مافپەروەر: جەواد مستەفا ستوپەیی
دەستوور لە رووی هەموار كردنەوەوە دابەش دەكرێت بو دوو جور، دەستووری نەرم و دەستووری بەستەڵەك. دەسەڵاتی یاسادانان كە ئەركی چاودێریكردن و یاسادانانە لە هەر وڵاتێك دەتوانێت دەستووری نەرم هەموار بكات یان كۆتایی پێ بێنێت بە هەمان ئەو رێگا یاسا ئاساییانەی دەستوورەكە پێ دەركراوە.
بەڵام دەسەڵاتی یاسادانان ناتوانێت دەستووری بەستەڵەك هەموار بكات یان كۆتایی پێ بێنێت، بەڵكو هەموار كردنی دەستووری بەستەڵەك بەرێوشوێنی تایبەت و مەرجی قورس ئەنجامدەردرێت، كە لە ناو خودی هەمان دەستووردا دیاری كراوە، كەواتە هەموار كردنی دەستوور بە چەندین قوناغدا تێدەپەرێت، سەرەتا دەبێت لێژنەیەكی هەموار كردنی دەستوور دامەزرێت كەنوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی وڵات و لایەنە سیاسیەكان بكات. بەزۆری ئەم لێژنەیە پێكدێت لە پسپۆرانی یاسای دەستووری و سیاسەتمەدار و پسپورەكان لە بوارە جۆراو جۆرەكاندا بەتایبەتی لە بواری ئەو خاڵانەی كە پێویستن بو هەموار كردن. سەبارەت بە هەموار كردنی دەستووری عێراق، سەرەتا دەستووری عێراق دەستوورێكی بەستەڵەكە، چونكە دەستووری هەموو ئەو وڵاتانەی پەیرەوی سیستەمی فیدڕاڵی دەكەن دەبێت دەستووری بەستەڵەك بێت، بو ئەوەی هەر لایەن یان پێكهاتەیەك كە بووبە زۆرینەی ناو پەرلەمان، نەتوانێت بە ئارەزوو و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دەستووری وڵات هەموار بكات و مافی لایەن و خەڵكانیتر بن پێ بخات، كە ئەمە گەرەنتیەكە لە بنەمای دەوڵەتی فیدڕاڵیدا.
رێكارەكانی هەموار كردنی دەستووری عێراق
رێكارەكانی هەموار كردنی دەستووری عێراق لە هەردوو مادەی 142 و 126ی دەستووردا دیای كراون، بەپێی ئەم دوو مادەیە سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێكەوە یان پێنج یەكی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران مافی پێشنیار كردنی هەموار كردنی دەستووری هەیە. سەرەتا دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لێژنەیەك لە ئەندامانی پێكبێنێت كە ئەم لێژنەیە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بكات، دەبێت ئەم لێژنەیە مادە پێشنیار كراوەكان بو هەموار كردن بە رەشنووسی هەموار كردنەكەیەوە پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات، بەمەرجێك ماوەكەی لە چوار مانگ تێپەر نەكات، پاشان ئەم لێژنەیە هەڵدەوەشێتەوە. ئینجا هەموار كردنە پێشنیار كراوەكان پێكەوە دەخرێتە بەردەست ئەنجومەنی نوێنەران بو دەنگدان لەسەری، بەڵام دەبێت لە ماوەی دوو مانگ تێپەر نەكات، پێویستە رەزامەندی نیوەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بێنێت. دواتر دەدرێتە راپرسی گەڵ و دەبێت رەزامەندی زیاتر لە نیوەی دەنگدەران بەدەست بێنێت. بەڵام ئەگەر دوو لەسەر سێی سێ پاریزگا لە دژی ئەم هەموار كردنە دەنگی لەسەردا ئەوا ئەم هەموار كردنە سەرناگرێت. ئەگەر لە راپرسی سەركەوتووبوو پاشان دەدرێتە سەروك كۆمار بو پەسند كردن، بەڵام ئەگەر سەرۆك كۆمار بو ماوەی 7 روژ ئیمزای لەسەر نەكرد ئەوا هەموار كردنەكە بە پەسەند كراوی دەژمێردرێت. كەواتە ئەگەر بەپێی بنەما دەستووری و یاساییەكان بێت ئەوان ناتوانن دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستوور كەم بكەنەوە، بەڵام ئەوەی مەترسیدار لێرەدا ئەوەیە تا ئێستا پێشێل كردنی دەستوور بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق شتێكی ئاسایی بووە.
بریاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە روژی 28\10\2019 دەرچووە سەبارەت بە پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەت بە هەموار كردنی دەستووری عێراق من بە زەنگێكی مەترسیدار دەزانم بو هەرێم، چونكە حكومەتی عێراق تا ئەمرۆ بە دەیان مادەی ئەم دەستوورەی پێشێل كردووە و بەدەیان جار گوێمان لە پەرلەمانتار و بەرپرسە باڵاكانی عێراق بووە، كە دەڵێن ئەم دەستوورە زور بۆمبی تەوقیتكراوی تێدایە كە مەبەستیان دەسەڵاتە باڵاكانی هەرێمی كوردستانە كە لەم دەستوورەدا جێگیر كراون. بۆیە من بو مێژوو دەلێم ئەمانە جێگای متمانە نین، لەلای ئەمانە زور ئاساییە جارێكیتر و دەجاریتریش پێشێلی دەستوور بكەن و هەندێك كێشەی چاوەروان نەكراوی دەستووری بو كوردستان دروست بكەن، من پێموایە ئەوان هەوڵ دەدەن بو دوزینەوەی پیلانێك بو هەڵوەشاندنەوەی دەستوور بەیەكجارەكی و دووبارە نووسینەوەی دەستوور سەرلەنوێ? چونكە ئەوان دەزانن ئێستا پێگەی كورد لە بەغدا زور لاوازە پەرتوو بڵاوی بە لایەنەكانی كوردەوە دیارە، لەلایەكیترەوە بارودۆخی عێراق ناجێگیرە تا ئەوان ئەم هەلەبقوزنەوە بو كەم كردنەوەی دەسەلاتەكانی هەرێم لە هەموو بوارە جوراوجورەكاندا.
لە كاتی نووسینەوەی دەستووری فیدڕاڵی عێراق لە ساڵی 2005? لەوكات پێگەی كورد لە بەغدا زور بەهێزبوو، بە هاوكاری و ئامادەبوونی هەردوو بەرێزان مسعود بارزانی و مام جەلال و چەندین كەسایەتیتری سیاسی و یاسایی دەستووری فیدڕاڵییان نووسی، دەسەڵات و مافەكانی هەرێم لەم دەستوورەدا جێگیر كراون، بەتایبەتی لە مادەی 116 تا 123 باس لە دەسەڵاتەكانی هەرێم دەكات. هەروەها نمونەیەكیتر لە مادەی 115دا هاتووە: هەر شتێك تایبەت نەكرابێت بە دەسەڵاتەكانی فیدڕاڵی لە دەسەڵاتەكانی هەرێم و ئەو پارێزگایانەدا دەبێت كە نەبەستراونەتەوە بەهەرێم، وە ئەگەر ناكوكی لەو دەسەڵاتانەدا هەبوو كە هاوبەشن لە نێوان پسپۆرییەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵی، ئەولەویەت بو یاسای هەرێم و پارێزگاكانی نەبەستراوە بە هەرێمەوە دەبێت. كەواتە لە رووی زانستی دەستوورییەوە بە پێی ئەم مادەیە دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی دەبێتە ئیستیسناء واتە دیاریكراو دەبن وە دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم گشتی دەبن واتە دەسەلاتی زوری دەبێت.









