خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەپێناو پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتیان و كەمبوونەوەی كاریگەرییە خراپەكانی كیسی نایلۆن لە هەموو سەمونخانەو نانەواخانەكان بڕیاری قەدەغەكردنی دراو داواشی لە هەموو نانەواخانەو سەمونخانەكان كرد، كە لەبری كیسی نایلۆن كیسی كاغەز بەكاربهێنن لەبەر ئەوەی كیسی نایلۆن زیان بەتەندرووستی هاووڵاتیان دەگەیەنێت. دیارە ئەو بڕیارە بۆ بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و لەپێناو سەلامەتی ئەواندایە، بۆیە ئەو بڕیارە دەرچووەو پێویستە نانەواخانەو سەمونخانەكان ئەو كاتەی كە ڕێككارە یاساییەكان دەرچوون و تەواو بوون پابەندی بڕیارەكە بن.
بۆ ئەو بڕیارە نانەواخانەكان چی دەڵێن..؟
سەبارەت بەو بڕیارە ڕۆژنامەی خەبات ئەو بەدواداچوونەی كردو لەسەرەتادا سەردانی ژمارەیەك نانەواخانەمان كرد:
لەگەڕەكی مەنتكاوە محەمەدی نانەوا گوتی: بڕیارێكی گرنگەو ئێمە پابەندی دەبین چونكە لەپێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیانە.
مام كاكلی نانەوا گوتی: ئەگەر زەرەرمەندیش بین ئەوا پابەندی بەكارهێنانی زەرفی كاغەز دەبین.
شاكری نانەوا گوتی: پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار چەندین جۆری زەرفی كاغەز دابین بكات و نرخی كیسی نایلۆن هەرزانترە لە زەرفی كاغەز.
سەعیدی نانەوایش گوتی: ئەگەر هاتوو بڕیارەكە تەواو بوو لەسەرلایەنی پەیوەندیدار پێویستە ئاگاداری نرخی زەرفی كاغەز بێت تا خاوەنی نانەواخانەو سەمەنخانەكان بتوانن بیكڕن.
پاراستنی تەندروستی: بەكار هێنانی نایلۆن لە نانەواخانەكان قەدەغە دەكرێت
دكتۆر سەرهەنگ جەلال جامباز بەڕێوەبەری كاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر ڕوونیكردەوە: لەڕۆژی 15/10 فەرمانێكی وەزاری لەوەزارەتی تەندروستی دەرچوو بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ڕێنماییە كە دەست بكرێت بە بەكارهێنانی كیسەی كاغەز لە جیاتی نایلۆن بۆ پارێزگاكانی هەرێم و لە ڕۆژی 15/10 فەرمانەكە دەرچوولە ئێستادا خەریكی كاركردنین لەسەر ئەو فەرمانەی وەزارەت و ئەوكارە هەربەتەنها لەلایەنوەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ئەنجام نادرێت پێویستە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دیكەی لەگەڵدابێت بۆئەو مەبەستە كۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام بدەین بۆئەوەی تاوتووی بابەتەكە بكەین و كۆبوونەوەكەش لەگەڵ نوێنەری پارێزگا بۆ ئەوەی لە قایمقامیەتەكان جێبەجێ بكرێت بەئەندامیەتی نوێنەری پیشەسازی و كارەكەش جێبەجێ دەكرێت تەنها ئالیەتەكە ماوەو كاتی دەوێت بەڵام بۆ كۆبوونەوەكەش بەئامادەبوونی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و نوێنەری كۆمپانیای دانەوێڵەو ژینگەشمان لەگەڵدایە و ئەو كاتەی كە كۆبوونەوەكەمان ئەنجامدا هەوڵ دەدەین تا ئالیەتی ئەنجامدانی كارەكان ڕێك بخەین بۆ بەكارهێنانی زەرفی كاغەزو لەنزیكەوە دەزانین كە تێچووی زەرفی كاغەز گرانترەو سەردانی ژمارەیەك لە فڕنەكانمان كردو ڕای ئەوانمان وەرگرت و لەبازاڕیش پرسیاری ئەوەمان كرد كە كاغەز بەچەندەو نایلۆنەكە بەچەندەو پەیوەندیمان كرد بە بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی تا بزانین چەند كارگە هەیە، ئەو هەنگاوەی ئێمە بۆ ئەوەیە تا كاغەزەكە هەبێت تا بتوانین فەرمانەكە جێبەجێ بكەین كۆبوونەوەكان بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێگە چارەیە بۆ بابەتەكەو كارەكەش پێویستی بەكاتی زیاتر هەیەو پێویستە هاووڵاتیان ئەوە بزانن كە نایلۆن بۆ خراپە لەبەر ئەوەی كە نایلۆن بۆ تێشكردنی سەموونی گەرم كاریگەری خراپی هەیە بۆ سەر تەندروستی خەڵكی و چەندین تیمی تەندروستیمان هەیە كە ڕۆژانە سەردانی سەموونخانەو نانەواخانەكان دەكات و لە پاك و خاوێنی ئەو شوێنانە دەپرسێتەوە جگە لەوە كارلەسەر دەرهێنانی مۆڵەتی كارتی تەندروستی دەكەن و چەند مەرجێك هەیە بۆ دەرهێنای ئەو كارتە تەندروستییە لەهەمووی زیاتر پاك و خاوێنییەو كرێكارەكان پێویستە لەكاتی دەرهێنای كارتی تەندروستی چەند پشكنینێكیان بۆ دەكرێت تا بزانن نەخۆشی گوازراوەیان هەیە یاخود نا تا خەڵكی دیكەیش تووش نەبن و تیمەكانمان لەكەمو كوڕیەكان هەرگیز نابوورن و چەندین شوێنمان لەسەر كەمتەرخەمیەكان و لەكاتی دووبارە بوونەوەی كەمتەرخەمیەكان بە پارە غەرامە دەكرێن و هەرچەندەی كەموكڕی هەبێت زیاتر سزا دەدرێت تا دەگاتە داخستن و تیمەكان بەردەوام سەردانی هەموو نانەواخانەكانی هەولێرو دەوروبەر دەكەن و هاووڵاتیان لەكاتی بینینی هەر سەرپێچیەك دەتوانن تیمەكانی لێ ئاگادار بكەنەوە تا بتوانین كاری لەسەر بكەین.
هاووڵاتیان: ئەو بڕیارە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانە
سەبارەت بە بەكارهێنای زەرفی كاغەز ژمارەیەك لە هاووڵاتیان قسەیان هەبوو، مامۆستا جەعفەر گوتی: بڕیارێكی گرنگە، بەڵام پێویستە بە زوویی جێبەجێ بكرێت و خاوی پێوە دیار نەبێت.
كەریم عەلی گوتی: پێویستە ئەو زەرفەی كە دروست دەكرێ توندوتۆڵ بێت و زوو نەدڕێت و جۆری گەورەو بچووكی هەبێت.
مام سلێمان گوتی: بڕیارێكە لەجێی خۆیەتی، بەڵام پاك و خاوێنی نانەواخانەو سەموونخانەكانیش زۆر گرنگە و مەرجی سەركەوتنی بڕیارەكەیش وابەستەی پابەندبوونی نانەواخانە و سەمونخانەكانە، ئەگەر ئەوان پێوەی پابەند نەبن واتا هیچ نەكراوە.










