خهبات: پەریها عومەر:-
لە هەرێمی كوردستاندا زانكۆ حكومییەكان بەرزتر دەنرخێندرێن لە زانكۆ ئەهلییەكان و بۆ ئەم هۆكارەیش پاساوەكان زۆرن، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا لەڕووی ئاستی زانستییەوە جیاوازی لەنێوان زانكۆی حكومی و ئەهلیدا هەیە؟ لەم راپۆرتەدا دەمانەوێ رای مامۆستایان و قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگرین و بپرسین بەگشتی جیاوازی نێوان زانكۆی حكومی و زانكۆی ئەهلی چییە؟
نزار گزالی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆری دەروونی لەم بارەیەوە دەڵێت: لە واقیعی ئێستای هەرێمی كوردستان و بەشێكی هەرە زۆری زانكۆكان، چ زانكۆی حكومی و چ زانكۆی ئەهلی، تا بڵێی لە ئاستێكی چاوەڕوان نەكراو و خراپ دان، بابەتەكە لێرە بۆچی لەئاستێكی خراپ دان، دەبینین ساڵانە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕیزبەندی زانكۆ جیهانییەكان پلەكانی كۆتا كۆتایان گرتووە، بێگومان هەندێكیان هەر لەپۆلین و پلەبەندیەكەدانین، ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە بۆ نەوەی داهاتوو، زانكۆ بەرپرسە لە پێگەیاندنی تاكی باش و باشكردنی وڵات، ئەوەی كە دەیبینین لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەهەردوو لایەنییەوە حكومی و ئەهلی، ئەوەی لێ چاوەڕوان ناكرێت، چونكە لە ئاستێكی زۆر زۆر خراپی تەكنیكی و مەعریفی دان.
هەروەها مامۆستا نزار گوتی: ئەگەر بڵێین جیاوازی چییە لەنێوان زانكۆی حكومی و زانكۆی ئەهلی، زانكۆی حكومی وێڕای كەموكوڕییەكانی تا ڕادەیەك لە زانكۆی ئەهلی باشترە، باشییەكەی لەوەدایە لەزانكۆ حكومییەكان تا ئێستاش جۆرێك لە ڕێككاری و كۆنتڕۆڵكردن لەبابەتی ئامادەبوونی قوتابیان و مەسەلەی لێپێچینەوەدا هەیە، بەڵام زانكۆ ئەهلیەكان بەشی هەرە زۆریان چاوپۆشی لەنەهاتنی قوتابیان دەكەن و پاڵ بەقوتابیان دەكەن بۆ ئەوەی بپەڕێندرێنەوە و سەركەوتووبن، هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە كە ئەو قوتابیە بەردەوام بێت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی كە ساڵانە دەیبەخشێتە زانكۆكە، لایەنێكی تریش كە لە زانكۆ ئەهلیەكان دەردەكەوێت كە بەبەڵگە لەبەر دەستمە، كە هەڵساون بۆ پڕكردنەوەی میلاكاتی خۆیان پەنایان بردۆتە بەر مامۆستای عەرەب، لێرەدا ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە، نە مامۆستاكە دەتوانێت بەكوردی و بە شێوازێكی رەوان زانستەكە بگەیەنن، نە قوتابییەكانیش عەرەبی دەزانن، كەواتە بەقودرەتی قادر ئەو قوتابییانە تێدەگەن و سەردەكەون و دەپەڕێندرێنەوە بۆ قۆناغی داهاتوو هەردوو لاشیان بێدەنگن، ئیدی ئەوە دەبێتە پێوەر كە ساڵانە ڕیكلام بۆ خۆیان بكەن و زۆرترین قوتابی بۆ لای خۆیان ڕابكشێن، بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداری بەشێكی زۆری ئەو بابەتەن و كەچی لێی بێدەنگن، دەتوانین بڵێین زانكۆ ئەهلییەكان لەڕووی تەكنەلۆجی و پێداویستی و باڵەخانە لەزانكۆ حكومییەكان پێشكەوتووترن، كە باڵەخانەكانیان نوێترە و تاقیگە و ئامێری باشیان هەیە، بەڵام ئەوانە مەرج نین بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی باشتر، كەواتە لەڕووی جیاوازی زانستی لەنێوانیان جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە، دەكرێت هەردوو لا بەخۆیان دابچنەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت لەرووی زانستی و ئەكادیمی زانكۆ حكومییەكان تارادەیەك باشترن.
دكتۆر سیروان ئەنوەر لە كۆلیژی كارگێڕی- زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەم بارەیەوە دەڵێت: بەشێوەیەكی گشتی لە بەر نزمی ئاستی زانستی زانكۆ ئەهلیەكان، هەرچەندە زانكۆی ئەهلیەكانیش ئاستیان لە زانكۆیەكەوە بۆ زانكۆیەكی تر دەگۆڕیت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەو زانكۆیە گرنگی نەدانیانە لە زۆرینەی حاڵەتدا بە لایەنە زانستیەكەی و زاڵكردنی لایەنی بازرگانی بەسەر لایەنی ئەكادیمی، هەروەها زانكۆ ئەهلیەكان لە زۆرینەی حاڵەتدا مەبەستیان چەندایەتیە نەك چۆنایەتی، ئەمە وێڕای دەرچوواندنی قوتابیان ئەگەر دەوامیش نەكات، زۆر جار لەم رووەوە ئاسانكاری كراوەو لە خراپی كوالیتی زۆر لە دوای زانكۆ حكومیەكانە. بەشێك لە زانكۆیە ئەهلیەكان خەریكە ببێتە فرۆشگایەكی زانكۆیی تەنها مەبەست لێی سوودمەندبوونی دارایی زانكۆیەو بەخشینی بڕوانامە بە قوتابی، بەبێ رەچاوكردنی پێوەر و پێودانگە زانستییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان.
هەروەها دكتۆر سیروان گوتی: لە ڕووی ئاستەوە لە زانكۆیەكی ئەهلی بۆ زانكۆیەكی تری حكومی دەگۆڕێت، لەوانەیە زانكۆی ئەهلی ئاست بەرزمان هەبێت لە بەشێك لە زانكۆكانی حكومی ئاستیان باشتر بێ، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئاستیان نزمترە، چونكە دەوامكردن لایان لە ئاستێكی نزمە، هەروەها قوتابیەكان بە نمرەی كەمتر وەردەگیرێن، سەربارەی ئەمانەش ئەو قوتابیانەی دەچنە زانكۆیە ئەهلیەكان زیاتر بە شوێنێكی زانستی تۆكمەی تێناگەن و لەوانەیە هەندێكیان بیكەن بە سەنتەری فاشیۆن و كات بەسەربردن، ئەمە وێڕای پابەندنەبوونی زانكۆ ئەهلیەكان بە تەواوی رێنماییەكانی وەزرەتی خوێندنی باڵا، تەنانەت ئەوان بۆ مامۆستایەكانیش لایان گرنگ نیەو زۆر جار چۆنیەتی مامۆستایەكەو جۆری بڕوانامەكەی گرنگی پێنادرێت، بەڵكو مامۆستا هاوردە دەكەن لە وڵاتانی وەك هیندستان و پاكستان یان عەرەبی ئاوارە، چونكە هەم نرخی بۆندەكانیان هەرزانەو هەم گوێڕایەڵی یاساكانیان دەبن بەو شێوەیە كە لە قازانجی زانكۆیە كە نەك رووە زانستیەكەی.
دێكان علی قوتابیەكی زانكۆی حكومی سەبارەت بەم بابەتە: دەڵێت: بێگومان زانكۆی حكومی لەچاو زانكۆی ئەهلی پەسەندترە، چونكە دەكرێت بڵێین ئەو قوتابیانەی لەزانكۆ حكومیەكانن بە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی خۆیان گەشتوونەتە ئەو جێگەیە، هەروەها پابەندبوون بە كاتی دەوام و كاری ڕۆژانە لە زانكۆ حكومییەكان جدیترە لەچاو زانكۆ ئەهلییەكان.
دێكان علی گوتیشی: سەبارەت بەجیاوازی لەڕووی زانستی من پێموایە جیاوازی ئەوتۆ نابێ لەنێوانیان، چونكە بەشێكی زۆر لە مامۆستایانی زانكۆ هەمان ئەو مامۆستایانەن كە لەزانكۆ حكومیەكانیش وانە دەڵێنەوە، هەمان شێواز بەكاردەهێن، تەنها دەكرێت بڵێن جیاوازی دیار تەنها لەڕووی چەند خاڵێك بێ وەك وتم پێشتر لەزانكۆی حكومی قوتابی بە نمرەو ماندووبوونی خۆی وەرەگیرێتت و زانكۆی ئەهلی دەرفەتێكە بۆ ئەو قوتابیانە كە نمڕەیان نزمەو هەلی درێژەدان بەخوێندنیان لە زانكۆی حكومی نییە، یاخود هەندێجار بەهۆی ئەوەی قوتابی بەپارە دەخوێنێت چاوپۆشی لەهەندێ شت بكرێت لە ئامادەنەبوون، بەڵام ئەمانە لە زانكۆ حكومیەكان نابێت.
سێوە عەبدوڵڵا قوتابی پەیمانگای تەكنیكی شەقڵاوە دەڵێت: ئەوە بابەتێكی گرنگە، بەڕای من هەم حكومی هەم ئەهلی هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە تەنیا دەگەڕێتەوە سەر مامۆستاكان، لەبەر ئەوەی قوتابی لە شەشی ئامادەیی هەوڵێكی زۆر دەدات تا نمرەیەكی باش بەدەستبێنێت و من ئەوە ناكەمە پێوەر. لە زانكۆی حكومی تەنیا ئەو قوتابییەی لە شەش نمرەی بەرز دێنێ وەردەگرێت لە بەشە بەرزەكان، بەڵام لەوانەیە قوتابی نەتوانێ لە پۆلی شەش نمرەی باش بێنێت و لە بوارێكی دیكە زیرەك بێت و حەزی پێبكات، بەڵام لە زانكۆی حكومی ئەو دەرفەتە بە قوتابی نادرێت و لە زانكۆی ئەهلیدا ئەو دەرفەتە زۆرترە.









