خەبات: هاوار مورتكەیی:-
تێگەیشتنی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بنەماكانی كە پەیوەندی لە نێوان وڵاتان و ریكخراو و پارت و نوێنەر و دیبلۆماسەكان رێك دەخات، ئامانج لێی بەرژەوەندی باڵایە لەنیوان ئەو لایەنانەدا، جیهانی ئەمڕۆش زیاتر لە هەموو جاریك پەنای بردووەتە بەر زمانی گفتوگۆ و كاری دیپلۆماسی كە بۆ هەمووان روون بووەتەوە ئەمە باشترین رێگا بووە بۆ سەركەوتنی ئامانجەكان لە هەموو بوارێكەوە، لەم سۆنگەیەشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەگەڵ دروستبوونییەوە بایەخێكی فراوانی بە پەیوەندییەكانی دەرەوەی داوە، هەمیشە ئەو دەزگایە لە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەی و بەرژەوەندییە باڵاكان داناوە، بۆ ئەم مەبەستە رۆژنامەی خەبات لە رێگای مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو پارتیەو تا چەند ئەم دەزگایە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بووە بخاتەڕوو.
كاری دیپلۆماسی لە سەردەمی رابردوودا
سەرەتا هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕاوە دواوە و بە چەند نموونەیەك ئاماژەی بەوەدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە شۆڕشی ئەیلوول تا پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەریمی كوردستان، لە پاڵ شۆڕش و خەباتدا بایەخێكی تایبەتی بە كاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەكان داوە و گوتی: یەكێك لە چالاكییە گرنگەكانی هەر حكوومەتێك بریتییە لە فراوانكردنی تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئەم حكوومەتە، چونكە زۆرجار بەرژەوەندییەكانی حكوومەتێكی تایبەت تێكهەڵكێشە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی حكوومەتەكانی دراوسێ یان وڵاتانی جیهان بەگشتی، هەر لەبەر ئەمەشە رێكخراوێكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان دروست بووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی وڵاتان لەژێر چەتری ئەو رێكخراوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بتوانن بەرژەوەندیەكانی خۆیان بپارێزن و پەیوەندییەكان فراوانتر بن، لەسەر ئەم بنەمایەش پەیوەندی ئەنجامدانی كاری دیپلۆماسیش بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگە، هەروەها بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش گرنگە، چونكە ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە و زۆر دوور نەڕۆین، بۆ سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول بڕۆین دەبینین پەیوەندییەكان لە رێگای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوونە ئەوكات كیانێكی سیاسی بەناوی حكوومەتی هەرێمەوە نەبووە، پەیوەندییە نێودەوڵەتی و سیاسی هەمووی لە رێگای سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو، بەتایبەتیش لە رێگای خوودی بارزانیی نەمرەوە بووە، هەموومان ئەوەش دەزانین كە دروشم و ئامانجی بارزانیی نەمر زۆر فراوانتر بووە لە ئامانجی پارتێك، ئەو زیاتر لەسەر ئاستی نەتەوەیی و كوردستانی بیری كردووەتەوە، ئەم پەیوەندییانە لە شەستەكان و حەفتاكان بەمشێوەیە بەردەوام بووە، دواتر پەیوەندییەكانی پارتی فراوانتر بووە بەتایبەتی دوای رێككەوتنی 11ی ئادار، دەتوانین بڵێین ئەوكات پێی نایە قۆناغێكی تر، ئەم پەیوەندییانەش تا رادەیەكی زۆر هەر لە رێگای پارتییەوە ئەنجام دراون، دوای ناوەڕاستی حەفتاكانیش پارتی دیكە دروست بوون و ئەوانیش كاری دیپلۆماسیان هەبوو، بەڵام پارتی شاسواری ئەو مەیدانە بووە، تا دەگاتە سەردەمی راپەڕین و پیكهێنانی حكوومەتی هەرێم، دیسانەوە پارتی وەكو دەزگایەكی گرنگی سیاسی هەستاوە بە كاری دیپلۆماسی، و پەیوەندی دەرەوە، بە تایبەتیش خودی سەرۆك بارزانی وەكو كەسایەتییەكی دیار رۆڵی دیاری هەبووە، بەڵام هەمیشە ئێمە ویستومانە ئەو پەیوەندییانە لە رێگای حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستانەوە ئەو خزمەتە بكرێت، راستە ئێمە لە دەزگایەكی حزبین، بەڵام هەمیشە هەوڵمانداوە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ خزمەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
لەپێش و دوای 16ی ئوكتۆبەر
دواتر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئاماژە بە كاری دیپلۆماسی لەپێش و دوای 16ی ئۆكتۆبەر كرد و گوتی: پێش 16ی ئوكتۆبەر و دوای ئەو بەروارەش، پەیوەندییەكانی هەم حكوومەت و هەم پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام بووە، بەڵام پێویستە راستییەك بڵێین و ئەو خاڵە روون بكەینەوە كە ئێمە دەوڵەت نین و ئەگەر چاوەڕوانی خەڵك لە حكوومەت بەوشێوەیە بێت كە وەكو حكوومەتیكی سەربەخۆ و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەیر بكرێت و كاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەكان ئەنجام بدات، بەراستی ئەمە چاوەڕوانییەكی دروست نییە، ئێمە لە رووی یاسای نێودەوڵەتی و چالاكی نێودەوڵەتییەوە پێمان دەگوترێت ئەكتەری نادەوڵەتی، چونكە ئێمە خاوەن دەوڵەت و كیانێكی سەربەخۆ نین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەر لە 16ی ئوكتۆبەر و دوای 16 ئوكتۆبەریش وەكو وڵاتێكی سەربەخۆ كاری دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئەنجامداوە، نموونەش زۆرن لەوانە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشوازی لێكراوە، سەرۆكی هەرێم لە لایەن سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهانی كە ئەمەریكایە پێشوزای لێكراوە، هەر ئەوەندە ئێمە خاوەن كیانی سەربەخۆی سیاسی و ئەندام نین لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لە ئاستیكی بەرز ئەنجام دراوە.
شكاندنی گەمارۆ دیپلۆماسییەكان
هۆشیار سیوەیلی لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێت: پێش 16ی ئوكتۆبەر ئێمە پەیوەندییەكی فراوانمان هەبوو، ئەوانەی پێیان وایە ریفراندۆم بە ئامانجی خۆی نەگەیشت و ئەمە بۆ لاوازی پەیوەندی ئێمە لێك بدەنەوە ئەمە لێكدانەوەیەكی مونسیف و لە جێگای خۆیدا نییە، دوای 16ی ئوكتۆبەر پیلانێكی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو، بەڵام هەنگاو و هەوڵی گەورە كە لە دوو خاڵ خۆی دەبینییەوە بوونە هۆی پووچەڵكردنەوەی ئەم پیلانە لەسەر هەرێمی كوردستان، كە ئەویش بۆ ئازایەتی و خۆڕاگری هیزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە پردێ و سحێلا دوو داستانی مەزنیان تۆمار كرد، كە ئەمە لەرووی سەربازییەوە راددەیەكی بۆ ئەو پیلانە دانا، خاڵی دووەم بریتی بوو لە كاری دیپلۆماسی ، جگە لەو ئابڵۆقە گەورەیەی كە خرابووە سەر هەرێمی كوردستان، لە هەمان كاتیش ئابلۆقەیەكی سیاسی گەورەش خرابووە سەر هەرێمی كوردستان، فڕۆكەخانەكانمان داخران و هەرچی بەرپرسی باڵای دەوڵەتان دەهاتنە عێراق، دەیانویست بێنە كوردستانیش، بەڵام بەداخەوە حكوومەتی ئەوكاتی عێراق رێگر بوو لەوەی ئەو بەرپرسانە بێنە هەولێر و پەیوەندی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بكات، زۆرێك لەوانە سەردانەكانیان بۆ عێراق رەتكردەوە، بەڵام بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو لەسەر داوەتنامەیەكی فەرمیی سەرۆكی فەڕەنسا لە رێگای توركیاوە چووە پاریس و لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن كۆبووەوە و ئەمە بووە هۆی شكاندنی ئابڵۆقە دیپلۆماسییەكە و گۆڕانكاری گەورە روویدا.
كەناڵی پەیوەندی
لەبارەی تا چەند ئەم دەزگایە لە خزمەتی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم بوو، هوشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئێمە وەكو مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، رێنمایی زۆر روونمان هەیە، راستە ئێمە وەكو حزب دەبێت پەیوەندیمان بە پارتەكانی دونیا ببەستین، كە ئەرك و كاری ئێمەیە لەگەڵ ئەو ناوەندە ستراتیژیانەی كە هەیە توێژینەوە و كۆڕ و كۆبوونەوە دەكەن، پەیوەندی ببەستین، هەروەها بەپێی ئەو رێنماییانەی كە هەیە پەیوەندی لەگەڵ فراكسیۆنی حزبییەكانی ناو پەرلەمان دەبەستین، بەڵام لەگەڵ حكوومەتەكان داندراوە بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هرێمی كوردستان، هەندێكجار كە ئێمە دەچینە هەندێ وڵات رەنگە نوێنەرایەتیی حكوومەت لەم وڵاتە وەكو پێویست نەبووبێت، ئێمە لەوكاتەدا دەبینە كەناڵێكی پەیوەندی لەگەڵ حكوومەت و ئەو لایەنەی كە دەیبینین، زۆربەی جاریش لەو دیدارانە هەر باسی ئەزموون و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو شاندانە دەكەین، بەڵام بەناوی حكوومەتەوە قسە ناكەین، هەمیشە هەوڵمانداوە هاوكاری حكوومەت بین لەم پەیوەندییانە، بەڕاستی زۆرجار ئێمە لە رووی پەیوەندی دیپلۆماسییەوە زوڵمان لێ دەكرێت، بۆنموونە هەندێجار شاندی بیانی كە دێنە هەولێر، ئەو شاندانە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی هەموو حزبەكان دەبینن، بەڵام ئیمە نابینن، چونكە سەرۆكی دەزگا باڵاكانی حكوومەت پارتی بوونە و لەگەڵ ئەوان دانیشتوون و رەنگە پێویستی نەكردبێت مەكتەبی سیاسی ئێمە ببینن.
وەك گرنگترین پارت سەیر دەكرێین
لە كۆتاییدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پەیوەندی پارتی لەگەڵ رێكخراو و كۆمەڵگای نیودەوڵەتی گوتی: ئێمە وەكو گەورەترین و گرنگترین پارتی هەرێمی كوردستان سەیر دەكرێین، ئەمەش نەوەك تەنها ئێمە بچین و هەوڵ بدەین و قەناعەت بەو لایەنانە بهێنین، بەڵكو مێژووی پارتی ئەوەی فەرزكردووە، هەروەها یەكەمین حزبیشین لە عێراق، ئەمانە خۆی بەڵگەن چ لە رووی مێژووییەوە چ لە رابردوودا یان لە ئیستادا رۆڵی دیار و كاریگەری لەسەر رووداوەكان هەبووە هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی كوردستانیش، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتركردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتەكانی دونیادا، ئێمە بێجگە لەوەی پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ بەشێكی زۆر لە پارتەكانی دەرەوە هەیە، چوار رێكخراوی گەورەی جیهانی هەیە كە وەكو چەتر وان بۆ كۆكردنەوەی پارتەكانی سیاسی لە دونیا، بۆ نموونە ئایكاپ هەیە كە ئەبێتە كۆنفرانسی حزبەكانی ئاسیا، دەتوانم بڵێم ئەمە گەورەتین رێكخراوی حزبیە لە جیهاندا، كە تیایدا حزبی كۆمۆنیستی چین و حزبی یەكگرتووی رووسیا ئەندامن لەو ریكخراوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەندامە تیایدا، دوا كۆنفرانس لە ساڵی رابردوو لە مۆسكۆ بەڕێوەچوو، ئێمە وەكو پارتی وتارمان هەبوو. هەروەها سیوەیلی زیاتر گوتی: سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال هەیە كە پارتە سۆسیاڵ دیموكراتەكان لەخۆدەگرێت، هەرچەندە ئێمە ئەندام نین لەم ریكخراوە، بەڵام رۆڵی دیارمان هەیە لەو رێكخراوە، لە زۆربەی كۆنفرانسەكانیاندا بەشدار دەبین و وتارمان هەیە، هەروەها لیبراڵ دیموكراتەكان هەن راستە ئێمە ئەندام نین لای ئەوان، بەڵام لە چالاكی و كۆبوونەوەكانیان بەشدار دەبین، دوا رێكخراو كە چەندین ساڵە هەوڵ دەدەین پەیوەندییان لەگەڵ ببەستین، كە حزبە دیموكراتەكانی دونیا لەخۆ دەگرن، IDU یەكێتیی نێودەوڵەتیی حزبە دیموكراتەكان، لە مانگی داهاتوو كۆنفرانس دەبەستن و بە فەرمی سەركردایەتیی پارتیان داوەتكردووە، ئەمە دەتوانم بڵێم پارتی لە چاو پارتەكانی دیكەی كوردستان و عێراقیش، فراوانترین و دیارترین پەیوەندی هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی كە لەگەڵ كونسوڵخانەكانیش پەیوەندی باشمان هەیە.










