ساسان دەروێش- هۆڵەندا
هیچكام لە قۆناغەكانی شۆڕش و راپەڕینەكانی كورد و كوردستانی گەورە و رووداوەكانی، وەك ئەمڕۆ كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نەبوون بەرانبەر دوژمن و داگیركارانیان، ئەمەش بە حیكمەت و لێهاتوویی و شارەزایی لە بواری كاری دیبلۆماسی، سەرۆك مەسعود بارزانی و داكۆكیكردن لە نەتەوەی كورد هەمیشە لەسەرخەت بووە، وێڕای هەموو گوشارێكی سیاسی و ئابووری، لە بەرانبەردا فەرماندەی گشتیی هەسەدە مەزڵوم كۆبانێ گوتی: سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم. ئەمەش لەكاتێكدایە سەرۆك بارزانی لە ماوەی پەلامارەكانی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان چەندینجار داوای وەستانی شەڕی كرد، لەمبارەیەشەوە چەندین دیداری لەگەڵ وەفدی وڵاتان ئەنجامدا و پێشوازی گەرمی لە ئاوارەكان كرد و محەمەدی جەستە شێوێدراو و سووتێندراوی گەیاندە فەڕەنسا و لە هەوڵدایە بۆ رزگاركردنی شەڕڤان چیچەك كۆبانی. ئەم خەسڵەتە گەورەیە لە كەسایەتیی كارێزمای سەرۆك بارزانی كۆبوونەتەوە كە وەك مەرجەعی كورد بەردەوام لە سەرخەت بووە، لە رابردووشدا زۆر نموونەی جوانی هەیە، هەر لە بانگەشەكردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و رەتكردنەوەی ئاڵای بەعس و لە جێگای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ڕەتكردنەوەی فیدراڵییەتی پارێزگاكان و پیرۆزڕاگرتنی ناوی پێشمەرگە و هەڵنەوەشاندنەوەی و جاڕدانی فیدڕاڵیەتی بۆ هەرێمی كوردستان و ناردنی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیادا بۆ كۆبانێ و كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر یەك مێز و دانانی ئاڵای كوردستان بۆی لە وڵاتانی جیاواز و پێشوازیكردنی وەك سەرۆكی كورد و تێكشكاندنی داعش و سەركەوتنی بەسەر تیرۆریستان دەنگدانەوەی جیهانی لێكەوتەوە، هەروەها رەتكردنەوەی100 ساڵەی دابەشكردنمان لە پەیماننامەی سایكس پیكۆ و جاڕدانی سەربەخۆیی كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم هەموو ئەمانە و كارەكانی تری نەتەوەی كوردی لە خەونی سەربەخۆیی نزیك كردووەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی رووداوەكانی چەند هەفتەی رابردووی رۆژئاوای كوردستان و ئەمڕۆی ناوچەكە، مێژووی خوێناوی كوردستان ئەوەمان پێ دەڵێت لە رابردوودا لە هەموو پارچەكانی كوردستان هەمان سیناریۆ و گەمەی بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا و ئەمەریكا چەندبارە بوونەتەوە وەك ئەمڕۆی رۆژئاوای كوردستان، بۆ سەركوتكردنی بەهێزبوونی دەسەڵاتی كوردی و خامۆشكردنی شۆڕش و ڕاپەڕینەكان و ژاكاندنی هێنانەدی خەون و ئامانجەكانی كورد لە رزگاربوون لە دیلی و داگیركاری، نەتەوەی كورد گەلێكی گەورەی چەند ملیۆنی و خاوەن شارستانییەت و زمان و كولتوور و دابونەریتی خۆیەتی و هەمیشە ویستویەتی بە دۆستایەتی دوور لە توندوتیژی و جەنگ پارێزگاری لە خۆی بكات و كاروباری خۆی لەدەستی خۆیدا بێت بە هەر شێوەیەك لە شێوەكانی حوكمڕانیكردنی و دەسەڵاتی لەنێو خۆیدا، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕش، نەتەوەی كورد غافڵ نەبووە، كارەكتەری هەموو رووداوەكان بووە لە پێش و پاشی جەنگە جیهانییەكان لە مەیدان ئامادەباشی هەبووە بە بارتاقەی چەندینجار سەربەخۆبوون خوێن و قوربانی بەخشیوە و كەچی نەگەیشتووە بە ئامانجەكەی كە سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتی كوردستانە، بەوەی دوژمنان و هێزمەندەكانی رۆژئاوا و ئەمەریكا هیچ كات تاسەر و بێ بەرژەوەندی هیچیان بۆ پرسی كورد و نزیكبوونەوە لە سەربەخۆییبوون نەكردووەتەوە.
دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی و دابەشكردنی میراتەكانی عوسمانی هەمیشە لایەنگر و هاوكاری دوژمنانی كوردبوون بۆ بكوژ و شەهیدكردنی رێبەرانی كورد لە راپەڕین و شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی پارچەكانی كوردستان و بە تایبەتی باكووری كوردستان كە بە دەستی توركەكان و سوودیان لە هاوسۆزی كورد و دینداریان بۆ ئیسلام و هاوكاریكردنیان بۆ عوسمانییەكان وەرگرتووە، كەچی كورد لەناوخۆ و دەستەگەری لە شەڕی هاوپەیمانەكان یارمەتی دوژمنی خۆیان داوە، بە ماڵوێرانی و كوشتن و بڕینی خۆیان بە بەڵێن و قسەی بێ بەڵگە فریودراون و دواتر پشتگوێخراون، هەر وەك لە پەیمانی سیڤەردا پەشیمانیان دەكەنەوە بۆ گۆڕینی پەیمانی لۆزان و دابەشكردنی كوردستانی گەورە، لە1919 بە بەشداری30 دەوڵەت، كۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس گیرا، شەڕی یەكەمی جیهان راگیرا و كۆتایی بە دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی هات، شەریف پاشای خەندان وەك نوێنەری كورد لە كۆنفرانسەكەدا بەشداربوو و ڕێگای پێدرا پەیامی كورد بگەیەنێت، شەریف پاشا داوای سەربەخۆیی كوردستانی كرد، لە1920 دا پەیمانی سیڤەر مۆركرا بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی كوردی، بەداخەوە لە1923 لۆزان، پەیماننامەی سیڤەری هەڵوەشاندەوە بە نامەی150 كەسایەتیی كوردی ئەوكاتە بۆ ئەتاتورك نووسیبویان دەوڵەتی سەربەخۆمان ناوێت و سەرئەنجام كوردستان دابەشكرا و دەوڵەتی توركیا دروستكرا بۆ تورك، بە هاوكاری هێزی كوردی و بە شەڕدان و كوشتن و فریودانیان لەلایەن مستەفا كەمال ئەتاتورك بەوەی كە بە برادەر و برا ناوی بردوون و دواتریش پشتی تێكردوون و قەڵاچۆی كردوون، ئەمەش بەهۆی كامڵنەبوونی هەستی نەتەوایەتی و ئینتیمانەبوون بۆ دەوڵەتبوون لەژێر كاریگەری ئیسلامبووندابووە، وێڕای لەدەستدانی ئەو هەموو رێبەرە كوردە ناسیۆنالیستانەی كە لە سەدەی نۆزدەهەم هەر لە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و سمایلخانی سمكۆ و شێخ سەعیدی پیران و ئیحسان نووری پاشا و شێخ ئەحمەدی بارزان، بەداخەوە دەستی خۆفرۆشی خۆمانیان لەگەڵدا بووە بۆ لەناوبردنیان، كە هەمان ڕووداو لەسەدەیەكی ڕابردووی خوێناوی كردنی كوردستان، چەند بارە بوونەونەتەوە لە فریودانی كورد دەمامكی درۆ لەسەر راستییەكان لادراوە و پشتیوانیكردنی هێزمەندەكانی رۆژئاوا و ئەمەریكا بوونەتە ماڵوێرانی بۆ كوردستانی گەورە، بە نموونە شێخ مەحموودی بەرزنجی مەلیكی كوردستان، حكوومەتی سەربەخۆی ئەنجامدا و ئینگلیز حكوومەتی كوردستانی كردە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی و بە برینداری شێخی لە دادگای سوپای بەریتانیا لە بەغدا دادگایی كرد، وەڵامی شێخ مەحموود لە بەرانبەر بەخستنەپاڵی تاوانەكان فەرمووی: من لەسەر خواستی گەلەكەم و بۆ دەستەبەركردنی ئازادی لەگەڵ ئێوە پەیمانم بەست بەو مەرجەی ئێوە گەرەنتیی ئەو ئازادییە بكەن، رێگام پێدان بێنە ناو نیشتیمانەكەمەوە، ئێوە لەگەڵ من درۆتان كرد و مەبەستێكی ترتان هەبوو من كە لەلایەن جەماوەری گەلەكەمەوە هەڵبژێردراو بووم بەڵێندەر و بەرپرس بووم كە لە بەرانبەر مەبەستە خراپەكانی ئێوەدا بوەستم، چاوەڕوانی ئەوە ناكەم لە لایەن دوژمنەكەمەوە خێروخۆشی رووم تێبكات و ئامادەم لە پێناوی گەلەكەمدا بمرم، بە هەمان شێوەش لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەتوانین نموونەی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بهێنینەوە. پاش ماوەیەكی كەم بە هۆكاری بەرژەوەندی باشتر و گەورەتری نێوان شای ئێران و یەكێتیی سۆڤیەت، پشت لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد كراو لە ئەنجامیشدا بەشێك لە سەركردەكانی كۆمارەكە بە خودی قازی محەمەدی سەرۆككۆماریشەوە لە سێدارەدران و بەشێكی تریشیان ئاوارە و دەربەدەری سۆڤیەت بوون، هەروەها رێككەوتنی خیانەتكارانەی جەزائیر لەنێوان عێراق و ئێران ئەو راستییە پیشان دەدات كە بۆ شكست پێهێنانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و رابەری كورد مستەفا بارزانی بوو، چونكە ئەو سازشانەی ئێران و عێراق بۆ یەكتریان كرد مەبەست لێی نە ئاوی شەتولعەرەب بوو نە ئاوی كەنداو، بەڵكوو لە ناوبردنی كورد و شۆڕشی كوردستان ئامانجی هەردوولا بوو، لەبەرچاوی ئەمەریكا و بە دەست لەپشتدانی هێنری كیسەنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوسا و چاوپۆشیكردنی سۆڤیەت و پیلانی نێونەتەوەیی سەریگرت و شۆڕش نسكۆی هێنا، بەڵام خەبات و تێكۆشانی نەتەوەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستانی گەورە نەوەستا و ڕاگەیاندنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەلایەن سەرۆك بارزانی لە 25ی ئەیلولی ساڵی2017 بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و فرۆشتنی بەشێكی كوردستان لەم قۆناغەدا بەربەستی خرایە بەردەم، بەڵام ریفراندۆم لە كات و ساتی خۆیدا خەونی كورد بەدی دەهێنێت.
سهرهتا بهدواداچوون رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان یەكبوونی كوردی بە كۆمەڵگەی جیهانی گەیاند










