بڕوا ڕەمەزان ساڵەیی
ئەگەرچی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق حەیدەر عەبادی لە 9/12/2017 كۆتاییهاتنی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، هەروەها سەرۆكی ئەمریكاش كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی لە 27/10/2019 ڕاگەیاند، بەڵام داعش كۆتاییهاتنی هێرشەكانی بۆ سەر هێزە عێراقییەكان ڕانەگەیاندو ناوە ناوە هێرشی دەكردە سەر هێز و دامودەزگا نەوتییەكان و خاڵە سنوورییەكان و تیرۆركردنی موختار و كەسایەتییە عێراقییەكان، هەروەها لە زۆربەی شوێنەكانی عێراقیش خانەی نهێنی و نووستووی هەبووە و هەوڵیداوە بوونی خۆی بسەلمێنێ و هێزو هەواڵگری عێراقییش ترسیان لێ نەبڕێت، ماوەیەكیشە داعش جموجۆڵەكانی بەتەواوی زیادی كردووە و تەنانەت لە هەندێك ناوچەش بە مەفرەزە یاخود بە ئۆتۆمبێل دەسوڕێنەوە بەتایبەت لە ناوچەكانی پردێ و دوبز و حەویجەش بینراون، جگە لەوەش بنكەو بارەگایان هەیە و بەتەواوی ترسیشیان بۆ هێزە عێراقییەكان دروستكردووەو لە چەندین شوێنیش شەوانە هاتووچۆ قەدەغەیە و تەنانەت هێزە عێراقییەكانش ناتوانن بەشەوان بە ڕێگاكاندا بڕۆن. ئەو ئەگەرانەی كە دەبنە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش
– ناكۆكی ئەمریكا و عێراق لەسەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
- بڕیاردانی هەسەدە لە شەڕنەكردن لەگەڵ داعشدا، بەهۆی هێرشەكانی توركیا.
- ململانێی سیاسی نێوان كوتلە سیاسییەكان و بەتاڵبوونی شوێنە گرنك و هەستیارەكان.
- چۆڵبوونی ناوچەی سوننە مەزەب و هەڵاتنیان بەرەو كوردستان.
- زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و بێكاری.
- نەبوونی خزمەتگوزاری و پشتگوێ خستن بەتایبەت لەو شوێنانەی كە سوننە مەزەبن و تازە ئازادكراون.
- نەبوونی هێزێكی تۆكمە لەناوچە سوننە مەزەبەكان.
- بۆشایییەكی زۆری ناوچە سنوورییەكان بەتایبەت نێوان سوریا و عێراق.
- نەبوونی سوپایەكی نیشتمانی و بەهێز لە عێراق.
-زۆربوونی میلیشیاكان.
- كێشەی عەشایەری.
- كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا.
- هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.
- هەڵاتنی زیندانییەكی زۆری داعش لە سووریا.
- دەستی دەرەكی بۆ دروستبوونەوەی داعش و سوودوەرگرتن لەو بارودۆخە و فڕۆشتنی چەك بە عێراق.
- دەستی كۆنە بەعسییەكان ئەگەر چی بیروبۆچوونی جیاوازیشیان هەیە.
- بوونی داعش لە هەندێك شوێن بەتایبەت لە چیاكانی قەرەچوغ و زنجیرە چیاكانی حەمرین و جەزیرە و بەعاج و زۆنگ و زڵكاوەكانی حەویجە و دارستانەكانی زێی گەورە و بچووك و بیابانەكانی رۆمادی.
- سەرقاڵبوونی حكوومەتی عێراق بە خۆپیشاندانەكان و تێكەوتنی گرژی و ئاڵۆزی.
ئەم هۆكارانەی كە باسمان كرد دەرفەتێكی گەورە بە داعش دەدات كە دووبارە سەرهەڵبداتەوەو دووبارە ناوچەیەكی فراوان داگیر بكات.









