ساسان دەروێش – هۆڵەندا

لە لای زۆربەی زۆرمان ، وەرزی پاییز و ڕووت بوونەوەی دارەکان لەگەڵا و هەڵوەرینیان بۆ سەر خاک بە بەدبەختی و وێنەکردنی کۆچ و مردن و جێهێشتنی ئازیزانمان دەربڕیوە ، بەپێچەوانەی هەر هەموومان شاعیر و نووسەر ، لەدیدی خۆیەوە  محەمەد عومەر عوسمان لە ڕەهدندێکی ترەوە بەڕوانیینێکی دنیادیدەی جوان و ناسکی شاعیرانەی دەڕوانێتە وەرزی پاییز و گەڵا زەردو وەریوەکانی سەر خاک ، ئەمەش زۆربەڕوونی لە دیوانە شیعری لە غوربەتا دەبینیتەوە ، کە هەر یەک لە کۆپلەکانی دنیایەک لە جوانی ئەو وەرزەی ساڵی پاییز  پێناسە دەکات و دەڵێت ئەو ڕەنگەی لەم وەرزەدا دەردەکەون ، ڕەنگی ڕاستەقینەی سروشتن کە پڕن لە جوڵەو بەرکەوتن ، شاعیر هەمیشە ویستویەتی لەم ڕوانگە جوانەی خۆی و تێکستی ژەنەڕاڵی پاییز پێمان بڵێ خۆزگە هەر چوار وەرزی ساڵ پایز بووایە ، ئەم دەنگە لە نێوانی ساڵانی هەشتاکاندا وەک شاعیرێکی هاوچەرخ  وبوێر بۆ سەردەمی خۆی دەرکەوت لەبن دەستی کورد لەژێر ڕژێمێکی زاڵمی دژ بەکورد و کوردستان کە هەمووشت یاساغ بوو، زمان کلۆمداربوو لە نێشتیمانێکی نامۆدا واتە لە غوربەتا ، شیعرەکانی کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر گەنجاون و لاوانی شارەکەدا  کە لە وکاتەدا لە دوای لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی لە  غوربەتا کە نامیلکەیەکی بچوکی بەرباخەڵ بوو چاپی یەکەمی ، لە نێو قوتابیان و گەنجاندا دەستاو دەستی دەکرد و چێژی دەبەخشیە ئازارەکانی ئەو زەمەنە پڕلەخەمە ، کە خۆی کارئەکتەری بوو لە سیماو دڵی پڕلە ووشەی سەوز و پاراو بۆ پاییز ومرۆڤایەتی ئەشکی دەڕشت ، هەر لەو زەمەنە پڕ جەنجاڵەدا ، ڕەشبینی یەکێکە لە دیارترین چەمکەکانی شیعری هاوچەرخ ، ئەم چەمکەش زۆر بەڕوون و ئاشکرا لە شیعرەکانی محەمەد عومەر عوسمان شاعیری هاوچەرخی کورد ڕەنگدانەوەی هەبوو دیارە لەژێر لایەنی دەروونی و ئەو بارودۆخەی ئەوکاتەی نیشتیمان وکۆمەڵگەمان و خەفەکردنی ئارەزوە تایبەتیەکان و سەربەستی و ئازادی و دابران و تەنیایی و خۆ بەنامۆ زانین وای کردوە شاعیر زۆر کات هانا بۆ مەرگ ببات یاخود ئارەزووی مردن بکات کە خۆیی دەڵێت ، ئەگەر هاتوو بیستت خۆم کوشت بزانە کە نەمتوانیوە ، شیعرێک بڵێم ئازارمی تیاجێهێشتووە .

ڕاكشان لەنێو تابووتی پاییز و مەرگدا چاوەڕوانکراو بوو

بەداخ و چاوی پڕلە فرمێسک بۆ شاعیر و نووسەر وهاوڕێمان، ژەنەڕاڵی پاییز محەمەد عومەر عوسمان ، لە سەمایی شەوێکی پڕلەباو هەڵوەڕینی گەڵاکانی پاییز مەرگی خۆیی ئاوێتەیی ڕەنگەکانی پاییز کرد ، شەوی 22ی ئۆکتۆبەر 2019 لە تەمەنی 62 ساڵیدا  لەماڵی خۆیدا لە گەڕەکی ئیسکان لە سلێمانی بەکارەساتێکی جەرگبڕ ماڵئاوایی لێکردین ، دواتریش پۆلیسی سلێمانی ڕایانگەیاند ئەو شاعیرە خۆی خنکاندوە و کۆتایی بەژیانی خۆیهێناوە و هەر لە مەراسیمی بەخا سپاردنی  بەئامادەبوونی کەسوکار و دۆست و هاوڕێکانی لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و شاعیران لەسەر وەسیەتی خۆیی کە زۆر گرێدراوی وەرزی پاییزبوو تابووتەکەیان بەگەڵای ئەم پاییزە داپۆشیبوو لەگەل دەربڕینی هاوخەمیی بۆ لەدەستدانی و ئەم کۆچەی لەگری سەیوان لە شاری سلێمانی  بە خاکی دایکی نیشتیمانیان سپارد ولەنێو خاکدا کۆسار ئەحمەد غوڵام  و کارزان عوسمان عەلی  هونەرمەندان و لاوگەنجی تازەپێگەیشتووی دەست وپەنچە ڕەنگینیانی لە هونەردا ڕاچەڵەکاند کە لە سەرەتایی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 مەرگی خۆیان بەدەستی خۆیان سپارد بە نامۆبوون و هەر ژەنەڕاڵی پاییز خۆشی دەڵێت ، عومریشم بەفری بەرهەتاوێکە ، هەرئەبێ بەشوێن مردنا ڕاکا .

بەشێک لە وێستگەکانی ژیانی ژەنەڕالی پاییز

شاعیرو نووسەر ،ژەنەڕالی پاییز  محەمەد عومەر عوسمان ،  خۆیی دەڵێت :  داوای شیعرێکی سەوزم لێمەکە ، بەهار لە عومری من بێ بەرییە ، بڕوانە قژی ماش و برنجیم کە دەفتەرێکی کویڕەوەرییە ، شاعیر لە ساڵی 1957 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لە نێو بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر چاوی بەدنیایی پڕلەخەم و نامۆبوون هەڵهێناوە ، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە شاری سلێمانی تەواوکردووە ، هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە دەستی بەخوێندنەوەی پەرتوک و ڕۆژنامەکان کردوە لە ساڵی 1975 هەستی جوانی تێکەڵ بە  شیعر نووسین  و بڵاکردنەوەیان کردوە ، ناوبراو وەك یەكێك لەو دەنگە شیعرییانەی كە توانی بە بەرهەمێكی كەم، بەڵام بە كاریگەرییێكی زۆر لەبواری شیعری هاوچەرخی كوردیدا دەنگدانەوەیێكی باشی هەبێت، ئەویش ئەوە دەگەیەنێت ، كە ئەم شاعیرە توانیی لەڕێگەی ئەو بەرهەمانەی بڵاوی كردۆتەوە لە دووتوێی دیوانێكدا بەناونیشانی “لەغوربەتا” ببێتە یەكێك لەو دەنگە شیعرییانەی جیاوازتر لە ئەزمونەكانی ڕابردوو . ژنەراڵی پاییز توانیی كۆمەڵێك شت تێپەڕێنێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شاعیر هەوڵی داوە لەڕێگەی ئەو زمانە شیعرییەی هەیەتی لە شیعرەكانیدا ڕەنگ بداتەوە. ڕەنگدانەوەكەش بەجۆرێك بێت كە لە شیعرەكانیدا هەستی پێدەكەین، کۆی بەرهەمەکانی لە غوربەتا دا بۆ چەند جارێکیش چاپکراوەتەوە ، تێکستی ژەنەڕالی پاییزیشی خستۆتە سەر ، چەندین هۆنراوەشی کراوەتە گۆڕانی و لەسەر زاری زۆربەمانە لە عاشقانی شیعرەکانی  بۆ هەمیشە دەوترێتەوە ، تا ئێستا دووماستەر لەسەر شیعرەکانی وەرگیراوە لە چوار نامەی دکتۆرا وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکارهاتووە و شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندوو وەرگێڕدراون ، نازناوی ژەنەڕاڵی پاییزی بۆخۆی هەڵبژاردوە لە ڕوانگەی ئەوەی بەهەمیشەیی خەمی لە مرۆڤایەتی و ڕووتبوونەوەی گەڵای دارەکان و هەڵوەرینانی بەشیعر دەربڕیوە و زۆربەی شیعرەکانی ئاوێتەن بەوجوانییەیی پاییز ، تا لە ژیانیشدا مابوو لە باخچەی گشتی پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی پەیکەرێکی بۆ دانراوە بەدەستو پەنجەیی ڕەنگینی هونەرمەند بەختیار هەڵەبجەیی نەخشینراوە ، شاعیر محەمەد عومەر عوسمان دەڵێت : ئەگەر هاتوو بیستت خۆم کوشت بزانە کە نەمتوانیوە ، شیعرێک بڵێم ئازارمی تیاجێ بێتەوە .

ڕەنگدانەوەی کەسێتی شاعیر لە ناخی دۆست و هاوڕێکانی

شاعیر ژەنەڕاڵی پاییز خۆی دەلێت : پرسەیە ئەگرم بۆ ئەم پایزە ، چەند خۆشە لەبەر شەستە بارانا ، لەسەر ئەو گەڵا زەردانە بمرم ،  من بۆ خۆم  ساسان دەروێش ، کاتێک قوتابی ئامادەیی بووم لە ناوەڕاستی ساڵەکانی هەشتا و دەستکردنم بەخوێندنەوەی یەکەم چاپی نامیلکەی لە غوربەتا، کاریگەری زۆری بۆ دروستکردم ، نەک تەنها بۆمن زۆربەی زۆری هاوتەمەنەکانم هاوشێوەی من بوون ، لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بەهۆی مامی ژەنەڕاڵی پاییز محەمەد عومەر بەناوی بەکر عوسمان ئەحمەد  ڕەوانشاد یەکترمان ناسی ، بەهۆیی ئەوەی مامی تێکۆشەرێکی دیڕینی فیکروسیاسەت وکوردایەتی بوو لە نێو شۆرشی مەزنی ئەیلول و هاورێ و نزیکی باوکی من بوو ، لەودەمەدا سەرقاڵی نووسین و کۆکردنەوەی زانیاری بووم بۆ پەرتوکی سیمایی شەهید محەمەد دەروێش نادر لە ئاگری زەمبووردا  مامی یادەوەرییەکانی بۆنووسیم و ئێستا لە پەرتوکە کەدایە وساڵی 1995 چاپ وبڵاوم کردەوە بەداخەوە ڕەوانشاد بەکر عوسمان ئەحمەد لە 11/7/2014 کۆچی دوایی کرد  ، ژەنەڕاڵی پایز زۆر شانازیی بەمام و خەبات و تێکۆشانی دەکرد ولەناخەوە هەمیشە سوپاسی منی دەکرد بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیی مامی ، لە دیدیی هاوڕییان و ڕۆشنبیران وهونەرمەندانی کوردستان ،خەمێکی قوڵ بووکە هەریەکەیان چەندین بیرەوەریان هەیە لەگەڵی وبەم شێوەیە ،

 ھەڵۆ بەرزنجەیی نوسەرو ڕوناکبیری کوردایەتی بۆ ئەم کۆستە دەڵێت :

 هاوڕێ بەرێز وناسک وخۆشەویستەکەم چاكم لە بیرە ، لەگەرمەی ئاڵۆزییەکاندا ، وتت : کاکە هەڵۆ ، من لەخەمی دلۆپێ خوێنی پەپوولەکانی کوردستانیشدام ، هاوڕیی ژەنەڕاڵ ، لەم پایزەدا 2019 چیت کرد ؟! ، هەڵوەرینی گەڵای درەختەکان بەرەوئەم کارە هانیان دایت ؟! ، یان خۆت گفتت دابوو ، هەروا زوو مەرگ یەخەت بگرێ ؟! ، ئاخر باشت دەزانی ، خەمەکان هێندە باڵایان کورت نەبوو ، تاتۆ بچیتە سەرشانیان ؟! ، خەمەکان ژانیان کەم نەبوو ، تاتۆش ببیتە ژمارەیەکی نوێ ؟!، تۆ چیت کرد ؟! ، بەرگەی دوا پەردەی شانۆکەت نەگرت ؟! ، خۆ تۆ لە مێژو لەسەنگەری بەرەنگاریدایت ! ، تۆ خۆت دەکوژیت ودڵی ئێمە داخ دەکەیت ، ڕۆحمان دەتەزێنی ، بۆ بەم سەرەتای پایزە زێرینە ، بیرت لە مەرگ کردەوە؟! ، هێشتا مابووت ، لە دارستانی پایز ، سەربازەکان بگەیەنیتە پلەی ژەنەڕاڵ ! ، دەی زوو بوو، پەردەی شانۆی ژیان بەسەر خۆتدا داخەیت ؟! ، تۆ خەمێی ققڵی دەچیتە سەر خەرمانی خەمە گرانەکان ، تۆ ئازارومەینەتێی بەسانایی لە پانتایی ژیانماندا نابڕییتەوە ؟! ، چترد ؟! هاوڕێ بۆ واتکرد ؟!، بۆ زووبەجێتهێشتین ، بۆ خۆت وشت ؟! ، هەروەها

شێرکۆ بێکەسی ڕەوانشاد لەبارەی ئەم شاعیرە گوتوویەتی:

محەمەد عومەر یەكێكە لەجوانترین پەنجەرەكانی شیعری تازەی كوردی لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، زمان لەگۆمێكی قووڵ ‌و ڕوونی پرشنگدار ئەچێت، لەدیوانەكەیدا شاعیرێك ئەبینین كە لەهاوڕێكانی سەردەمی خۆی ناچێت، وڵاتێكی تری شیعری دۆزیوەتەوە بۆ خۆی ،

هەروەها هونەرمەندی دیاری كورد عەدنان کەریم :

لەكاتی بەخاكسپاردنی تەرمی شاعیر ی کورد محەمەد عومەر عوسمان ، بە كوردستان24ی گوت: “مانگی 10 مانگێکی شووم بووە بۆ سلێمانی و کورد، لەم مانگەدا چەندین هونەرمەند و روشنبیر و کەسایەتی و سیاسیی ئەم شارە لەم مانگەدا گەڵای عومریان وەریوە، هیوادارم کۆچی کاکە محەمەد عومەر عوسمان دوا کەسی شارەکەم بێت لێمان بڕوات“.