لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی پاك راگرتنی ژینگە و خاوێن كردنەوەی شاردا،كە پێش چەند رۆژێك لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە لە سلێمانی راگەیەندرا بۆ پاك راگرتن و بەشداری كردن لە پاك كردنەوەی پاركی ئازادی لە فلتەری جگەرە، هەڵمەتێك بەڕێوە چوو. بەبەشداری زیاتر لە 30 چالاكوان و ژینگە دۆست، هەڵمەتی پاك كردنەوەی پاركی ئازادی لە فلتەری جگەرەیان رێكخست ، ?ەڵمەتەكەش زیاتر لە دوو كاتژمێر و نیوی خایاند.
دوای ئەوەی فلتەری جگەرەكانی نێو پاركەكە لەلایەن 30 چالاكوانی خۆبەخشەوە كۆكرانەوە، نزیكەی 100 برۆشوری تایبەت بە زیانەكانی جگەرە و پاك راگرتنی ژینگە و هۆشیاری ژینگەیی بەسەر ئەو رێبوارانەدا دابەش كران كە سەردانی پاركەكەیان كردبوو.دوای بەڕێوەچوونی چالاكیەكە ئەو فلتەرانەی كۆكرابوونەوە لەسەر شێوەی سییەكانی مرۆڤ هێڵكاریەكی لێ دروستكرا، بڕیارە دوای هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، ئەو هێڵكارییە لە پاركی ئازادی هەڵواسرێت ، ئەمەش بۆ رێنمایی كردن و دوور خستنەوەی رێبواران لە جگەرەكێشان و پیس كردنی ژینگە.چالاكوانی ژینگەیی، گۆران دڵشاد سەعید ناسراو بە گۆرانی نێرگز لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا كە لە ماوەی دوو كاتژمێر و نیودا توانیویانە نزیكەی 10 هەزار فلتەری جگەرە كۆبكەنەوە بۆ راگرتنی پاكو خاوێنی شار و گوتی: “دەمانەوێت كارەكە گەورەتر بكەین و چاوەڕێ دەكەین كە لەلایەن حكوومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە هاوكاری بكرێین بۆ ئەنجامدانی كار و چالاكی زیاتر كە خزمەت بە ژینگە دەگەیەنێت”.









