سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27/10/2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فالح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی کرد و جەختیش کرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا بەپێی دەستوور.
هەروەها باس لە گرنگی هەبوونی هەماهەنگی زیاتری هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کرایەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.
هەردوولاش جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە رێز لە داواکاریی ئاشتیانەی خۆپیشاندەرانی عێراقی بگیرێت و هەروەها پشتگیرییش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.









