خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
هەفتەی ڕابردوو خولی تۆپی دەستی یانەكانی كوردستان لەشاری دهۆك بەرێوەچوو، كەتیایدا 6 یانە بەشداریان كردبوو، یانەی وەرزشی هەولێریش یەكێك بوو لەو یانانەی كەلەخولەكەدا توانی بەشایستەیی پلەی یەكەمی كوردستان بەدەست بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستە و تیشك خستە سەر هەندێك خاڵی گرنگ سەبارەت بەبەرێوەچوون و بەدەستهێنانی پلەی یەكەمی خولی تۆپی دەستی كوردستان یاریزانی تۆپی دەستی یانەی هەولێر خاتوو كاژین فەرزندە ئاكرەیی بۆ خەبات ڕایگەیاند: بێگومان یەك دەستی و ئەزموونی یاریزانەكان و هاوكاری وپاڵپشتی دەستەی كارگێری یانەكە بۆتە هۆكار بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی تۆپی دەستی كوردستان ، هەروەها خولەكە خولێكی سەركەوتوو بوو لەهەموو ڕوویەكەوە، ئەگەرچی ژمارەی یانەكان وەك پێویست نەبوون ، لەكاتێكدا ئەگەر ژمارەی یانەكان زیاتر بووایە ئەوا خولەكە بەچێژتر و خۆشتر دەبوو.
سەبارەت بەخەڵاتكردنی تیپی تۆپی دەستی یانەكەیان دوای بەدەستهێنای پلەی یەكەمی كوردستان، خاتوو كاژین بۆ ئەم پرسەیش گوتی: بێگومان لەم چەند رۆژەدا چاوەڕیی دەستەی كارگێری یانەی هەولێرین كە خەڵات ودیاری بەسەر یاریزانەكان و ستافی تیپەكە بەگشتی بكات، ئەگەر چی ئەوان بەهیچ شێوەیەك دریغیان لەگەڵ ئێمە نەكردووە لەهەموو ڕوویەكەوە.









