سوورە مەرگەیی
بەرژەوەندی سیاسەت ئاراستە دەكات و وەك ئەوەی بەرژەوەندییەكان دەخوازن رێڕەوی رووداوەكان دەگۆڕێ، بۆیە لە سیاسەتدا شتێك نییە بەناوی گلەیی لە دۆستایەتی دوێنێ و پەنگ خواردنەوەی رق و كینەی ئەمرۆ، هەر وڵاتە و بە پێی دابینكردن و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی كارنامەی سیاسی خۆی دادەڕێژێ، ئەوەی من لە سیاسەتی كوردیدا دەیبینم رێك پێچەوانەی ئەو راستییەی سەرەوەیە.
زۆرێك لە بەناو سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆی كوردستان بە پێی تویتە دژ بە یەك و سەیرەكانی دۆناڵد ترامپ دەكەونە هەلەكە سەما و شەمۆتە داگرتن، ئەو رۆژەی ترامپ تویتێك دەكا دژ بە توركیا ئەو سیاسەتمەدارانە دەڵێن: ترامپ ئەردۆغان بە دەردی سەددام حوسێن دەبا و كورد لە چەوسانەوە رزگار دەكات، ئەو رۆژەش كە تویتێك دەكا و بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەرژەوەندیی كورد نییە، دەكەونە گلەیی كردن و دەڵێن: ترامپ بێ وەفایە. كورد بەر لەوەی گلەیی لە دۆستانی دوێنێی بكات، پێویستە گلەیی لە خۆی بكات، كاتێك حزب و لایەنێك ببێتە سەربازی پاراستنی یەكپارچەیی عێراق یان سوریا یان هەر داگیركارێكی تری كوردستان، بۆ دەبێ گلەیی لە ئەمەریكا یان هەر وڵاتێكی تر بكات كە كورد بەجێدێڵێ، ئاخر ئەوانەی دەبنە سەربازی پاراستنی یەكپارچەیی وڵاتانی داگیركاری كوردستان، واتە ئەو وڵاتە وڵاتی هەموانە و پێكهاتەكانیشی دەتوانن بە برایەتی و دوور لە چەوسانەوە بە یەكەوە بژین.
كورد پێویستە گلەیی لەو روانینە حزبییە بكات كە ئەم حزب و ئەو حزب لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی حزبییەوە بۆ چارەسەری پرسی كورد دەڕوانن، پەكەكە بە خەیاڵی برایەتی گەلان و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرگەرم بووە و هەوڵدەدات كوردبوون و كوردایەتی لەبیر خەڵك بەرێتەوە، پەیەدە هیچ كاتێك داوای نەكردووە كوردی بێ ناسنامە لە دەرەوەی سوریا بژی، لە 16ی ئۆكتۆبەر دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق گیرا و هێنرایەوە كەركووك و شانازیشیان بەوەوە دەكرد كە كەركووك رزگار كراوە و گەڕێنراوەتەوە باوەشی نیشتمان، لێرەدا دەپرسم، توخوا هەڵوێستی ئەو لایەنانە بۆ كورد كارەسات هێنەرە، یان ئەوەی ئەمەریكا كورد جێبێڵێ؟









