كاروان محەمەد سینۆ
لەمێژینەوە میللەتی كورد بەردەوام كەوتۆتە بەر هەڕەشەی لەناوچوون و كوشتن و بڕین، تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی40 ساڵی رابردوو، دەبینین كە لەم ماوەیەدا 4500 گوندمان وێران كراوە،182 هەزار كەس كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە هەڵمەتەكانی ئەنفال بێ سەروشوێن كراون، 12 هەزار گەنجی فەیلی بێ سەروشوێن كراون،8 هەزار بارزانی لە تەمەنی10 تاكو 90 ساڵ بێ سەروشوێن كراون، سەرتاسەری كوردستان كیمیاباران كراوە، تەنانەت لە هەڵەبجە لە ماوەی دوو سێ خولەكدا5 هەزار كەس كە80% یان ژن و منداڵ بوون بە ژەهری كیمیایی شەهیدكران. كارەساتی جینۆسایدی شنگالیش درێژە پێدان بوو بۆ ئەم كارەساتانەی لەسەرەوە باسمان كرد. برا ئێزدیەكانمان وەك پێكهاتەیەكی ڕەسەنی میللەتی كورد لەمێژوودا حەفتاودوو جار دووچاری فەرمانی قەڵاچۆكردن و جینۆسایدبوون هاتوونەتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی كە ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی ڕەسەنی میللەتی كوردن و ئایین و خۆڕەوشتێكی ڕەسەنیان هەیە. بۆیە رۆژی 3ی ئاب 2014 تیرۆرستانی گۆڕبەگۆڕی (داعش) هێڕشێكی دڕندانەیان كردە سەر شاری شنگال و هۆڤانە كەوتنە گیانی برایانی ئێزدی و هەموو جۆرە تاوانێك و پاكتاوێكی رەگەزیی بەرامبەریان ئەنجامدا. پێشمەرگەو خەڵكی گیانفیدا وەكو هەمووجارێك پەنایان بردەوە بەر چیای سەركەشی شنگال و كەوتنە بەرگرییەكی قارەمانانە لە مەزاری شێخ شەرفەدین و نەیانهێش تیرۆرستانی (داعش) بگەنە چیای شنگال و مەزاری شێخ شەرفەدین. لەو بارودۆخەی ئەو كاتەدا، ئێزدیخان كەوتە بەر هەڕەشەی لەناوچوون. لەم هەل و مەرجەدا (ئەوكات) شاندێكی ئێزدیخان كە پێكهاتبوون لە بابە شێخ و چەند ریشسپی و پیاوماقوڵانی ئێزدی خان، چوونە لای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و پێیان ڕاگەیاند كە “ئیتر تەواو. ئێزدیخان تەواوبوو”، بەڵام جەنابی سەرۆك بە بابەشێخ و ریشسپیانی ئێزدیخان گوت: “نەخێر، ئاوا بیرمەكەنەوە، ئەوكاتە ئێزدیخان تەواو دەبێت، ئەگەر كوردستان تەواوبوو”. هەروەها سەرۆك بارزانی بەڵێنی بە شاندی ئێزدیخاندا كە “یان شنگال رزگار دەكەین، یان سەری خۆمانی لەسەر دادەنێین”. ئەمە بەڵێنی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو بەرامبەر داگیركردنی شنگال و لەناوبردنی ئێزدیخان. ئینجا سەۆك بارزانی و پێشمەرگە گیانفیداكانی كوردستان قۆڵی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگالیان هەڵماڵی و لە قۆناغی یەكەمدا بەسەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆكی مسعود بارزانی، رۆژی 21ی 12ی 2014 چیای شنگال رزگاركراو سەرۆك بارزانی لەسەر چیای شنگال پەیامی ئازادكردنی چیای شنگالی ڕاگەیاند، هەر لەهەمان پەیامیدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی رزگاركردنی شاری شنگالی بە برایانی ئێزدی راگەیاند. ئەوەبوو لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگال، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ لە بەرەبەیانی 13ی11ی2015 لە هێڕشێكی شێرانەدا بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مسعودی بارزانی و هەڵمەتی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری شنگال دەستی پێكرد و لە هەمان رۆژادا تەواوی شاری شنگال و دەوروبەری لە تیرۆرستانی (داعش) رزگاركرا. لەكاتێكدا كە رزگاركردنی شاری شنگال داستان و گرنگییەكی مێژوویی و سیاسییە بۆ هەموو كوردێك هەیە لە هەرشوێنێكی دونیادا، لەهەمانكاتدا رزگار كردنی شنگال بەرپرسێتییەكی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو لەلایەن سەرۆك مسعود بارزانی بەرامبەر گەل و وڵاتی خۆی. بۆیە لێرەدا و لە پێنجەم ساڵیادی رزگاركردنی شاری شنگال سوپاسی بێ پایانی سەرۆك بارزانی دەكەین كە خەمخۆری خاك و گەل و وڵاتە، سوپاسی هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەكانی سەرۆك دەكەین، سوپاسی خەباتی پێشمەرگایەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین. هەروەها سوپاسی یەكە یەكەی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەین ئەوانەی بەشداربوون لە رزگاركردنی شاری شنگال، سوپاسی پێشمەرگەكانی فەرماندەیی زێرەڤانی و یەكەكانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا، فەرماندەیی شنگال، فەرماندەیی دهۆك، فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانیی یەك، فەرماندەیی بارزان، لەشكری تایبەتی یەك، لەشكری گولان، لەشكری تایبەتی دوو، هێزی دژەتیرۆر، هێزی تایبەتی یەك، هێزی 32، هێزی ژینگەی دهۆك، لیوا هاوبەشەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لیوای 4 لیوای8 لیوای 12 لیوای 111ی سەر بە یەكەی حەفتا و هەروەها سوپاسی هێزە خۆبەخشەكان دەكەین كە بە ئیرادەیەكی نیشتیمانپەروەرانە بەشدارییان كردبوو لە ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی شنگال. هەروەها سوپاسی یەكەكانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان دەكەین كە ڕۆڵی كاریگەرییان هەبوو لە بەڕێوەچوونی ئۆپڕاسیۆنەكە و گەیاندنی زانیاریی دروست و هەماهەنگی لە دانانی پلانی ڕزگاركردنی شاری شنگال، شاری كوردایەتی و قوربانیدان. هەزار سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی داستانی رزگاركردنی شنگال. بەشێنەیی دەڵێم. ئازاد كردنی شاری شنگال، داستان و قارەمانێتییەكی بێ وێنەبوو كە ڕۆڵەكانی كوردستان ئەنجامیاندا و ئەوكات و ئێستا و لە داهاتووشدا ئەم داستانە كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بڕوابەخۆبوون و دوارۆژی كوردستان، بۆیە دەبێت ساڵانە یادی ئەم شكۆمەندییە بكرێت كە پێشمەرگە گیانفیداكانی كوردستان ئەنجامیانداوە. سەربەرزی و سەرفرازی بۆ سەرۆك مسعود بارزانی و پێشمەرگەكانی.









