پارێزەر عومەر سەیدزادە
مەسەلەی هەمواركردنەوەی دەستوور ترسێكی خستۆتە دڵی زۆرێك لە خەڵكی كوردستان و لەوە دەترسن عەرەبەكان بەسوودوەرگرتن لە زۆرینەیان لە رووی ژمارەوە دەست بۆ ئەو مافانەی كورد ببەن كە لە دەستوور چەسپێنراوە، سەرچاوەی ئەو ترسەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە لایەنی بەرامبەر چونكە تا ئێستا هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی عەرەب و عیراقی پشتگیری خۆیان بۆ فیدرالیەت دەرنەبڕیوەو فیدرالیەت بە چارەسەرێكی گونجاو نازانن بۆ كێشە نەتەوەیی و مەزهەبیەكانی عیراقی مۆزائیك، هەروا هەندێكیشیان بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ فیدرالیەت و ئەو مافانەی بە كورد دراوە نەشاردۆتەوە، هەروا شەقامیش بە دژایەتیكردنی دەستورو ئەو مافانە دنە دەدەن، تەنانەت ئەوانەی دژی فیدرالین ئۆباڵی شكستهێنانی حكومەتی عیراق و خراپیی بارودۆخی ناوەڕاست و باشوور دەخەنە ئەستۆی دەستوور و فیدرالیەت لە كاتێكدا پەیوەندی نێوانیان ئاسمان و رێسمانەو نە دەستوورو نە فیدرالیەت رێگر نین لەوەی حكومەتی فیدرالی كارەباو ئاو بۆ خەڵكەكەی ژێر دەسەلێتی دابین بكات و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنێ، بۆیە ترسێك ناخی خەڵكی كوردستانی داگرتووە و دەڵێن ئەوەی لە ساڵی2004 بەدەستمان هێناوە رەنگە ئێستا لە دەستی بدەین، بەلێم ئەوە راست نییە و پێویست ناكا بەو ئەندازەیە نیگەران ببین چونكە ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئێستاو ساڵی 2004 بكەین ئێستا پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزترە لەبەر ئەم هۆیانە:
1 ـ هەرێمی كوردستان ئامرازی دەستووریی بەدەستەوەیە بۆ رێگریكردن لە هەر هەموار كردنێكی دەستوور ئەگەر دەست بۆ كەمكردنەوەی مافەكانی كورد ببات، ئەویش بە پێی هەردوو مادەی126 و142 ی دەستوور، ئەگەر هەموار كردنەكە بە پێی مادە 126 بێت ئەوا مەرجە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بە هەمواركردنەكە بدات و دواتریش خەڵكی كوردستان لە راپرسیەكدا پەسندی بكەن، ئینجا لەسەر ئاستی عیراقدا دەخرێتە راپرسییەوە، ئەگەر بە پێی مادە 142یش بێت ئەوا دوو لەسەر سێی پارێزگاكان دەتوانن رەتی بكەنەوە و دەنگی پێ نەدەن، بۆیە عەرەب بە پشتیوانی زۆرینەیان ناتوانن شتێك بسەپێنن ئەگەر خەڵكی كوردستان خۆی پێی رازی نەبێت، ئەوەش خاڵێكی زۆر بەهێزە بۆ كورد.
2 ـ لە ساڵی 2004 كە دەستوور دەنوسرایەوە، یان بە واتایەكی دیكە كە ئەو گرێبەستە سیاسیی و قانونیە لە نێوان لایەنەكانی عێراق دەنوسرایەوە ئەگەرچی كورد لە رووی سەربازی و سیاسییەوە لەلایەنی بەرامبەر بەهێزتر بوو هەروا بەشێك بوو لە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس، هەروا لە ئێستا یەكگرتوتر بوو، بەڵام لە رووی یاساییەوە لە لایەنی بەرامبەر لاوازتر بوو، چونكە ئەوكات كورد تەنیا ئەو مافەی هەبوو كە لە یاسای حوكمی زاتی ساڵی1974 پێی درابوو كە ئەویش تەنیا چەند مافێكی رۆشنبیری بوو هیچ ماف و دەسەلێتێكی سیاسی نەبوو، بەلێم لایەنی بەرامبەر میراتگری دەسەلێتی عێراقی بوون و پشتئەستوور بوون بەو یاسایانەی لە عیراق بەركاربوون كە تەواوی دەسەڵاتی سیاسی خستبووە ناو دەستی بەغدا و هیچ مافێكی سیاسیی بە كورد نەدابوو، بۆیە ئەو كات كورد لە خاڵی سفرەوە دەستی پێكرد، ئەوكات كورد زیاتر پێویستی بەوە هەبوو لایەنی بەرامبەر رێز لە خەبات و تێكۆشان و قوربانیەكانی بگرێ و بە داواكاریەكانی رازی بێت و لایەنی بەرامبەر پێویستی بە رەزامەندی كورد نەبوو بۆ جێگیركردنی فیدرالیەت و بەخشینی دەسەڵاتی سیاسی بە هەرێمی كوردستان، پێگەی كورد لاوازتر بوو، ناچار دەبوو تەنازول لە هەندێ شت بكات بۆ لایەنی بەرامبەر و دانوستان بكات تاكو ئەو بە هەندێك داواكاری بنەڕەتی كورد رازی ببێت، بەلێم ئێستا دۆخەكە جیاوازە، ئێستا بەلایەنی كەمەوە هەرێمی كوردستان ئەو مافانەی هەیە كە لە دەستوردا جێگیر كراون، ئێستا هەر هەموارێك بیەوێ مافێك لەو مافانە كەم بكاتەوە لایەنی بەرامبەر دەكاتە داواكار و كورد دەبێتە داوالێكراو، ئەوەش پێویستی بە (بەڵێ)ی كورد هەیە، بۆیە ئێستا لە رووی یاساییەوە پێگەی كورد بەهێزترە وەك لە ساڵی2004 كە دەتوانین بڵێین ئەو كات هیچ پێگەیەكی یاسایی نەبوو، بۆیە ئێستا لایەنی كوردی ئەگەر نەشتوانێت هیچ داواكاریەكی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەر بسەپێنێت ئەوا تەنیا بە وەرگرتنی هەڵوێستێكی نەرێنی دەتوانێ كۆسپ بۆ لایەنی بەرامبەر دروست بكات.
3 ـ كورد ئێستا دەتوانێ كار لەسەر بەدەستهێنانی مافی زیاتر بكات، چونكە دەتوانێ ژمارەیەكی زۆری داواكاری بخاتەڕوو، بە پشتیوانی كارتی دەنگدان بە لایەنی بەرامبەر بڵێت ئەگەر بە هەموو یان هەندێ لە داواكاریەكانی رازی نەبێ ئەوا كوردیش لە ریفراندۆم دەنگ بە هەمواركردنەوەكە نادات بە تایبەتی ئەگەر هەموار كردنەكە بە پێی مادە142 ی دەستوور بكرێت، چونكە ئەوكات بە فەشەلهێنانی هەمواركردنەكە كورد یان هەرێمی كوردستان هیچ زەرەر ناكات بەلێم لایەنی بەرامبەر هەست بە شكست دەكات، بۆیە ئەوە هاندەریان دەبێ تاكو كورد رازی بكەن و هەندێ داواكاری تازەی قبول بكەن.
4 ـ لە ساڵی2004 هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی لە دەستووری عێراقدا دان پێدانراو نەبوون، بەلێم ئێستا ئەم قەوارەیە بوونێكی دەستووری هەیە و جێگەی خۆیشی لە كۆڕی نێو دەوڵەتی كردۆتەوە، هەروا سەرۆكێكی دەستووری هەیە، بۆیە ئێستا كوردستان مەرجەعێكی دەستووری هەیەو پشتیوانێكی نێو دەوڵەتیشی هەیە، كە لە ساڵی 2004 وانەبوو، بۆیە دەستبردن بۆ ئەو دامەزراوانە كارێكی ئاسان نییە.
5 ـ ئێستا كورد لەسەر ئاستی جیهاندا بەتایبەتی لە دوای شەڕی داعش ناوبانگێگی جوان و شەرەفماندەی هەیە وەك بەرگریكارێكی بەهێز لە ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و راوەستان لە دژی تیرۆریستان.
لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە كورد و هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی لاواز نین، بگرە لە ساڵی2004 بەهێزترن.









