگاریكردن لە مافەكانی كە لە دەستووری ئێستادا هاتووە، تا نەوەك بەئاسانی و زۆرینەی عەرەبی عێراقی دەستوورێكی نادیموكراسی و دوور لەماف و خواستی گەلی كورد بنووسنەوەو بەسەریدا بسپێنرێت، واتا شتێك بێت لەوەی زۆریەنە دەیانەوێت نەك لەوەی كورد مافییەتی!.
لەم پێودانگانەشەوە كورد ناتوانێت دژی هەموواری دەستوور بێت، بەڵكو چاكترە لەگەڵ بێت بەرێگاو میكانیزمی خۆی. كەباشترین بژاردە مەرجی خۆی هێنانە ناوەوەی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ئامادەو بەشدار بێت لەو هەموارەی كە بەنیازە بكرێت لە دەستووری پەسندكراوی 2005 بۆئەوەی ئەگەر دژایەتی ماف و خواستەكانی گەلی كوردستان بكرێت لەلایەن لایەنی سێیەم كە زۆرینەی نەتەوەی عەرەبە، ئەو مافە بە كورد بدرێت چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی بێت و نەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر.









