فەرحان جەوهەر
ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەی ئەمڕۆ لە عێراقدا بەرپابووە ئەنجامی كۆمەڵێك هەڵەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە بە درێژایی شانزە ساڵی دوای رووخانی بەعسییەكان، كە پێیان وابوو تا ماوەیەكی درێژ یان بۆ هەتا هەتایێ دەتوانن لەسەر پێستی جیاوازی مەزهەبی درێژە بە حوكمڕانی گەندەڵكاری خۆیان بدەن، بۆیە بە هیچ شێوەیەك پێشبینییەكی لەو جۆرەیان نەكردبوو كە رۆژێك دێت ئەم شێوازە حوكمڕانییە ناتوانێت بەم ریتمە بەردەوام بێ، هەرچەندە هاتنی عادل عەبدولمەهەدی وەك كەسێكی سیاسی و رۆشنبیر و پاك و بێ باك لە كورسی و دەسەڵات سەرەتای ئومێدێكی مەزن بوو بۆ هەموو گەلانی عێراق، بەڵام دوای یەك ساڵ لە حوكمڕانیەتی عەبدولمەهدی دیارە خەڵكی باشوور بێ ئومێد بوون لە دەسەڵاتەكەی.
ئەو رووداوانەی عێراق لە خۆپیشاندان دەرچوونەو بۆتە شۆڕش، چونكە عێراق مێژوویەكی دوورودرێژی لەگەڵ شۆڕشدا هەیە و لەم بارەیەوە خاوەن رابردوویەكی خوێناوییە، ئەگەر سەردەمانێك شۆڕش وشەیەكی ئەفسووناوی بووەو هەزاران كەس لە سەرانسەری جیهان تەنها بە بیستنی ئەو وشەیە گیان و ماڵی خۆیان لە پێناو بەخت كردووە، ئەوە بۆ ئەمڕۆ شۆڕش چیتر ئەو وشە ئەفسووناوییە نییە، بەڵكو مانای توندوتیژی و تۆقاندنە، شۆڕش هەڵگری داواكاری رادیكاڵییە كە لە ئەرزی واقیعدا دوای خۆی دۆخێكی ناسەقامگیر و پڕ لە ترس و تۆقاندن بەرهەم دێنێ و رێگا بە هیچ ریفۆرمێك ناداو لە ناوخۆیدا بەرە بەرە رۆڵەكانی دەخوات و چینێكی مشەخۆرو هەڵپەرست لە بەرهەمەكەی دەخۆن و خەڵكە شۆڕشگێڕەكەش یان پەراوێز دەخرێن یان ئاوارەی وڵاتان دەبن.
شۆڕشەكەی ئەمجارەی عێراقیش ئەگەر سەریش بكەوێ لەو ئەزموونانەی پێشتری خۆی چاكتر نابێت، چونكە لە هیچ وڵاتێك ریفۆرم بە توندوتیژی ئەنجامی نەبووە یان باشتر بڵێم هەموو ئەو وڵاتە رۆژهەڵاتییانەی شۆڕشیان تیادا كراوە، جگە لە دەسەڵاتی ئیستیبدادی نموونەیەكی جوانیان بەرهەم نەهێناوە، ئەگەرچی داواكارییەكانیان رەوان، بەڵام ئامرازی هێنانەدییان جێگای ئومێد نییە و راماڵینی كۆی چینی سیاسی دەسەڵاتدار بە یەك جار داواكاری و كردەیەكی شۆڕشگێڕی و رادیكاڵییە كە ئەنجامەكەی خوێناوییە و ئەوانەی بەرەنجامی ئەم شۆڕشەش دەسەڵات وەردەگرن لەمانەی ئێستا باشتر نابن، چونكە كەس وەك عێراق لەم بارەیەوە خاوەن نموونە نییە، وێڕای ئەمەش هەموو پێدراوەو ئاماژەكانیش ئەوەمان پێدەڵێن ئەم چینە سیاسییەی ئێستای عێراق بەبێ خوێن رشتنێكی زۆر ئەم دەسەڵاتە جێناهێڵن، بۆیە پێویست بوو ئەم بزووتنەوەیە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی مەدەنیانە مابایەوەو داوای چاكسازییان بكردایەو حكوومەتیان خستبایە ژێر گوشار بۆ ئەنجامدانی لە ماوەیەكی دیاركراودا، چونكە هەموو ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ خاوەن سیستەمێكی چاكن، ریفۆرمیان بە قۆناخ تێدا كراوە.









