هیمداد عەبدوڵڵا خۆشناو
ئەگەر ئاوڕ لەڕابرووی دەوڵەتی عێراق لەسەرەتای دامەزراندنی تاكو ئێستا بدەینەوە، هەروەك لەسەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی پێدراوە، دەوڵەتێك بووە بەسروشتی لەدایك نەبووە، هەربۆیە دەبینین بەشی هەرەزۆری ئەو دەسەڵاتدارانەی عێراق كە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست چەند ساڵێك حوكمیان كردووە یان بە كودەتا لابراون یانیش بەزەبری هێز، سەردەمی عەبدولكەریم قاسم تا دەگاتە سەدامی دیكتاتۆر بە نمونە.
لەدوای ساڵی2003 و كۆتاییهاتنی ڕژێمی بەعس، سەردەمێكی نوێ بۆ گەلانی عێراق هاتەئاراوە، بە حوكمی ئەوەی ڕزگاریان بوو لە دیكتاتۆریەت و بەرەو خۆشگوزەرانی و حكوومەتی هاووڵاتی بوون هەنگاودەنێن و هاووڵاتی خۆی بڕیار دەدات كە چ جۆرە دەسەڵاتێك هەڵدەبژێرێت.
قۆناغەكانی بەموئەسەساتیكردنی عێراق بەنووسینەوەی دەستووری عێراق دەستی پێكرد كە مافی هەمووانی تێدا جێگیركرا بەكوردیشەوە كە بەشێكی سەرەكییە لە عێراق، لەدوای ئەوە زۆرینەی عێراقییەكان بەكوردیشەوە بەڕێژەی زیاتر لە80% دەنگیان دا بەو دەستوورە بەئومێدی ئەوەی سەرەتای بووژانەوەی عێراق بێت و كۆتایی نەهامەتییەكان بێت كە لەڕابردوودا ڕوویداوە.
بەڵام نەك ئەوە نەهاتەدی بەڵكو بەشێوازێكی توندتر لەجاران ئاڵۆزییەكان لە عێراق سەری هەڵدایەوە، هۆی ئەوەش بۆ جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی دەستوور دەگەڕێتەوە كە پێشێل كرا، زۆرترین پێشێلكاریش كە كرابێت بەرامبەر گەلی كوردستان كراوە، بەپێی وتەی شارەزایانی دەستوریش زیاتر لە شەست مادەی دەستووری كە تایبەتن بەمافەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ نەكراون، لەدیارترینیان مادەی 140ی دەستورە كە كێشەی كورد و حكوومەتی عێراقە، بۆیە كەڵەكەبوونی كێشەكان و حیساب نەكردن بۆ دەستوور و جێبەجێنەكردنی دەرەنجامەكەی عێراق بەرەو لێكترازان دەبات.
لەلایەكی تر دروستبوونی چەندین گرووپی جیاجیا و هێزی چەكداری لەدەرەوەی دەسەڵاتەكانی حكوومەت، ئەمە وایكردووە كە دۆخێكی ناسروشتی بێنێتە ئاراوە، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن كە عەقڵییەتی حكومڕانی لەبەغدا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، ئەگەر بەشێوەیەكی تر بڵێین ئەوانەی بەهەمان بیری ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی پێشووتر بیردەكەنەوە زیاترن لەوانەی كە دەیانەوێ عێراق لە ئارامی بژی و هەموو پێكهاتەكان لە عێراق بەشێوەیەكی ئاشتییانە بژین، كە سەرەنجام هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن.
هەروەك ئێستا دەبینین لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراقدا خەڵك ڕژاوەتە سەرشەقام و داوای گەڕانەوەی مافەكانیان دەكەن لە حكوومەت، ئەو مافانەی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق لێی زەوت كردوون، داواكردنی هەمواركردنەوەی دەستوور و گۆڕینی سیستەمی پەڕلەمانی بۆ سەرۆكایەتی داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەرانە، ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن كە تائێستا عێراق كەسی ڕاستگۆ و عادلی بەخۆیەوە نەبینیوە كە هەموو هاووڵاتیان هەست بكەن مافیان ناخورێ، هەرچەندە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقە لەهەوڵدایە كێشەكانی حكوومەتی پێش خۆی چارەسەر بكات، بەتایبەت لەگەڵ هەرێم، بەڵام وەك ئاماژەم پێكرد ئەستەمە ئەوانەی بە عەقلی دیكتاتۆریانە بیردەكەنەوە و لەپاڵ داواكاری خۆپیشاندەران لەهەوڵی جێبەجێكردنی مەرامی خۆیاندان لێ گەڕێن سەركەوتوو بێت و عێراق لەوگێژاوە ڕزگاری بێت، كە سەرەنجام پێموایە كەرتبوونی بەدوادادێت زوو یان درەنگ.
چونكە هەر هەمواركردنێكی دەستور بەبێ ڕەزامەندیی كورد و دەستبردن بۆ مافە ڕەواكانی كە لەدەستور جێگیركراون، لەلایەن كورد قابیلی قبوول نابێ، مانەوەی عێراق بەیەكپارچەیی بەندە بەو دەستوورە و زیاتر نیە.









