خهبات: هاوار مورتكەیی:-
هریب ئەندرادا ئیوانا Hrib Andrada Ioana ئەو كچە لاوە شەترەنجزانە رۆمانیەیە كە بەڕێكەوت كەوتە نێو دونیای شەترەنج و دواتر بەردەوامیی بە یاریكردن دەدات تا ئەوكاتەی لەسەر ئاستی رۆمانیا و ئەورووپا چەندین جار ئەنجامی باش بەدەست دەهێنێت، ئێستاش هەڵگری بڕوانامەی كاندی ماستەر و خاوەنی ریتینگی 1747ی فیدایە، لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامداوە و بەمشێوەیە باسی خۆی دەكات.
لەكوێ فێری شەترەنج بوو؟
هریب ئیوانا كە تەمەنی 18 ساڵە دەڵێت: من لە باحچەی ساوایان فێری یاری شەترەنج بووم، دەتوانم بڵێم بەرێكەوت بوو، چونكە هیچ لە ئەندامانی ماڵەوەمان شەترەنجیان نەدەكرد، كاتێك منیان بردە باخچەی ساوایان لەوێ مامۆستاكان پێیان گوتم وانەیە بە ئارەزووی خۆت هەڵبژێرە تا ئەوانیش فێرم بكەن، منیش لەوێ شەترەنجم بەرچاوكەوت و پێی سەرسام بووم و داوام كرد فێری شەترەنجم بكەن كە ئەوكات تەمەنم 6 ساڵان بوو، ئەمە لەسەر ئارەزووی خۆم بوو، خۆشبەختانەش چێژم لەو یارییە وەرگرتووە لە ژیانم.
شەترەنج بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیانم
دواتر لە بارەی گرنگیی ئەو یارییە لای ئەو گوتی: پێم وایە زۆر هۆكار لەپشت ئەوەوە بوون كە یاری شەترەنج خۆش بوێت، كە زۆر لایەنی باشی هەیە، لەسسەرووی هەموویانەوە رێژەی زیرەكی مرۆڤ بەرزدەكاتەوە، بیری مرۆڤ فراوان دەكات، شەترەنج خۆی لەنێوان زانست و هونەردا كۆدەكاتەوە، ئەمەش جوانیی شەترەنج نیشان دەدات، پێم وایە ئەم یارییە یەكێكە لە داهێنەرە جوانەكانی مرۆڤایەتی، ئەو وەسفەی كارپۆڤیش بۆ شەترەنج كردوویەتی بەسە بۆ ئەو یارییە كە دەڵێت: (شەترەنج هونەر و زانست و وەرزشە)، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست لەرووی راگەیاندنەوە بایەخی پێنەدراوە لەكاتێكدا كە جیهان لە بایەخی ئەو یارییە دەزانێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەندێ رۆژنامەنووس بایەخ بەو یارییە دەدەن پیم وایە خزمەتیكی زۆر باش بەشەترەنج دەگەیەنن، شەترەنج زۆر هاوڕێی باشی پی بەخشیم و بەبێ شەترنج چێژ لەژیان وەرناگرم و ئێستاش ئەو وەرزشە بۆتە سەرچاوەی بژێوی ژیانم.
پلەی سێیەمی ئەورووپا
ئەو خانمە شەترەنجزان كە ئێستا قوتابی قۆناغی یەكەمی زانستی كۆمپیوتەرە لەبارەی دەسكەوتەكانیەوە دەڵێت: لە ساڵی 2008 بۆیەكەمین جار بەشداری پاڵەوانێتی لاوانی رۆمانیام كرد، لە یاریی كلاسیك و راپید توانیم پلەی سێیەم بەدەست بهێنم، دواتر بەشداری پاڵەوانێتی شەترەنجی قوتابخانەكانم كرد، هەر هەمان ساڵ بەشداری پاڵەوانێتی یەكێتی ئەورووپام كرد و لە ئاستی خوار 8 ساڵیدا پلەی سێیەم بەدەستهێنا، لەمنداڵیەوە خەونی من ئەوەبوو ببمە پاڵەوانی جیهان، بەڵام دیارە بەم خەونەم نەگەیشتم بەڵام زۆرشتی دیكەی پێ بەخشیم كە بەدەر لە چاوەڕوانكردنم بوو.










