سەربەست مەنمی
بیناكردنی ئومێد و كاركردن بۆ داهاتوویەكی پرشنگدار لە قوڵایی بیر و باوەڕی ئێمەدایە، باوەڕمان بە ڕەوایەتی دۆزەكەمان هەیە، پشتئەستورین بە گەلی كوردستان، هەربۆیە لەسەر بنەمایەكی ڕاستەقینەی دەست لێدراوی هەبوو ئومێدمان بە خۆمان هەیە و كار بۆ داهاتوویەكی باشتر دەكەین، كاری ئێمە دروستكردنی هیوایە بە ئێستا و داهاتوو، دروستكردنی گەشبینییە بۆئەوەی لە گەشبینییەكانمانەوە وزەی بەردەوامی بەدەست بهێنین و لە وزەی بەدەستهاتوومانەوە ئایندە پڕشنگدار بكەین.
لە ماوەی دەست بەكاربوونیدا وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بە گەشبینییەكی زیاترەوە دەستبەكاربووە و بەردەوامی بە پرۆسەی ئاوێتەبوونی خەڵك و دەسەڵات دەدات، نزیكتر لە جاران و بە مۆدێل و ئیتۆدی سەردەمیانەتر بەشداری چالاكییە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكان دەكات، وەك هەمیشەش چاوی لە پاراستنی ژینگەیە و بەردەوام تەكەس لە پاراستنی ژینگە دەكاتەوە، بەشداری سەرۆكی هەرێم لە هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی هەولێر هەڵگری كۆمەڵێك پەیامی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە، لەسەرو هەموویانەوە ئاوێتەبوونی دەسەڵات و خەڵكە لە قوڵایی نائومێدبوونی خەڵك بە دەسەڵاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی جیهانی سێهەم، هاوكات پشتیوانی وەرزش و گیانی یەكتر قبوڵكردن و ژینگەپارێزییە وەك لە ناونیشانی ماراسۆنكەوە دەیخوێنیەوە.
بە پێچەوانەی ڕەوتی خێر و چاكەی كوردستان، ڕەوتی شەڕ و خراپەكاری بەردەوامن لە پرۆسێسسی نائومێدكردن و بەلاڕێدابردن، ڕەشبینكردن میتۆدێكی ژەهراوی گرووپ گەلێكە كە هەوڵی تێكەڵكردنی كارتەكان دەدات، لای ئەوان هەموو شتێكی ئێمە خراپە و ئێمە لەوپەڕی داڕزان و كەوتنداین، ئێمە هیچ ئومێدێكی ڕزگاری و هیچ دەرفەتێكی سەركەوتنمان نیە، لێخستن و داخزان و پەرێشانی ڕێگا و ڕێبازی تاقمێكی وێرانە ماڵ و سەرلێشێواوە كە دەیانەوێت ڕەشبینییەكانیان بكەنە تەوژمێكی بەربڵاو كە تەواوی كۆمەڵگا دابپۆشێت، ئەم تەوژم و بیر و بۆچوونە بۆ؟
هەموو نزیكبوونەوەیەكی دەسەڵات لەخەڵك و ئاوێتەبوونێك بە هاووڵاتی، هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی باوەڕمان بەئایندەیەكی باشتر هەبێت، بەشێكی گەورەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی جیاوازییە گەورەكانی دەسەڵات و گەلن، بەهاری عەرەبی دەرهاویشتەی چیە، چی وای لە گەلانی تونس و میسر و یەمەن و سوریا كرد بێنە سەرشەقام و داوای گۆڕینی دەسەڵات و سیستمی حكوم بكەن؟ دووری دەسەڵات لەخەڵك، بێباكی دەسەڵات لە هاووڵاتی و مافەكانی، هەست نەكردن بە ئازارەكانی كۆمەڵگا، نزیكترین ڕووداوەكانی ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی بێباك و دوور لەگەل خۆپیشاندانەكانی عێراقە، ئەو خۆپیشاندانەی كە دەرهاویشتەی دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی كاربەدەستە بێ باك و بێ دەربەستەكانی عێراقە، ئەگەرچی خۆپیشاندانەكانی ئەمرۆی عێراق دەستی سیاسیی و پیلانی دەوڵەتانی لەپشتە، لێ داخوازییەكانی خەڵكی خۆپیشاندەر ڕەوان لە گوزەرانێكی شایستە بە هاووڵاتیانی عێراق، بۆ ئەوانەش كە سەرقاڵی بەراوردكاری ئەزموونی هەرێمن بە ئەزموونە خراپەكانی ناوچەكە، هێند بەسە لەرۆژی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان لە عێراق، هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی لە هەولێر لە كەشێكی ئارامدا ببینن.









