لە دوای نیوەڕۆوە خۆپێشاندەرانی بەغدا لە گۆڕەپانی خەللانیی ناوەڕاستی پایتەختی عێراق گردبوونەتەوە و پێش كەمێك دۆخەكە گرژی تێكەوت و هێزە ئەمنیەكان بە گوللە و بۆمبی فرمێسكڕێژ بەرپەرچی خۆپێشاندەرانیان دایەوە، بەم هۆیەوە تا ئێستە 40 خۆپێشاندەر بریندار بوون.میدیاكانی بەغدا بڵاویان كردەوە ئێستە دوكەڵێكی ڕەش لە ئاسمانی گۆڕەپانی خەللانی ناوەڕاستی بەغدا هەڵدەستێ، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە خۆپێشاندەران توانیان ئەمڕۆ سێیەم دیواری كۆنكریتی بشكێنن و بەردەوامیشن لە شكاندنی چوارەمین دیواری كۆنكریتی، كە هەموویان ئەم بەیانیە لە گۆڕەپانەكە داندرابوون.ماڵپەڕی (ئەلئەخباریە)ی عێراق بڵاوی كردەوە ئەم ئێوارەیە 30 خۆپێشاندەر بە بۆمبی فرمێسكڕێژ و 10 خۆپێشاندەریش بە گوللەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكان بریندار بوون.لەوەتەی سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووەوە خۆپێشاندانی ناڕەزایی بەرفرەوان بەغدا و چەندین شاری تری عێراقی گرتووەتەوە، خۆپێشاندەران داوای خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی ژیان و هەلی كار دەكەن، بەڵام تا ئێستە حكومەت نەیتوانیوە بە شێوەیەك وەڵامی داواكانیان بداتەوە، كە واز لە خۆپێشاندان بێنن و بگەڕێنەوە ماڵەكانیان، لەلایەكی تریشەوە هێزە ئەمنیەكان لە مانگی ئۆكتۆبەرەوە سەدان خۆپێشاندەریان كوشتووە و بریندار كردووە، تا ئێستە ژمارەی كوژراوانی خۆپێشاندانەكان 320 كەسی تێپەڕاندووە و ڕێژەی بریندارەكانیش لە 16 هەزار كەس زیاترە.