حەسەن هاشم باڵەكی
منداڵ ئەو بوونەوەرە پاك و بێگردەیە كە خێزان دەتوانێت چۆنی بوێت پەروەردە و گەورەی بكات، هەروەك چۆن بەگشتی دایكان و باوكان ڕۆژانە و كاتژمێر بە كاتژمێر پەروەردەی منداڵەكانیان دەكەن لە ڕێگای ڕەفتار و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ یەكتری، چونكە منداڵ بەتایبەت منداڵی خوار تەمەن دە ساڵ چ شتێك و چ ڕەفتار و كردارێك لە دایك و باوكیان ببینن ڕاستەوخۆ خەزنی دەكەن و ئەزبەری دەكەن پێیان وایە ئەمە شتێكی باشە و پێویستە ئەوانیش ئەنجامی بدەن و دووبارەی دەكەنەوە.
لە ئەنجامی ڕەفتاری دایكان و باوكان لە ماڵەوە منداڵەكان دەبن بە دوو كۆمەڵەی جیاواز، دەبینین بەشێك لە منداڵەكان هەمیشە ڕەفتاری نەشیاو و شەڕانگێز و كێشە دەنێنەوە و جنێو دەدەن، ئەمەش كاردانەوەی خودی ڕەفتار و پەروەردەی دایك و باوك و ئەو ژینگەیەیە كە لێی دەژی كە لەبەرامبەر ئەو منداڵە ئەم جۆرە ڕەفتارانەیان كردووە و منداڵەكەش دووبارەی دەكاتەوە، لە هەمانكاتدا دەبینین بەشێكیتر لە منداڵان زۆر نەرم و نیان و لەسەرخۆ و بە ڕەوشتن، كە بە گشتی لە ئێستای واقیعی كۆمەڵگەكەمان ئەمانە ڕێژەیان كەمە، كە هۆكاری ئەم ڕەفتارەشیان كاردانەوەی ئەو ژینگە هێمن و پاك و گرنگی پێدانەن كە لەماڵەوە بۆیان ڕەخساندووە، لە ساتی لە دایك بوونیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ و كاتژمێر بە كاتژمێر گرنگیان بە منداڵەكانیان داوە و كاتیان بۆ پەروەردەكردنی تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی ببێتە جێگای شانازی دایك و باوكەكەی.
قوتابی پۆلی یەكەمی سەرەتایی كاتێك كە یەكەم ڕۆژی دەوامكردنی دەست پێدەكات لە قوتابخانە تەنیا سەیری قوتابیان و ژینگە و هەڵسوكەوت و ڕەفتاری قوتابیان دەكات، دەبینین قوتابیان كام جۆری ڕەفتار ئەنجام بدەن بەهەمان شێوە دووبارەی دەكەنەوە بەبێ ئەوەی بیر لە ئەنجامەكەی بكەنەوە بە خراپ یان باش، یاخود كاتێك دەگەڕێتەوە ماڵ هەرشتێك كە بینیویەتی دەیگێڕێتەوە بۆ ماڵ، بۆیە پێویستە كاتێك قوتابی سەرەتایی كە دێتە قوتابخانە لەلایەن مامۆتایان و كارگێری قوتابخانە گرنگی زۆری پێ بدرێت هەم لە لایەنی پەروەردەیی و هەم لە لایەنی دەروونی بۆ ئەوەی قوتابیەكی ڕەوشت بەرز و پاك و خاوێن و نەرم و نیان بێت.
هەر وەك لە وێنەكەدا دیارە كە دایكێك چۆن هونەری پەروەردەكردنی منداڵەكەی بە جوانترین شێوە بەكار هێناوە لە ساتی منداڵیەوە بۆ ئەوەی فێری بكات و پەروەردەی بكات، ئافرەتێك لێی دەپڕسێ چۆن قەناعەتت بە منداڵەكەت هێناوە لەجیاتی ئەوەی كتێب بخوێنێتەوە، یاری بە ئامێرە زیرەكەكان بكات، دایكەكەش وەڵامی دایەوە: منداڵەكانمان گوێمان لێ ناگرن بەڵكو لاسایمان دەكەنەوە، بۆیە دەڵێین پەروەردەكردن هونەرە هەموو دایكێك و باوكێك نایزانێت بەڵكو دەتوانین بلێین نایانەوێ بیزانن.









