محەمەد عومەر پێنجوێنی
چەترێك بۆ دروستبوونەوەی ئیرادەی خێر و رێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ لە كوردستان ئەوش بارەگای بارزانییە، هێمایە بۆ بارەگای مستەفا بارزانی لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەم بارەگایە هەمووكات شوێنێك بووە بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و شوێنێك بووە بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان بیروبۆچوونە جیاوازەكانی حزبە سیاسییەكان، راشكاوانەتر بارەگای بارزانی تەنیا بارەگای سەركردەیەكی سیاسی نەبووە، بەڵكو بارەگای رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بووە و هەر چوارپارچەی كوردستانیش ئەو بارەگایەیان بە مەرجەعی خۆیان زانیوە و ئەركەكانی پەیوەندی بە كۆی بوارە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانەوە هەبووە و فاكتەرێك بووە بۆ چەسپاندنی یاسا و دادپەروەری لە كۆی بوارەكانی ژیان لە كوردستاندا، لەرووی سیاسیشەوە، ئەگەر مێژووی شۆڕشی ئەیلوول بخوێنینەوە، دەبینین زۆر جاران لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقدا كێشەو گرفتی سیاسی هەبووە، بەڵام لەناو بارەگای بارزانی دا، سكرتێری حزبی شیوعی عێراق خوالیخۆشبوو عەزیز محەمەد شانازی بەوە كردووە كە بارزانی نوێنەرایەتی حزبی شیوعی بە تەنیا بكات، هەروەها زۆر جاران لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد كاژیك كێشە و گرفتی سیاسی هەبووە، بەڵام لەناو بارەگای بارزانی، مستەفا بارزانی خۆی بە ئەندامی كاژیك زانیوە و ئەوانیش شانازییان بەوە كردووە كە مستەفا بارزانی هەم سەرۆكی كاژیك بێت و هەمیش رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بێت.
بارەگای بارزانی ئەو شوێنە بووە كە پەیوەندی راستەوخۆی هەبووە لەگەڵ تەواوی رێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستان وەك هونەرمەندان، نووسەران، زانایانی ئایینی ئیسلام و تەواوی زانایانی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، نوێنەرانی هەموو نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان و…هتد، لەمەش زیاتر بارەگای بارزانی دەرگای واڵا بووە بۆ هەر تاكێكی كوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی، كە راستەوخۆ گلەیی و گازندەی خۆی لەسەر هەر پرسێك كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەیەوە هەبێت، گەیاندوویەتە ئەو بارەگایە و وەڵامی دراوەتەوە و ئێستای كوردستان پێویستی بەو ئیرادە خێرەیە كە لە ویژدانی زیندووی مسعود بارزانی یەوە بە بڕیاردان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی بارەگای بارزانی لە كوردستاندا دروست بووە.
لە بارەگای بارزانیدا مرۆڤ هەر ناسنامە و ئایین و ئایدیۆلۆژیەتێكی هەبێت،لەسەر هەر پرس و جیاوازییەك غەدری لێ بكرێت، ئەو غەدرە لادەبرێت و دووبارە ئیعتوبار بۆ كەرامەتی دەگێڕێتەوە. بارەگای بارزانی، تەنیا بارەگایەكی سیاسی نییە بەڵكو ئەم بارەگایە چەترێكە بۆ گێڕانەوەی ئیعتوبار بۆ كەرامەتی هەر تاك و گرووپ و نەتەوە و ئایین و هۆزێك كە لەلایەن بەرامبەرەكەیەوە غەدری لێ دەكرێت. كەواتە بارەگای بارزانی تەنانەت چەترێكە بۆ گێڕانەوەی ئیعتوبار كەرامت و شكۆی مرۆڤ بە هەموو واتایێكەوە. بۆیە مانا و مەغزای بارەگای بارزانی سنووری پرۆسەی سیاسەت تێدەپەڕێنێت و هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە و ئامانجی دابینكردنی سەقامگیری سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتییە.
بۆ ئێستای كوردستان كە لەلایەك پرۆسەی سیاسی جۆرێك لە ئاڵۆزی پێوە دیارە، لەسەر ئاستی ئاشتیی كۆمەڵایەتی هەوڵێك بۆ پاشاگەردانی و تێكدانی ئەو ئاشتییە بە راشكاوی بوونی هەیە، لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی حكومەت جیا لەوەی گەندەڵی و چاكسازی هەیە، لە هەمان كاتدا بەشێوەیەك لە شێوەكان دیاردەی خزم خزمێنە و خۆرەپێشكردن بوونی هەیە، لەسەر ئاستی ژیانی رۆژانەی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان كەموكورتییان هەیە، ئەوا بڕیاری دووبارە دامەزراندنەوەی بارەگای بارزانی لەلایەن بەڕێز مسعود بارزانییەوە، پێش ئەوەی بە بڕیارێكی خەمخۆرانە و بوێرانە وەسفی بكەین، دەكرێت بە ویژدانێكی زیندووی عارفانەی دابنێین كە لە شیخ عەبدولسەلامی بارزانییەوە سەرچاوە دەگرێت و لەسەر دەستی مستەفا بارزانی ناسنامەی كوردستانی بوونی بە بەردا دەكرێت. ئەم ویژدانە زیندووە عارفانەیە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت هێزی مەعنەویی بارەگای بارزانی بخرێتە خزمەت كۆی بوارەكانی ژیانی خەڵكی كوردستانەوە، ئەم هێزە مەعنەوییە دەبێتە پاڵپشت بۆ هەموو ئەو نەتەوە و ئایین و حزب و گرووپ و تاكانەی غەدریان لێدەكرێت و ئەو غەدرەی لەسەر لادەبات كە لەبەر هەر هۆیەك بەرامبەری كراوە.









