خهبات: هەندرێن شێرزاد:-
وەك عورفێكی سەربازی ، هەمیشە ئەندامانی هێزە سەربازیە جۆراوجۆرەكانی ئەمەریكا لەسەر ئەوە راهێنراون كە دەست لە كاروباری سیاسی وڵات وەرنەدەن و ملكەچی ئەو بڕیار و فەرمانانە بن كە لە سەرووی خۆیانەوە بەدەستیان دەگات . ئەوان بە هیچ شێوەیەك گوێ بەوە نادەن سەرۆكایەتی و پلە باڵاكان لەدەستی ئەندامانی كامە پارت ولایەنی سیاسی وڵاتەكەیان دان ، بۆیە لە مێژووی ئەمەریكا كەم وا هەبووە سەركردە باڵاكانی هێزی سەربازی لە سەرۆكی وڵات هەڵبگەڕێنەوە و رەخنەی توندی ئاراستە بكەن ، بەڵام پێدەچێ ئێستا ئەم نەریتەش گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێ ، بە تایبەتی لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ گەیشتۆتە كۆشكی سپی.
حەفتەیەكی جیاواز
ژەنەراڵ و ئادمیراڵە چوار ئەستێرەكانی ئەمەریكا زیاتر بەوە ناسراون كە كەم قسە دەكەن ، ئەوان بەر لە قسەكردن بایەخ بە رێكخستنی وشە و رستەكانیان دەدەن و بە بیانووی نواندنی دڵسۆزی بۆ هێزی سەربازی و وڵات زیاتر بە بێدەنگی دەمێننەوە ، بەڵام ئەم حەفتەیە مەسەلەكان بە شێوەیەكی جیاوازتر هاتە بەر چاو و تیایدا ژمارەیەك لە گەورە سەركردەكانی سوپای ئەمەریكا رەخنەی توندیان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد ، هاوكات بەشێك لە كەسایەتیە هەرە بەناوبانگەكانی نێو سەركردە سەربازیە خانەنشینكراوەكانی ئەم وڵاتە ناڕەزایی توندیان بەرامبەر بە بڕیار و هەڵسوكەوتەكانی سەرۆكی وڵات دەربڕی . لەو بارەوە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێ : ناڕەزایی و رەخنەی ئەم سەركردانە شتێكی كەموێنەیە ، ئینجا چ سەبارەت بەو ژمارە زۆرەی هێرشیان كردۆتە سەر سەرۆك یان ئەو زمانەی ئەوان لە هێرشەكانیان بەكاریان هێناوە . بەرچاوترین ئەو وشە توندانە لەلایەن ولیام ماكرڤینی سەركردەی پێشووی كردەوە تایبەتیەكانی ئەمەریكا بوون كە لە ساڵی 2011 سەرپەرشتی هەڵمەتی كوشتنی ئوسامە بن لادنی سەرۆكی پێشووی رێكخراوی قاعیدەی كرد.
ئەمە بێ ئومێدی و سەرشۆڕیە
لە بابەتێكدا كە لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی بڵاو كرایەوە ، ماكرڤین سەرۆكی وڵات بە بڵاوكردنەوەی بێ ئومێدی و سەرشۆڕی و توڕەیی و ترس لەنێو هێزە چەكدارەكان تۆمەتبار دەكات ، هاوكات پێی وایە ترەمپ پشتی دكتاتۆر و بەهێزەكان دەگرێ و پشت لە هاوپەیمانانی ئەمەریكا دەكات . ئادمیراڵ ماكرڤین لە بابەتەكەیدا داواشی لە ترەمپ كردووە كە هەوڵی باشتركردنی هەڵسوكەوتەكانی بكات یان كۆشكی سپی چۆڵ بكات ، ئەو لەو بارەوە نووسیویەتی : ئەگەر ئەم سەرۆكە لە ئاستی ئەو سەرۆكایەتیەدا نەبێ كە ئەمەریكا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێویستی پێیەتی ، كەواتە كاتی هاتووە كەسێكی تازە كۆماری بێ یان دیموكرات ژ روو بكاتە كۆشكی سپی ، واش باشترە ئەمە بە پەلە جێبەجێ بكرێ ، چونكە چارەنووسی كۆمارەكەمان پەیوەستە بە ئەوەوە.
ژەنەراڵەكانی من!
دەكرێ بوترێ ئاراستەكردنی ئەم رەخنە توندانە لەلایەن كۆمەڵێك سەركردە و كەسایەتی وا كە مایەی رێزی ئەمەریكیەكانن ، بۆتە هۆی خولقاندنی دۆخێكی دەگمەن و كەموێنە ، بەو پێیەی دۆناڵد ترامپ سێ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ، واتە لەكاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا ئەم كەسایەتیانەی بە ژەنەراڵەكانی من وەسف كردن و لە ئیدارەكەیدا بۆ هەر یەكەیان پایە و پلەیەكی بەرزی تەرخان كرد ، ئەوەبوو جیمس ماتیسی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری و مایكل فلین و هێربرت مكماستەر بۆ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و جۆن كیلی بۆ پۆستی وەزیری ئاسایشی ناوخۆیی و دواتر بۆ پۆستی گەورە كارمەندی كۆشكی سپی دەستنیشان كرد . بەڵام ئێستا هەموو ئەو كەسایەتی و ژەنەراڵانە وازیان لە پۆستەكانیان هێناوە و تەنانەت هەندێكیان بە ئاشكرا دژایەتی ترەمپ دەكەن.
لە نێوان من و ترەمپدا
جیمس ماتیسی وەزیری بەرگری پێشووی ئەمەریكا كە لە مانگی كانونی یەكەمی رابردوو دەستی لەكار كێشایەوە ، تا رادەیەكی زۆر بێدەنگی نواند ، بەڵام دواتر ئەویش بێدەنگیەكەی شكاند و لە ئاهەنگێكی خێرخوازیدا لە ئێوارەی رۆژی 17 ی تشرینی یەكەمی 2019 لە رێگەی دەربڕینی چەند نوكتەیەكەوە رەخنەی توندی ئاراستەی ترەمپ كرد . ماتیس لە وتەكانیدا بە گاڵتەجاڕیەوە باسی لەو ماوە زۆرە كرد كە ترەمپ لە یاریگاكانی گۆلفدا بەسەری دەبات ، هەروەها نەشیشاردەوە كە چۆن ترەمپ توانیویەتی خۆی لە خزمەتی سەربازی لە ڤێتنام دوور بخاتەوە ، لەو بارەوە وتی : من لە گۆڕەپانی شەڕەوە پایەكەی خۆم پێ بڕاوە ، بەڵام سەرچاوەی پێگەكەی ترەمپ لە رێگەی نامەی دكتۆرێكەوەیە كە تیایدا بڕیاری داوە ئەو لە خزمەتی سەربازیی ببورێ.
ئەوان لەبەرچی تووڕەن؟
ئەو ژەنەراڵ و كەسایەتیانە لەبەرچی لە ترەمپ توڕەن و بەم شێوەیە رەخنەی ئاراستە دەكەن ؟ ئەمە پرسیارێكە و زۆربەی وەڵامەكان بەو ئاراستەیەن كە هۆكاری ئەم تووڕەبوونە بڕیارە سەرسوڕهێنەرەكەی سەرۆكی ئەمەریكایە سەبارەت بە كشاندنەوەی هێزە سەربازیەكان لە باكووری سووریا ، بۆ ئەوەی رووسیا ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە.
هەڵەیەكی جیۆسیاسی
رۆژنامەی گاردیان دەڵێ: زۆرێك لە ژەنەراڵ و ئادمیرالە ئەمەریكیەكان دڵتەنگی و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە بڕیارەكەی ترەمپ دەربڕیوە ، ئادمیراڵ جیمس ستافریدیسی سەرۆكی سەركردایەتی باڵای پێشووی پەیمانی ناتۆ لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی MSNBC رایگەیاند : بڕیارەكەی ترەمپ هەڵەیەكی جیۆسیاسیە و مەترسیەكی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دێنێ و كاردانەوەی ئەم بڕیارە درێژخایەن دەبێ و گومان دەخاتە سەر متمانەكردن بە ئەمەریكا وەك هاوپەیمانێك . ئادمیراڵ ستافریدیس دەشڵێت : مرۆڤ چۆن بە خەیاڵیدا بێ یەك بڕیار ببێتە مایەی بەهێزكردنەوەی داعش و دووبارە سەرخستنەوەی ئێران و رێگەدان بە بەهێزتركردنی رۆڵی ڤلادیمێر پوتن و گێڕانەوەی بەشار ئەسەدی تۆمەتبار بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بۆ پایەی دەسەڵات.
ترەمپ كێشەیەكی دیكەی خولقاند
هەمان كەناڵی تەلەفزیۆنی دیمانەیەكی لەگەڵ باری ماكاڤری ژەنەرالێ خانەنشینی چوار ئەستێرە و سەركردەی گۆڕەپانی شەڕ لە جەنگی دووەمی كەنداو ئەنجام دا ، ژەنەراڵ ماكاڤری لە دیمانەكەدا سەبارەت بە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە باكووری سووریا وتی : كشانەوە لە باكووری سووریا هیچ شرۆڤە و لێكدانەوەیەك هەڵناگرێ ، پێدەچێ ترەمپ بە تەنیا بووبێتە مایەی بەرپابوونی تەنگژەیەكی نیشتمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست . لە راستیدا سەرۆك هێزە چەكدارەكانی خستە بەردەم بارودۆخێكی زۆر نالەبار .هاوكات هربرت مكماستەری راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ رایگەیاند كە بڕیارەكەی ترەمپ دەبێتە مایەی خولقاندنی ناسەقامگیری و گەرمتركردنی شەڕی ناوخۆ لە سووریا و ناوچەكە.
سەركردە سەربازیە كۆنەكان بیر لە چی دەكەنەوە؟
ئاخۆ سەركردە سەربازیە كۆنەكانی ئەمەریكا دەربارەی سەرۆكایەتی ترەمپ بیر لە چی دەكەنەوە ؟ دەكرێ وەڵامی ئەم پرسیارەمان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی رۆژی 16 ی تشرینی یەكەمی رابردووی كۆشكی سپی لە نێوان نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا لەگەڵ ترامپ دەست بكەوێ . لەو كۆبوونەوەیەدا پیلۆسی بینرا كاتێك پەنجەی لە ترامپ راوەشاند و ئەویش هاواری دەكرد ، دواتر ترەمپ رایگەیاند كە خاتو پیلۆسی سیاسەتوانێكی پلە سێیە ، هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ژەنەرال مارك میلی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەش ئامادە بوو . ئەگەرچیش نازانرێ لەو كاتانەدا ئەم ژەنەرالە بیری لەچی دەكردەوە بەڵام سیمای دەموچاو و جولەی جەستەی زۆر شتی دەربڕی .









